کورد و فێدراليزم له ئێران
ناسر ئێرانپوور له ديمانه‌ی ته‌له‌يفوونی له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ڕی ڕه‌وانيوز:
"فێدراليزم له ئێران يانی پێک‌هێنانی حکومه‌تی نه‌ته‌وه‌يی کورد له کوردستان و به‌شداری له حکومه‌تی ناوه‌ندی له تاران"
فێدرالیزم دروشمی زۆربه‌ی حیزبه سیاسییه‌کانی کوردستانی ئێرانه. هه‌روه‌ها ساڵانێکه له لایه‌ن به‌شێکی زۆر له رێکخراوه نه‌ته‌وه‌یيه‌کانی ئێران، به تایبه‌ت کورد، "کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانی فێدرال" پێک هاتووه که ئامانجه‌که‌ی سیسته‌می ده‌سه‌ڵاتداری فێدرالیزمه له داهاتوی ئێران. به‌م مه‌به‌سته له گه‌ڵ چالاکی سیاسی، نووسه‌ر و رۆژنامه‌وان ناسر ئێرانپوور که به پسپۆڕی فێدرالیزم ناسراوه، له لایه‌ن رۆژنامه‌وان محه‌مه‌د محه‌مه‌د ("سه‌رکه‌و") وتوێژێک پێکهاتووه که ده‌قه‌که‌ی له خواره‌وه دێ.
ره‌وانیوز: ده‌کرێ سه‌ره‌تا خۆتان زیاتر به خوێنه‌رانی ماڵپه‌ڕه‌که‌مان بناسێنن؟
ناسر ئێرانپوور: من ته‌مه‌نم ده‌وری 47 ساڵه، له‌دايک‌بووی شاری سابڵاغم، ماوه‌ی25 ساڵه له وڵاتی ئاڵمان ده‌ژیم. وه‌رگێری زمانم له وڵاتی ئاڵمان. له سه‌ره‌تا لايه‌نگری رێکخراوی فیدائیانی گه‌لی ئێران (ئه‌که‌سه‌رييه‌ت) بوم. پاشان له گه‌ڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (رێبه‌رایه‌تی شۆرشگێر) تێکۆشانم هه‌بووه. ئیستا وه‌ک که‌سایه‌تی سه‌ربه‌خۆ کار ده‌که‌م. کاره‌کانم بریتین له وه‌رگێرانی بابه‌تی په‌یوه‌نديدار به کێشه‌کان و پرسی نه‌ته‌وه‌ی کورد له زمانی ئاڵمانی بۆ فارسی و کوردی. هه‌ندێک جار له سه‌ر پرسه سیاسیيه‌کانی تایبه‌ت به ئێران و کوردستان وتارم هه‌بووه و بیروڕای خۆم ده‌ربڕێوه. هه‌موو نووسراوه‌کانم له سه‌ر ماڵپه‌ڕی شه‌خسی خۆم nasser-iran.com بڵاو ده‌بنه‌وه.
ره‌وانیوز: کاک ناسر، جه‌نابتان به که‌سایه‌تێکی فێدرالیزمناس ناسراون. ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و هه‌مووه وه‌رگێڕان و بابه‌تانه‌ی که په‌یوه‌ندیدارن به فێدرالیزم و له‌لایه‌ن جه‌نابتانه‌وه ئاماده کراون. پرسیار ئه‌وه‌یه: "فێدرالیزم" یانی چی؟ ده‌کرێ کورته‌یه‌ک له‌سه‌ر مێژووی فێدرالیزم بدوێن؟
ناسر ئێرانپوور: به‌چاوان. "فێدرالیزم" ـ ئه‌گه‌ر بمه‌وێ زۆر کورت پێناسه‌ی بکه‌م ـ شتێک نیيه جگه له دابه‌ش کردنی هێزی وڵاتێک له نێوان ناوچه‌کان له لایه‌ک و حکومه‌تی ناوه‌ندی له لایه‌کی تره‌وه به شێوه‌يه‌ک له پرسه هاوبه‌شه‌کان له ناوه‌ند جێبه‌جێ بکردرێن و هه‌ر ناوچه‌يه‌ش کار و باری خۆی بۆ خۆی جێبه‌جێ بکا؛ به‌شدارکردنی ناوچه‌کان له ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی و په‌یوه‌ندی دانی ئه‌و دوو سه‌تحه، یانی ئاستی ناوه‌ندی و ئاستی ناوچه‌کان له گه‌ڵ يه‌کتر. ئه‌وه به کورتی یانی فێدرالیزم. فێدرالیزم خۆی له خۆی دا مانای دابه‌شکردن نادات، به‌ڵکوو یانی "هاوکاری"، "لێک نزیک کردنه‌وه"، "یه‌کيه‌تی". فێدرالیزم ده‌بێته هۆی دابه‌ش کردنی هێزی سیاسی، هێزی ئابوری، هێزی فه‌رهه‌نگی، هێزی ئاسايش و ئينتیزامی و هێزی ئه‌منیه‌تی و هێزی میدیا، يانی هه‌موو ئه‌و هێز‌انه که له ناوه‌ندێک کۆبوونه‌وه و ئه‌و ناوه‌نده "زۆرینه‌یه‌کی" نه‌ته‌ويی تێدا دژی و بۆته بڕیارده‌ری گشتی.
فێدرالیزم شتێکی نوێ نیيه، به‌ڵکوو مێژووی فێدرالیزم له مێژووی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی کۆنتره: هه‌روه‌ک ده‌زانین ئێمه له سه‌رتا دا چوار ئیمپراتوریمان هه‌بوو. دواتر بوون به ده ئیمپراتوری. ئیستاکه بوون به پتر له 200 ده‌وڵه‌ت. ئه‌م ئیمپراتوريانه‌ش وه‌ک حکومه‌تی ناوه‌ندی ئه‌مڕۆ نه‌بوون، به‌ڵکوو هه‌ر ناوچه‌يه‌ک بۆ خۆی ده‌زگايه‌که‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌بوو و خۆی به ڕێوه ده‌برد و ئيداره ده‌کرد. له ئێرانه‌ش هه‌ر وابووه. بۆ وێنه له ناوچه کوردییه‌کان حکومه‌ت هه‌بوون؛ بۆ وێنه ناوچه و حکومه‌تی موکوریانمان هه‌بوو، ناوچه و حکومه‌تی ئه‌رده‌ڵانمان هه‌بوو و هه‌روه‌ها ناوچه‌کانی تر. که‌واته حکومه‌تی فێدرالیزم مێژوو و ئه‌ساڵه‌تی زۆر زۆر کۆنتره له حکومه‌تی ناوه‌ندی. حکومه‌تی ناوه‌ندی به‌تايبه‌ت دوای شۆرشی فه‌رانسه بوو به باو. به شێوه‌ی نۆی دوو ڕه‌وتی مێژوويی سه‌ره‌کی فێدراليزم دیتراوه:
· بۆ وێنه سویس وا بوو که هه‌ر ناوچه‌یه‌ک بۆ خۆی حکومه‌تی خۆی هه‌بوو. پاشان هاتن به شێوازی نوێ هه‌موویان تێکه‌ڵ کردنه‌وه، ئه‌ويش بۆ به‌رنگار بوونه‌وه له به‌رامبه‌ر هێرشی ده‌ره‌کی. هه‌ڵبه‌ت هه‌ر ناوچه‌يه‌ک له نێو خۆی ئیختیاراتی خۆی به‌ده‌سته‌وه مایه‌وه، به‌ڵام هه‌ندێک کاروباری سیاسی و نیزامی به نیسبه‌ت ده‌ره‌وه پێکه‌وه سازمان دران و دران به ناوه‌ندێکی هاوبه‌ش. که واته ئه‌وان له جيايی هاتنه سه‌ر فێدرالیزم. هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م ڕێبازه ڕه‌وتێکی نێزیکمان له ئه‌مریکا هه‌بوو؛ له‌و وڵاته سه‌ره‌تا ناوچه‌کان داوایان کرد که کۆنفێدرالیزم دابمه‌رزێنن، دواتر سيسته‌مه‌که‌يان کرد به فیدراڵیزم. ئه‌مه ڕه‌وتێک بوو.
· ڕه‌وتی دووهه‌م پێچه‌وانه‌ی ئه‌م ره‌وته‌یه؛ حکومه‌تی وامان هه‌بوو که به‌تايبه‌تی دوای شۆرشی فه‌رانسه و له ژێر ناوی "ده‌وڵه‌ت ـ نه‌ته‌وه" زۆر موته‌مه‌رکز بوون، بۆ وێنه بلژیک، ئیسپانیا، کانه‌دا. ئه‌وانه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناوچه‌ی نه‌ته‌ویيان هه‌بوو، کێشه‌یان هه‌بوو، له ده‌سه‌ڵاتێکی ناوه‌ندی گه‌وره بوون به ده‌سه‌ڵاتێکی ناموته‌مه‌رکيز، به قه‌ولی عه‌ربی "لامه‌رکه‌زی" و فیدراڵ.
· جگه له‌مانه هۆی ديکه‌ش هه‌ن بۆ دامه‌زراندنی فێدرالیزم: بۆ وێنه به هۆی ئه‌وه‌ی که ده‌سه‌ڵاتی فێدرال دێموکراتيک‌تره له ده‌سه‌ڵاتێکی ناوه‌ندی. هۆی دیکه ئه‌وه‌یه که ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی له هه‌ندێ وڵات هه‌ن که به پێی هه‌لومه‌رجی تایبه‌تی وڵاته‌که ناتوانن به رێوه بچن، به هۆی ئه‌وه‌ی که وڵاته‌که پان و به‌رینه. هۆی تر ئه‌وه بووه که ويستوويانه پێش به له‌ت‌له‌ت بوونی وڵات له ڕێگای فیدراليزمه‌وه بگرن، چوونکه خه‌ڵکی به‌شێک له وڵات داوای مافی دياری کردنی چاره‌نووسيان له ڕێگای پێک‌هێنانی حکومه‌تی خۆيان کردووه. هۆی تر ئه‌وه بووه که به پێی ئه‌زموونی مێژوويی ترسيان له حکومه‌تێکی ناوه‌ندی زۆر به‌هێز (متراکم و متمرکز)ی وڵاته‌که هه‌بووه، هه‌ر بۆيه‌ش فیدراليزه‌يان کرد. که‌وایه هۆی جواروجۆر هه‌بوون و هه‌ن بۆ دامه‌زراندنی فێدرالیزم.
که چی نه‌یارانی فێدرالیزم ده‌ڵێن که "فێدرالیزم یانی شه‌قه شه‌قه کردن". ئه‌وان ده‌ڵێن که "بۆ فیدراليزم پێويسته له سه‌ره‌تا لێک جيا بينه‌وه، پاشان پێکه‌وه بنووسێينه‌وه." ئه‌مه راست نییه. من پێشتر ئاماژه‌م پێ‌کرد که پێچه‌وانه‌که‌ی راسته. بۆ وێنه له ئه‌مریکا و سویس له سه‌ره‌تا نه‌هاتن یه‌کتر بکوژن و دواتر ببنه فیدراڵ، به‌ڵکوو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خوێنرێژی نه‌بێ و به هێز بن، هاتن بوون به فێدرال. ئه‌گه‌ر ئه‌وان ویستيان جيايی بوایه، ئيتر فێدرالیزميان پێک نه‌ده‌هێنا. ئه‌وانه له به‌ر ئه‌وه‌ی که گه‌ره‌کيان بوو لێک نيزیک بنه‌وه، ده‌سه‌ڵاتێکی فێدرالیان دامه‌زراند و نه به پێچه‌وانه‌که‌ی. سه‌رنجراکێش ئه‌وه‌یه که هه‌ندێک وڵاتمان هه‌بووه وه‌ک فه‌رانسه که بۆ ئێران ئولگوو بوون، هه‌روه‌ها بلژیک، بۆ چاره‌سه‌ر کردنی کێشه‌کانیان که پرسی نه‌ته‌وه‌یيش ده‌گرێته‌وه، له ده‌سه‌ڵاتێکی ناوه‌ندی ڕا بوون به ده‌سه‌ڵاتێکی فێدرال (به‌لژيک). به گشتی ئیستا ده‌توانین بڵێن23 هه‌تا24 وڵات له جيهان دا هه‌ن که به شێوه‌ی فێدرالی به ڕێوه ده‌چن. ئه‌گه‌ر بمه‌وێ به کوورتی باسی بکه‌م، ده‌بێ بڵێم که دوو فاکتۆری سه‌ره‌کی بۆ دامه‌زراندنی فێدرالیزم هه‌ن که بريتين له دابه‌شکردنی هێزی سیاسی و ئابووری و فه‌رهه‌نگی و ئينتیزامی و میدیا له نێوان ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی و ناوچه‌کان یان هه‌رێمه‌کان، له لایه‌کی تره‌وه به‌شدار کردنی ناوچه‌کان له ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی، به واتايه‌ک که ده‌م و ده‌زگای ناوه‌ندی نوێنه‌رايه‌تی گشت وڵات به هه‌موو پێکهاته نه‌ته‌وه‌ييه‌کانييه‌وه بکات. هه‌ندێک ده‌وڵه‌تمان هه‌ن که ته‌نانه‌ت ناویان فێدرال نیيه، به‌ڵام به له‌به‌ر چاو گرتنی ته‌عریفی فێدرالی ئه‌وانه‌ش ده‌چنه نێو قاڵبی فێدرالیيه‌وه.
ره‌وانیوز: جیاوازی فێدرالیزم له گه‌ڵ خودموختاری چیيه؟ هه‌روه‌ک ده‌زانین، کورد له سه‌ره‌تا دروشمی خودموختاری هه‌ڵگرت بوو، به‌ڵام ئێستا زۆربه‌ی لایه‌نه سیاسیيه‌کانی کوردستان فێدرالیزم وه‌ک دروشمی سه‌ره‌کی خۆیان گه‌ڵاڵه کردووه. هه‌روه‌ها زۆر که‌سیش له‌و باوه‌ڕه دا‌ن که جیاوزێکی ئه‌وتۆ له نێوان ئه‌م دوو شێواز و و ڕێبازه‌دا نیيه. ڕای جه‌نابتان چييه؟
ناسر ئێرانپوور: راستیه‌که‌ی ئه‌وه‌یه که له لایه‌که‌وه جیاوازیان هه‌یه، له لایه‌کی تره‌وه جیاوازیان نیه. له‌و جێگايه‌ی که لێک نێزيکن ئه‌وه‌یه که ـ هه‌روه‌ک وتمان ـ فێدرالیزم يانی دابه‌ش کردنی هێز و ده‌سه‌ڵات. له خودموختاریش هه‌مان پێناسه‌مان هه‌يه. خودموختاری هه‌ندێک ئیختیاراتت پێ ده‌دات که هه‌ندێک کاروباری ئیداره‌کردن و به‌ڕێوه‌بردن و کۆنترۆڵ کردن بۆ خۆت جی به جێ که‌ی، وه‌ک ئه‌وه‌ی که کورد داوای ده‌کرد؛ که خۆی بڕیارده‌ر بێت له کاروباری ناوخۆیی ناوچه‌ی کوردستان. ئه‌مه هه‌مان فێدرالیزمیشه. به‌ڵام خودموختاری تایبه‌ته به ناوچه‌یه‌کی دیاری کراو. ده‌کرێ ده‌سه‌ڵاتێکی ناوه‌ندیمان هه‌بێ و له‌هه‌مان کات خودموختاریشمان هه‌بێ. به‌ڵام جياوازیيه‌که‌ی ئه‌وه‌یه که فێدرالیزم یانی چه‌ندین خودموختاری پێکه‌وه، یانی هه‌موو ناوچه‌کانی ئێران خودموختار بن. قازانجی فێدرالیزم به نیسبه‌ت خودموختاری له‌وه دایه که ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی ئه‌وه‌نده به‌هێز ناتوانێ بێت، یانی ئه‌گه‌ر ئێمه خودموختاریمان هه‌بایه، لایه‌ک ئێمه ده‌بوین، لایه‌ک ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی، یانی زۆرینه له به‌رانبه‌ر که‌مینه‌یه‌کی به‌چووک‌دا. به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌موو ناوچه‌کانی ئێران خودموختار بن، ئه‌وه ئيتر فێدراليزمه که ته‌يدا ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی زۆر که‌م ده‌بێته‌وه (ئه‌وه‌ش له به‌رژه‌وه‌ندی کورد و نه‌ته‌وه‌کانی تری ئێران دايه). جیاوازیکی تر ئه‌وه‌یه که ئه‌گه‌ر خودموختاریت هه‌بێ، کاروباری خۆت بۆ خۆت جێ به جێ ده‌که‌ی. بۆ وێنه کورد ئه‌گه‌ر له باشترین حاڵه‌ت دا 15% رێژه‌ی ئێران پێک بێنێ، به‌م شێوه کورد وه‌ک ده‌وڵه‌تێکی خودموختار ده‌ورێکی کاریگه‌ری له ئیداره‌کردنی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی نا‌بێ. به‌ڵام له ده‌سه‌ڵاتێکی فێدرال که ناوچه‌کانی تر فێدرال ده‌بن، به‌شداری کورد له ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی قورساییه‌کی زۆرتری ده‌بێ. بۆ وێنه ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتێکی ناوه‌ندی کارێک که به نیسبه‌ت کورد پێی خۆش بێ بيکا، له ده‌سه‌ڵاتێکی فێدرال به هاسانی بۆی به‌ڕێوه ناچێ، به‌ڵام له حکومه‌تی خودموختار ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی زۆرتر ده‌بێت. که‌وایه ده‌توانین بڵه‌ين که خودموختاری به‌شێکی تایبه‌ته له فێدرالیزم. له‌وجێگایه‌ی که پرسی ئیداره‌کردنی ناوچه‌که به ده‌ست خه‌ڵکی ناوچه‌که بێت، له گه‌ڵ فێدرالیزم یه‌که. به باوه‌ری من خودموختاری، که کورد کاتی خۆی داوای ده‌کرد، زۆر به جێ و ژیرانه بووه. فێدرالیزم کاتێک ده‌بێ داوای بکرێت که لایه‌نه‌کان تر له ئێران، به‌تايبه‌ت نه‌ته‌وه‌کانی ژێرده‌ستی ئێرانی له گه‌ڵ بێت. پێشتر ئه‌و داوايه به‌نيسبه‌ت گه‌لانی تری ئێران له ئارادا نه‌بوو. به‌ڵام ئێستاکه ئه‌وانیش وه‌ک کورد خودموختاریان ده‌وێ، تێکه‌ڵاویه‌ک له‌و خودموختاریانه ده‌بێته فێدرالیزم. هه‌ڵبه‌ت من پێشوتر له وتارێکی کورت‌دا شیم کردۆ‌ته‌وه که له روانگه‌ی منه‌وه جیاوازی خودموختاری له گه‌ڵ فێدرالیزم له کوێ دایه که له ماڵپه‌ڕه‌که‌ی خۆم دايه و ده‌توانن سه‌يری بکه‌ن.
ره‌وانیوز: له بواری ئیداره‌کردن و دابه‌ش کردنی ده‌سه‌ڵات به سه‌ر هه‌رێمه‌کان، ئه‌رکه‌کانی هه‌رێمی فێدرال (واتا خودموختار) بۆ ئیداره‌کردن یان په‌یوه‌ندی گرتن له گه‌ڵ هه‌رێمه‌کانی ناوخۆ یان وڵاتانی تر چۆن ده‌بێت؟ ئایا ده‌کرێ وه‌ک ده‌وڵه‌تێک ته‌عریفی بکه‌یه‌ن که ته‌نيا جیوازی له گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت پایبه‌ندبوونه به هه‌ندێک بریاری ده‌وڵه‌تی ناوخۆ که ئه‌ویش زیاتر سیاسه‌ته‌گشتيیه‌کان و په‌یوه‌ندی له گه‌ڵ دونیای ده‌ره‌وه‌یه؟ بۆ وێنه ئێستا کوردستانی باشور له سه‌ر هه‌ندێک رێکه‌وتن‌نامه که کوردستان له گه‌ڵ دراوسێکانی ده‌یبه‌ستێ، له گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی کێشه‌ی هه‌یه؟
ناسر ئێرانپوور: وتمان ده‌وڵه‌تی فێدرال شتێک نیيه جگه له‌وه‌ی که ئێمه ئیداره‌کردنی ناوچه‌که به ده‌ست خۆمان بێت، له هه‌مان کات دا له‌حاکمیيه‌تی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیش‌دا به‌شدار بین. به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی ئیمه چه‌نده ده‌بێت، سه‌لاحیه‌تی ئێمه چه‌نده ده‌بێت، یان ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی چه‌نده ده‌بێت، ئه‌وه ده‌بێ له سه‌ره‌تا بۆ خۆمان له‌سه‌ری ساخ بینه‌وه و دياری بکه‌ين. ئه‌من گوتم که 23 تا24 ده‌وڵه‌ت هه‌ن که به فیدڕاتيو ناسراون. ئه‌مانه له هه‌مان کات که فیدڕاتيون،24 چه‌شنه ده‌وڵه‌تی جۆراجۆريشن. هه‌مویان یه‌ک چه‌شن نین. بۆ وێنه ئاڵمان ده‌وڵه‌تێکی فێدراله، به‌ڵام سویس و ئوتریش و بلژیکی جیرانی ئاڵمانيش فێدرالن. سه‌ره‌ڕایئ ئه‌وه، ئه‌مانه زۆر جیاوازیان پێکه‌وه هه‌یه. سروشتييه که ئه‌و پێناسه‌ی که کردمان بۆ هه‌مویان ده‌یخۆینێته‌وه، به‌ڵام له هه‌مان کات پێکه‌وه جیاوازیشيان هه‌یه. بۆ وێنه له ئاڵمان به‌خشينی مافی شارومه‌ندی (جنسييه، تابعيت) هی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیيه، که چی له سویس هه‌ر کانتۆنێک که له وانه‌یه به قه‌د شارێکی چکۆلانه‌ی ئێمه‌ش نه‌بێ، دیاری ده‌کا که ئایا ناسنامه‌ی (تابعيت) سویسی بده‌ن به که‌سێک یان نا. شێوازی دێموکراسیيه‌که‌یان ئاوایه. له لایه‌کی تره‌وه ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی قه‌د به نیسبه‌ت ده‌ور و به‌ش (سهم) نه‌ته‌وه‌کانی ئه‌وێ که بریتین له ئاڵمانی، فه‌رانسه‌وی و ئیتالیايی، ناگۆرێ، به چه‌شنێک که ئه‌و ته‌رکیبه هه‌موو کات له ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی‌دا ڕه‌چاو ده‌کرێ. ئاڵمان جیاوازی زۆرتری هه‌یه. ئه‌م وڵاته له ڕه‌وتی 60 ساڵه‌ی ئه‌م دوایانه‌دا زیاتر به‌ره‌و ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی رۆیشتووه. ئه‌وان ئاگايانه ئه‌م کاره‌یان کردوه، له‌به‌ر هه‌ندێک هۆکار ئه‌و کاره‌یان کردوه. بۆ وێنه له‌به‌ر هۆکاری ئابووری، هۆکاری کولتوری.
کێشه‌يه‌ک: هه‌ندێک ئه‌یاله‌ت هه‌ن که له بواری ئابووری زۆر ده‌وڵه‌مه‌ندن، هه‌ندێکيش هه‌ن که زۆر ده‌سته‌نگن. ئه‌م ئه‌ياله‌تانه پێکه‌وه له ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی سندوقێکی هاوبه‌شيان هه‌یه که به پێی داهاتی ماڵی و ئابووری خۆيان پاره‌ی تێداوێن. ئه‌م سندوقه به پێی پاراگرافێکی ياسای بنه‌ڕه‌تی ئاڵمان دانراوه که ده‌ڵێ "ده‌وڵه‌تی فێدێراڵ ده‌بێ تێ‌بکۆشێ، باری ژيان و کۆمه‌ڵايه‌تیی يه‌کسان له‌ئاڵمان پێک بێنێ". دياره ئه‌و ئه‌یاله‌تانه‌ی که پاره وه‌ر ده‌گرن قازانجیان زۆرتره له‌و ئه‌یاله‌تانه‌ی که پاره ده‌ده‌ن، که ئه‌وه‌ش ده‌بێته هۆی سازکردنی کێشه‌ی ياسايی.
به پێی ياسای پێشتر جگه له‌وه‌ی که هه‌ر ئه‌یاله‌ته‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆی هه‌بوو، له حکومه‌تی ناوه‌ندیش زۆر به‌هێز بوو و ئه‌ياله‌ته‌کان ته‌نانه‌ت 60% ده‌سه‌ڵاتی ياسايی‌يان به‌ده‌سته‌وه بوو. ئه‌وان هاتن فیدێڕاليزميان دووباره داڕشته‌وه، ئه‌ويش به‌م مانايه که ده‌سه‌ڵاتی ئه‌یاله‌ته‌کانيان له ناوچه‌ی خۆیان زیاد کرد له به‌رامبه‌ردا له‌و60 % ده‌سه‌ڵاته‌ی ئه‌یاله‌ته‌کان که له ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی هه‌يان بوو، 20 % یان که‌م کرده‌وه. ئه‌م بڕیاره ئاڵوگۆرێکی پێک هێنا که به رای من زۆر باش بوو، چوونکه ترافيک و ئينسيدادی سياسی و ياسايی که له ئاڵمان به هۆی جۆری فیدێڕاليزمه‌که ساز ببوو، تا ڕاده‌يه‌کی زۆر لا چوو. له ئاڵمان دوو حيزبی جه‌ماوه‌ری گه‌وره هه‌ن که يه‌کيان "حيزبی سوسيال‌ـ دیمۆکراتی ئاڵمانه" و ئه‌وی تريان "يه‌کييه‌تی دیمۆکرات مه‌سيحييه‌کان". پێشتر زۆر کات وابوو که کاتێک دیمۆکرات مه‌سيحييه‌کان له پارڵمانی فیدێڕاڵ زۆرينه بوون و حکوومه‌تی ده‌وڵه‌تی فیدێڕاليان پێک هێنابوو، سوسيال دێمۆکراته‌کان زۆرينه‌يان له زۆربه‌ی پارڵمانی ئه‌ياله‌ته‌کان هه‌بوو و حکومه‌تيان له‌م ئه‌ياله‌تانه به‌ده‌سته‌وه بوو. وتمان که به‌شی هه‌ره زۆری ياسا سه‌ره‌کی و بنه‌ڕه‌تييه‌کان پێش په‌سندبوونيان ده‌بێ نوێنه‌رايه‌تی ئه‌ياله‌ته‌کان په‌سه‌ندی بکه‌ن که چوونکه بيروبۆچوونی حيزبی ده‌سه‌ڵاتداری ره‌قيب تێيان‌دا ڕه‌چاو ده‌گيرا، په‌سه‌نديان نه‌ده‌کرد و جۆره پاتێک له ئاڵمان دروست ببوو. هه‌ر بۆيه‌ش هه‌ر دووک لا (ئه‌ياله‌ته‌کان و ده‌وڵه‌تی فیدێڕاڵ) هاتن ئه‌و بارودۆخه‌يان گۆڕی. به کوردی و کرمانجی بڵێم که هه‌ر دوو ئاستی فیدێڕاڵ (ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی و ده‌وڵه‌ته‌کانی ئه‌ياله‌ته‌کان) وتيان: بابه نه ئه‌تۆ زۆر ده‌ست له کاروباری من وه‌رده و نه ئه‌منيش ئه‌م کاره‌ی به‌نيسبه‌ت تۆ ده‌که‌م.
که وايه، حکومه‌ته‌کانی فێدرال له مه‌ڕ ئيختياراتی حکومه‌تی ناوه‌ندی و حکومه‌ته‌کانی ئه‌ياله‌تی جیاوازيان له‌گه‌ڵ يه‌ک هه‌يه، بۆ وێنه له بواری ئابووری و کولتورييه‌وه. سه‌ير که‌ينه ئه‌ماراتی موتته‌حیدده‌ی عه‌ره‌بی؛ له‌م وڵاته ئه‌ماڕه‌ته‌کان نه‌ته‌نيا له باری ئابورييه‌وه زۆر سه‌ربه‌خۆن، به‌ڵکو ته‌نانه‌ت له باری سياسی و سه‌ربازيشه‌وه سه‌ربه‌خۆن: بۆ وێنه ئه‌گه‌ر دۆبه‌ی دێت له ئاڵمان فرۆکه ده‌کڕێ، به ناوی دۆبه‌ی ده‌یکڕێ. هه‌روه‌ها ئه‌بوزه‌بیش.
ئه‌و کێشه‌ی که به نیسبه‌ت عێراق باستان کرد، کێشه‌ی متمانه‌یه. له ڕاستی‌دا ئێمه له گه‌ڵ دیمۆکراسیش دا کێشه‌مان هه‌یه، له دێموکراسی کێشه‌ی ئه‌حزاب و گرایشاتی سیاسی و ... هه‌یه. له راستی دا ده‌بێ ئه‌مانه هه‌بن. ڕوون‌تر بڵێم: ده‌بێ ئه‌و کێشانه بۆ خۆمان بکڕین، به‌و هۆیه‌ی که ئێمه نامانه‌وێ که‌سێکمان هه‌بێ له‌سه‌ره‌وه، جا ڕێبه‌ر بێت، شا بێت، بۆ ئێمه دیاری بکات، چی شه‌ره، چی خێره. ئێمه ده‌بێ بڕیاری مافی خۆمان بده‌ین.
به‌شیکی تر له کێشه‌ی عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر شێوازی ته‌عریف و پێناسه کردنی فێدرالیزمه‌که‌ی عێراق. هۆکار ئه‌وه‌یه که ئه‌مانه متمانه‌یان به یه‌کتره‌وه نییه، یانی ده‌وڵه‌تی عێراق پێ وا نيیه که کورد ده‌مێنێته‌وه. ده‌وڵه‌تی کوردیش پێ وایه ده‌وڵه‌تی عێراق هه‌موو کات ئاوا لاواز نا‌بێ که که مل که‌جی داواکاری وبڕیاره‌کانی کورد بێت. کێشه ئه‌وه‌یه که ئه‌و نیزامه فێدرالیه تازه‌یه وێنه‌که‌ی له دونیا دانیه، هه‌روه‌ک که ئه‌وانی تریش وێنه‌یان نيیه.
ره‌وانیوز: کاک ناسر به‌و ته‌عریفه‌ی جه‌نابتان، یانی هه‌رێمه‌کان یاسای تایبه‌ت به خۆیان هه‌یه، له پاڵ ئه‌مه‌ش ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی تا چه‌ند ده‌توانێ ته‌داخولی بڕیاره‌کانی هه‌رێمه‌کان بکات؟ ئایا ئه‌مه سنورێکی دیاری کراوی هه‌یه، یان نه له‌سه‌ر ته‌وافقاتی سه‌ره‌تایی و یان به پێی ئه‌و یاسایانه‌ی که دارێژراون، ئه‌رکه‌کان دابه‌ش ده‌کرێن؟
ناسر ئێرانپوور: ده‌کرێ ئیمه سه‌ره‌تا هه‌موو یاساکان ده‌سته به‌ندی که‌ین. له کوێ ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی ده‌توانێ ته‌داخول بکات له کوێ نه‌توانێت دیاری بکه‌ين. ئه‌مه په‌یوه‌ندی به ئه‌وه هه‌یه که ئێمه کام شێوازی فێدرالی هه‌ڵده‌بژێرین. شێوازی ده‌سه‌ڵاتمان هه‌یه پێان ده‌ڵێن نازومێتریش، نه‌وعی تريان هه‌یه پێ ده‌ڵێن زومێتریش، واتا متقارن و نامتقارن، متعادل و نامتعادل، متوازن و نامتوازن، هاوسه‌نگ و ناهاوسه‌نگ.
دو چه‌شنه فێدێڕاليزمی سه‌ره‌کی له ئاست ڕاده‌ی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمه‌کان |
||
|
فێدێڕالزيمی هاوسه‌نگ |
فێدێڕالزيمی ناهاوسه‌نگ |
ڕاده و نيسبه‌تی ده‌سه‌ڵاتی هه‌ڕێمه‌کان له‌گه‌ڵ يه‌کتر |
به‌رامبه‌ره، واتا هه‌موو هه‌رێمه‌کان و ئه‌ياله‌ته‌کان ماف و ئه‌رک و ده‌سه‌ڵاتی وه‌ک يه‌کيان هه‌يه. ئه‌م شێوه فێدێڕاليزمه له شوێنێک باشه که هه‌ڕێمه‌کان له بواری فه‌رهه‌نگی و ئێتنيکی وه‌ک يه‌کن (ئاڵمان). |
به‌رامبه‌ر نييه، واتا هه‌موو هه‌رێمه‌کان و ئه‌ياله‌ته‌کان ماف و ئه‌رک و ده‌سه‌ڵاتی وه‌ک يه‌کيان نييه. ئه‌م شێوه فێدێڕاليزمه له شوێنێک باشه که هه‌ڕێمه‌کان له بواری فه‌رهه‌نگی و ئێتنيکی وه‌ک يه‌ک نين (کانه‌دا، ئيسپانيا، ...). |
له چه‌شنێک که فێدراليسم ناوچه‌کان ده‌سه‌ڵاتیان به ڕاده‌ی یه‌ک نيیه. بۆ وێنه ده‌سه‌ڵاتی کۆبێکی کانه‌دا و باسک و کاتالۆنی ئیسپانیا له گه‌ڵ ناوچه‌کانی تر یه‌ک نین. ئه‌م هه‌رێمانه‌ی ناويان بردرا ده‌سه‌ڵاتیان زۆرتره. پارێزگای کۆبێک له کانه‌دا نیمچه ده‌وڵه‌تێکه، پارێزگاکه‌ی ته‌نیشت وی ده‌سه‌ڵاتێکی زۆر ساکاريان هه‌یه. له ئیسپانيا له ناوچه باسکه‌کان حکومه‌تی کۆماریمان هه‌یه، له حاڵێکدا ده‌سه‌ڵاتی ئیسپانیا پاشایه‌تیيه. ئه‌یاله‌ته‌کانی تر به قه‌د باسکه‌کان ده‌سه‌ڵاتیان نيیه. که‌وایه ڕاده‌ی ته‌داخولی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی له هه‌رێمه‌کان و هه‌رێمه‌کان له‌گه‌ڵ يه‌کتر له هه‌موو وڵاتێکی فیدێڕاڵ دا وه‌ک يه‌ک نييه. نیزامی فێدرالی ئاڵمان نیزامێکی موتقارن، متوازن و متعادله، یانی هه‌موو ئه‌یاله‌ته‌کان به گه‌وره‌و چکۆله‌وه یه‌ک ئه‌ندازه ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه. ئه‌یاله‌تی وامان هه‌یه که بریتیه له یه‌ک شار وه‌ک بێرڵین، برێمن، هامبورگ. ئه‌مانه هه‌مویان یه‌ک شارن و یه‌ک ئه‌یاله‌تیشن. ئه‌ياله‌تی واشمان هه‌ن که 18 ميليۆن نفووسی هه‌يه. ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی بێرلین وه‌ک شاریک هه‌یه‌تی هه‌مان ڕاده‌يه که ئه‌یاله‌تی نۆردراين وێستفالێن به ڕێژه‌ی 18 ميليۆن دانیشتوو هه‌یه‌تی.
ئه‌گه‌ر له‌و باسه‌دا ئاوڕێک له ئێران بده‌ينه‌وه، بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که ناوچه‌کان له بواری فه‌رهه‌نگی و ئێتنێکی و نه‌ته‌وه‌يی و ته‌نانه‌ت ئايينيشه‌وه يه‌ک نين. ڕه‌نگه ناوچه‌گه‌لێک له ئێران هه‌بن که بۆيان زۆر گرينگ نه‌بێ که ئه‌م يان ئه‌و ياسايه له پاڕڵمانی هه‌رێمیئ ئه‌وان داڕشترێ و ده‌نگی پێ بدرێ يان له پاڕڵمانی فیدێڕاڵ، ئه‌ويش به‌م هۆيه‌که زۆرينه‌ن و حکومه‌تی ناوه‌ندی به هی خۆيان بزانن، به‌ڵام له کوردستان خه‌ڵک پێی خۆش بێ برياده‌ر له زۆر باره‌وه بۆ خۆی بێ. لێره‌دايه که فیدێڕاليسم ڕێگا چاره ده‌داته ده‌ست. يان ڕه‌نگه کورد بۆ خۆی پێی خۆش بێ له وڵاتی تر نوێنه‌رايه‌تی هه‌بێ، چونکه خۆی به نه‌ته‌وه داده‌نێ، به‌ڵام ڕه‌نگه گيلان و مازه‌نده‌ران ئه‌ويان نه‌وێ. ته‌نانه‌ت له‌وانه‌يه کورد له ئێران گه‌ره‌کی بێ له هه‌رێمی خۆی حکومه‌تێکی کۆماری دامه‌زرێنێ، به‌ڵام له باقی ئێران پاشايه‌تی بێ. يان باسێکی سه‌ره‌کی تر: ڕه‌نگه زۆر ناوچه حه‌ز بکا سنووره‌کانی خۆی وه‌ک ئێستا بهێڵێته‌وه، به‌ڵام کورد ئه‌وه‌ی به دژی به‌رژه‌وه‌ندی خۆی دانێ و مافی ئه‌وه‌ی بوێ که بيگۆڕێ. فیدێڕاليزمی ناهاوسه‌نگ ڕێگايه‌کی تاقيکراوه بۆ وڵامدانه‌وه به ئه‌م بارودۆخه‌یه. نه‌يارانی فیدێڕاليزم ده‌ڵێن که "له‌وانه‌يه به‌شه‌کانی تر ته‌نانه‌ت فیدێڕاليزميانيش نه‌وێ"، به‌و مانايه‌ی که ئه‌م مافانه‌ی که کورد دوایان ده‌کا نه‌یان هه‌وێ. فیدێڕاليزمی ئاسومێتريش (asymmeric) وڵامێکه به‌م پرسياره (بڕوانه فیدێڕاليزم له کانه‌دا و ئیسپانيا).
ده‌سته‌به‌ندێکی ترمان هه‌ن که پێيان ده‌ڵێن فێدرالیزمی کۆئۆپراتیڤ که پێکه‌وه کارکردنه، یان فێدرالیزمی دوئاله، که جيالێک کارکردنه. بۆ وێنه فێدرالیزمێک که له ئامریکايه، دوئاله؛ لێره‌دا ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی و ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی هاوشانی یه‌ک ئیداره‌یان هه‌یه، که هه‌ر ئیداره و کاری خۆی ده‌کات و هیچکام له کاری ئه‌وی دیکه ته‌داخول ناکات.
بۆ فیدێراليزمی کۆئۆپێراتیو ده‌توانین ئاڵمان وه‌ک وێنه بهێنینه‌وه که ته‌يدا حکومه‌تی ناوه‌ندی له هه‌موو ئه‌یاله‌ته‌کان ده‌وریان هه‌یه، له پاڵ ئه‌مه‌ش ئه‌یاله‌ته‌کانیش له ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی ده‌وریان زۆر به‌رچاوه. بۆ وێنه له مێدياکانی ئه‌مریکا زیاتر باس له چالاکی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی ده‌کرێ، له حاڵێک دا له ئاڵمان چالاکانی حکومه‌ته‌کانی ئه‌یاله‌ته‌کان زۆر ناويان هه‌يه و باسيآن ده‌کرێ. رۆڵی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌یاله‌تیی له په‌سه‌ند کردنی یاسا هه‌موو کات ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی ناچار ده‌کات به رزايه‌تی ئه‌یاله‌ته‌کان یاسا و به‌رنامه‌ی خۆی دابرێژێ. له ئه‌مریکا مه‌جليسی سێنا که نۆینه‌ری هه‌رێمه‌کانه، خه‌ڵک هه‌ڵی ده‌بژێرن، به‌ڵام له ئاڵمان ده‌وڵه‌ته‌کانی ئه‌یاله‌تی هه‌ڵیده‌بژێرن، ئه‌ويش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که نوێنه‌ری ده‌وڵه‌تی ئه‌یاله‌تیه‌کانیشه. که‌وایه ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی به پێی ئه‌و سیستێمه‌ی که هه‌ڵ ده‌بژێردرێ، ده‌توانێ که‌م يا زۆر بێ.
به کورتی ئێمه‌ی کورد له ئێران ده‌بێ لێکۆڵينه‌وه و کاری ورد و پسپۆریمان له‌سه‌ر ئه‌م پرسياره هه‌بێ که ئايا به له‌به‌رچاوگرتنی ماف و به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وايه‌تی و ئاستی ئابووری کوردستان ده‌مانهه‌وێ ئاستی برياری سه‌ربه‌خۆمان له کوردستان زۆرتر بێ يا ئاستی شوێنه‌وار دانان له حکومه‌تی ناوه‌ندی. هه‌ر دووکيان به‌شێوه‌ی موتله‌ق ناکردرێ. يانی ناتوانين بڵێین هه‌م به‌شداری به‌رچاومان له حکومه‌تی ناوه‌ندی ده‌وێ، هه‌ميش ئه‌و حکومه‌ته که خۆمان ته‌يدا به‌شدار ده‌بين نا‌بێ ده‌سه‌ڵاتی له کوردستان هه‌بێ. ده‌بێ نيسبه‌تێک مابه‌ينی ئه‌م دووانه بۆخۆمان بدۆزينه‌وه.
دو چه‌شنه فێدێڕاليزمی سه‌ره‌کی له بواری ئاستی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ند و هه‌رێم |
||
|
فێدێڕاليزيمی کۆئۆپێراتيو |
فێدێڕاليزيمی دۆئال |
ئاستی ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی (فێدرال) |
به‌شی زۆری ياساکان له پاڕڵمانی ناوه‌ندی په‌سه‌ند ده‌کرێن و به‌م چه‌شنه حکومه‌تی ناوه‌ندی له ئه‌ياله‌ته‌کان زۆر به‌هێز ده‌بێ، |
به‌شێکی که‌می ياساکان له پاڕڵمانی ناوه‌ندی په‌سه‌ند ده‌کرێن و به‌م چه‌شنه حکومه‌تی ناوه‌ندی له ئه‌ياله‌ته‌کان زۆر لاواز ده‌بێ و ئه‌ياله‌ته‌کان مافی سه‌ربه‌خۆيی ياسايی و سياسی‌يان زۆرتر ده‌بێ، |
ئاستی ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی |
له به‌رامبه‌ردا ئه‌ياله‌ته‌کان له ناوه‌ند زۆر به‌هێز ده‌بن، به‌شداری له داڕشتن و په‌سه‌ندکردنی ياساکان ده‌که‌ن و به چه‌شنێک مافی وێتۆيان ده‌بێ وه‌ک ئاڵمان، هه‌ڵه‌به‌ت به‌م ڕێفۆرمه‌ی ئاخری ئاڵمان له کۆئۆپێراتيو بۆ لای دۆئال ڕۆيشتووه، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای وه‌ش هه‌ر کۆئۆپێراتيو ماوه‌ته‌وه. |
له به‌رامبه‌ر ئه‌ياله‌ته‌کانيش له ناوه‌ند زۆر لاواز ده‌بن و ده‌وری که‌ميان له داڕشتن و په‌سه‌ند کردنی ياساکانی ناوه‌ندی، واتا فێدرال، ده‌بێ وه‌ک کانه‌دا، ئه‌مريکا... |
ره‌وانیوز: رۆڵی حیزب و رێکخراو له ده‌سه‌ڵاتێکی فێدرال چۆن ده‌بینن؟ وێنه‌ی ئاڵمان ده‌هێنمه‌وه که حیزبه‌کان بڕیارده‌ری سه‌ره‌کین له ئیداره‌کردنی ئه‌م سیستمه فیدڕاتيوه. فره حیزبی وه‌ک ترسێک له لایه‌ن ناوه‌ندگه‌راکانه‌وه باسی لێ ده‌کرێ. حیزب تا چه‌ند ده‌توانێ له ده‌وڵه‌تێکی فێدرال کاریگه‌ری هه‌بێ؟
ناسر ئێرانپوور: رۆڵی حیزب له وڵاتی فێدرال زۆر زۆر گرینگه. رۆڵی حیزب په‌یوه‌سته به دوو فاکتۆر: یه‌که‌م یاسای حیزب، دووهه‌م سیستمی هه‌ڵبژاردن. له نیزامێکی فێدرال دا حیزبێکی هه‌رێمی ده‌توانێ پێک بێت، به‌ڵام له سيسته‌می ناوه‌ندگه‌رادا حیزبی هه‌رێمی ناتوانێت پێک بێت. ئه‌مه‌ش یه‌کێکه له‌و هۆکارانه‌ی که پان ئیرانیسته‌کان دژی فیدێڕاليزمن. ئه‌وان ده‌ڵێن که حیزبی ناوچه‌يی له ده‌سه‌ڵاتێکی فێدرال ده‌بێته هۆی پارچه پارچه بوونی حیزبه ناوه‌ندیيه‌کان. ئه‌مه ڕاسته، به‌ڵام هۆی سه‌ره‌کی ئه‌م دۆخه ئه‌وه‌يه که حيزبه "سه‌رانسه‌رييه‌کان" له چه‌په‌وه بۆ ڕاست ناوه‌ندگه‌را بوون. چه‌په‌کان به‌هۆی ئايدۆلۆژيای "سه‌ره‌کی بوونی به‌رژه‌وه‌ندی کرێکاری" و "جووڵانه‌وه‌ی سه‌رانسه‌ری" و ڕاستيش به هۆی پاراستنی "نه‌ته‌وه‌ی ئێران" و "ته‌واوه‌تی خاکی وڵات". ئه‌م شته‌ی ئه‌مانه له‌به‌ر چاويان نه‌گرتووه، مافی گه‌لانی به‌شخوراوی ئێرانه. ئه‌مه‌شه که به‌ره‌به‌ره له‌م هه‌رێمانه حيزبی به قه‌ولی پان‌ئيرانيسته‌کان "هه‌رێمی" و به قه‌ولی من نه‌ته‌وه‌يی پێک هاتووه و پێک دێ. دێمۆکراسی بێ حيزب مانای نييه. فیدێراليزميش يانی دێمۆکراسی هه‌رێمه‌کان. هه‌ر هه‌رێمه‌ش به‌رژه‌وه‌ندی و پرس و کێشه و گرفتی خۆی هه‌يه. هيچ حيزبێک ناتوانێ گشت ئه‌م به‌رژه‌وه‌ندييانه له خۆی دا کۆ بکاته‌وه. هه‌ربۆيه‌ش پێک هاتنی حيزبی هه‌رێمی و نه‌ته‌وه‌يی پێويستييه‌کی وڵاتی ئێرانه. جگه له‌مانه پێک هاتنی ئه‌م حيزبانه پێش به به‌هێز بوونی زۆری ناوه‌ند و کۆبوونه‌وه‌ی له ڕاده‌به‌ده‌ری ده‌سه‌ڵات له وێ ده‌گرێ. به نيسبه‌ت کورديشه‌وه بڵێم که که‌س له ئێران دا حيزب و ڕێکخراوه‌ی خۆی نه‌بێ، کورد ده‌بێ هه‌یبێ، ئه‌گه‌ر نه‌يهه‌وێ که بتوێته‌وه و مافه نه‌ته‌وايه‌تييه‌کانی بچێته ژێر پێ. ئێمه پێويستمان به حيزب له هه‌موو ته‌يفه‌کانی سياسی وه‌ک سوسيال دێمۆکرات، سۆسياليست، کۆمونيست، ليبراليست، ... هه‌يه. پێويستمان به جووڵانه‌وه‌ی کرێکاری کورد، بزووتنه‌وه‌ی ژنانی کورد، بزووتنه‌وه‌ی دانيشجوويی کورد، ... هه‌يه. ئێمه ته‌نيا له ڕێگای ڕێکخستنه که ده‌توانين ڕه‌وتی به‌نه‌ته‌وه‌بوونی خۆمان پێش بخه‌ين و له ژێر چه‌وسانه‌وه و کۆلۆنياليزم ڕزگارمان بێ. ئه‌مه جيا له‌م پرسياره‌يه که ده‌مان هه‌وێ جيابينه‌وه يان نا. به‌م مانايه ته‌نانه‌ت و به‌تايبه‌تی له فیدێڕاليزميش دا پێويستمان به حيزبی نه‌ته‌وه‌يی خۆمان هه‌يه. ته‌نيا به ڕێکخستنه که ده‌توانين له نيزامی فیدێڕاڵ دا له هه‌رێمی خۆمان و له حکومه‌تی ناوه‌ندی له ده‌سه‌ڵاتی سياسی‌دا به‌شدار بين. بۆ وێنه دوور نييه که له سيسته‌می داهاتووی ئێران که دڵنيام فیدێڕاڵ ده‌بێ، دوو حيزبی سه‌ره‌کی کورد وه‌ک حيزبی دێمۆکراتی کوردستان و کۆمه‌ڵه له ئيئتيلاف له گه‌ڵ حيزبێکی ديکه‌ی ئێرانی وه‌ک فيداييه‌کان حکومه‌تی ناوه‌ندی (فیدێڕاڵ) ئێران پێک بێنن، هه‌روه‌ک ئه‌م کاره ده‌يان جار له وڵاتی ئاڵمان بووه و ئێستاش هه‌يه.
ره‌وانیوز: وڵاتانی زۆر هه‌ن که له‌م شێوه ده‌سه‌ڵاتداریيه که‌ڵکیان وه‌رگرتووه و له هه‌مان کات دا خاوه‌ن ئازادی و دێموکراسیشن. له بواری ئابوری و کۆمه‌ڵايه‌تيشه‌وه زۆريش پێشکه‌وتوون. به رای ئێوه ئه‌و فێدرالیزمه‌ی که ئێستا دروشمی زۆربه‌ی حیزبه سیاسییه‌کانی کوردستانی رۆژهه‌ڵاته، ده‌بێ چۆن بێت؟ ئایا ئه‌و سيسته‌مه بۆ هه‌موو ئێران ده‌یخۆینێته‌وه یان پێتان وايه ده‌بێ به پێی هه‌لومه‌رجی ناوچه‌يی یان زمان و نه‌ته‌وه و یاخود ئيداری و له سه‌ر بنه‌مای دابه‌شکردنی پارێزگاکان (واتا ئوستانه‌کان) بێت؟
ناسر ئێرانپوور: پێشتر وتمان که چه‌ند چه‌شنه‌ی سه‌ره‌کی فیدێڕاليزم هه‌ن. ده‌زانين که وڵاتانی فیدێراتيو جگه له چه‌ند خاڵی هاوبه‌ش له ورده‌کارييه‌کان‌دا جياوازيان هه‌يه. ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر مێژووی جياواز، ته‌رکيب و تێکه‌ڵاوی ئێتنيکی جياواز، پێکهاته‌ی ئابووری جياواز و گه‌لێک فاکتۆری تر. پرسيارێکی سه‌ره‌کی که له مه‌ڕ باسی فیدێڕاليسم دا له ساڵانی پێش مشت‌ومڕی له‌سه‌ر کراوه و بۆچوونی جياواز له سه‌ری ده‌ربردراوه، ئه‌وه بووه که فیدێڕاليسمه‌که "قه‌ومی ـ نه‌ته‌وه‌يی' ده‌بێ يان ئيداری و له سه‌ر ئه‌ساسی سنووره‌کانی ئوستان و پارێزگاکانی ئێستای ئێران. گه‌لێک هێز و که‌سايه‌تی "سه‌رانسه‌ری" ده‌ڵێن ده‌بێ ئيداری بێ و حيزبه کورديه‌کان و ئه‌م هێزانه‌ی که له "کۆنگره‌ی ئێرانی فیدێڕاڵ" ئه‌ندامن، ده‌ڵێن 'نه‌ته‌وه‌يی بێ. وڵامی من ئه‌وه‌يه هيچيان و هه‌ردووکيان. به‌و مانايه که تێکه‌ڵاوێکمان ده‌بێ له‌م دووانه که به‌ته‌واوی هيچيان نا‌بێ. ڕای من وايه که له‌سه‌ره‌تا باشتره ئاڵ و گۆڕی زۆر له سنووره‌کان‌دا پێک نه‌هێنين، ئه‌م کاره‌ی ته‌نيا له‌م جێگايانه بکه‌ين که کێشه‌سازن وه‌ک "ئازه‌ربايجانی رۆژئاوا". ئه‌م گۆڕانانه‌ش ته‌نيا ده‌بێ له سه‌ر ئه‌ساسی ڕای خه‌ڵک بێ. ئه‌گه‌ر خه‌ڵکی قه‌زوين و ئه‌رده‌بيل و ئاستارا و ... گه‌ره‌کيان بێ هه‌ر کام له ئوستانی خۆيان بمێننه‌وه، با بمێننه‌وه. ئه‌گه‌ر خه‌ڵکی کورد بيهه‌وێ لانی که‌م له سه‌ره‌تا له سێ ئوستانی کوردستان، کرماشان و ئيلام‌دا بژين، با وا بێ. ئه‌گه‌ريش حه‌ز بکا ببێته يه‌ک ئه‌ياله‌ت با ببێ. گرينگ ئه‌وه‌يه که هيچ شتێک به‌سه‌ر ئه‌م خه‌ڵکه‌دا دا نه‌سه‌پێنين. له‌بيرمان نه‌چێ که فیدێڕاليزم ده‌توانرێ به پێی ويست و داوخوازی خه‌ڵک بگۆڕدرێ. ڕه‌نگه ئه‌زموونی به‌لژيک بۆ زۆر کێشه‌ی ئێمه چاره‌ساز بێ که دابه‌شکردنێک به پێی زمان هه‌يه و ئه‌وی تريان به پێی ئيداری. به‌گشتی بۆ کورد من پێم باشه که له هه‌نگاوی هه‌وه‌ڵ‌دا ناوچه‌کانی کوردی ئازه‌ربايجانی رۆژئاوا" ببن به ئوستانی "موکريان". مه‌به‌ستيشم له ناوچه‌کان ته‌نيا شاره‌کانی مه‌هاباد و سه‌رده‌شت و شنۆ و بۆکان و خانێ نييه که له‌م ساڵانه‌ی ئاخر زۆر باسی کراوه، به‌ڵکوو گشت ناوچه کوردييه‌کانه، له ماکۆيه‌وه تا مياندواو و نه‌غه‌ده. هه‌ر شوێنێک که کورد ته‌يدا زۆرينه‌يه لای من کوردستانه. له‌هه‌نگاوی دووهه‌م‌دا چوار پارێزگای موکريان، کوردستان (که باشتر ناوی بگۆردرێ و ببێته ئه‌رده‌ڵان) و کرماشان و ئيلام له بواری ئيداری‌دا وه‌ک ئوستان بمێننه‌وه، به‌ڵام له هه‌مان کات‌دا پێکه‌وه له بواری فه‌رهه‌نگی و سياسی ئه‌ياله‌تی کوردستان پێک بێنن. که وايه له ڕوانگه‌ی منه‌وه ئاستۆ و مه‌به‌ست و ئيستراتيژيمان ده‌بێ له درێژخايه‌ن پێک‌هێنانی ئه‌ياله‌تی کوردستان بێت. لێره‌دايه که له ويستی هێزه سياسييه‌کانی کورد نيزيک ده‌بێنه‌وه. به‌ڵام ره‌نگه واش بێ و حه‌تمه‌نيش وايه که به‌شێک له ئێران ئه‌م کێشه‌يه‌ی که ئێمه هه‌مانه به نيسبه‌ت سنووری ئوستانه‌کانه‌وه نه‌يان بێ. بۆيه ده‌ڵێم که دروشمی ئێمه نه پێک‌هێنانی فیدێڕاليزمی نه‌ته‌وه‌يی، به‌ڵکوو فیدێڕاليزم بێ: ئه‌ويش بێ پێشکۆ و پاشکۆ.
ئه‌م فیدێڕاليزمه‌ی من مه‌به‌ستمه ده‌بێ له سه‌ر چوار بنه‌مای
1) مافی دياری کردنی چاره‌نووسی گه‌لانی ئێران و مافی بڕياردانيان له ناوچه‌ی خۆيان،
2) به‌شداری کردنيان له حکومه‌تی ناوه‌ندی نه ته‌نيا وه‌ک شارومه‌ند، به‌ڵکوو هه‌روه‌تر وه‌ک گه‌ل و ناوچه له سه‌ر ئه‌ساسی دێمۆکراسی ڕێکه‌وتن (توافقی)،
3) مافی شارومه‌ندی به‌رامبه‌ر له گشت ئێران،
4) مکانيزم و ياسای پاراستنی مافی که‌مايه‌تييه نه‌ته‌وايه‌تييه‌کان
بێ.
ره‌وانیوز: ئازادی و دێمۆکراسی خواستی زۆربه‌ی لایه‌نه جیاوازه‌کانه (به تايبه‌ت له ناو ئۆپۆزيسیۆنی ده‌ره‌وه‌ی وڵات). له پاڵ ئه‌مه‌ش دا ئیمه شێوازگه‌لێکی زۆرمان له دێمۆکراسی هه‌ن. ته‌نانه‌ت رژیمی ئاخوندیش خۆی به ده‌سه‌ڵاتێکی دێموکرات ده‌زانێ و هه‌ڵبژاردن که پێوانه‌ی سه‌ره‌کی ده‌سه‌ڵاتێکی دێمۆکراتيکه، وه‌ک به‌ڵگه ده‌هێنێته‌وه. تایبه‌تمه‌ندی فیدێراڵیزم چییه که کورد له ناو سيسته‌مه‌کانی سياسی دێمۆکراتيک بۆ خۆی هه‌ڵبژاردووه؟
ناسر ئێرانپوور: سروشتييه ئه‌م دیمۆکراسييه‌ی که کورد ئێستا داوای ده‌کا، جياوازی زۆره له گه‌ڵ دیمۆکراسی لايه‌نه‌کانی به‌رامبه‌ر که پاوانخوازی و ناسيۆناليسم و شۆوينيسمی خۆيان له ژێر "دێمۆکراسی" دا ده‌شارنه‌وه. دیمۆکراسی ئه‌وان له باش‌ترين حاڵه‌ت‌دا دیمۆکراسی زۆرينه‌يه و ناتوانێ باشتر له‌وه‌ی بێ که ئه‌ورۆکه له تورکيه هه‌مانه. دیمۆکراسی له وڵاتی فره‌نه‌ته‌وه و فره‌قه‌ومی و ته‌نانه‌ت فره ئايينی جياوازه له گه‌ڵ دێمۆکراسی له وڵاتێک که هه‌موو يه‌ک نه‌ته‌وه‌ن. نموونه‌يه‌ك: وڵاتێک که 60 له‌سه‌دی دانيشتووانی موسوڵمان بن و 40ی مه‌سيحی، چ ڕۆژێک وه‌ک ڕۆژی پشوودانی حه‌توو دياری ده‌کا: هه‌ینی يا يه‌کشه‌ممه؟ ئايا ئه‌گه‌ر به زۆرينه‌ی ده‌نگ جومعه هه‌ڵبژێرن، 40 له‌سه‌ده‌که‌ی تر زوڵم و ناحه‌قی لێناکرێ؟ زۆر سه‌ير ده‌بێ که يه‌کشه‌ممه موسوڵمان بنێرينه مزگه‌وت و جومعه مه‌سيحی بۆ کليسا! هه‌ر ئێستا ئه‌م گرفته‌مان له ئێران هه‌يه: چونکه زۆرينه‌ی ئێران شيعه‌ن، گشت ڕۆژه‌کانی ته‌عتيلی به پێی ئاينی شيعه داندراون. زۆر ڕۆژی جێژنی سوننيان هه‌ن که سوننی ده‌بێ بچێته‌وه سه‌رکار و ڕۆژی جێژن و عه‌زای شيعان ده‌بێ له ماڵێ بێ. به پێی پرينسيپی زۆرينه ده‌توانین بڵێين که زۆربه‌ی دانيشتووانی ئێران زمانيان فارسييه، هه‌ر بۆيه زمانی "فه‌رمی" ئێران ده‌بێ ببێته فارسی! فیدێراليزم ئه‌م کێشانه چاره‌سه‌ر ده‌کا. به‌م واتايه که هه‌ر ناوچه‌يه‌ک بۆ خۆی دياری ده‌کا، چ ڕۆژێک بۆ چ مه‌به‌ستێک و بۆنه‌يه‌ک ده‌کاته ڕۆژی پشوودان و ته‌عتيلی. ته‌نانه‌ت سيسته‌مێکی وه‌ک فه‌رانسه له ئێران ـ زۆريش دێمۆکرات بێ ـ کێشه‌ی زۆر دروست ده‌کا. سيسته‌می کۆماریی که له سه‌ر بنه‌مای دێمۆکراسی زۆرينه‌يه، له وڵاتێکی وه‌ک ئێران جگه له ديکتاتۆری چی لێ هه‌ڵناکه‌وێ. ئه‌م سيسته‌مه‌ی که ئێمه ده‌بێ خوازياری بين، ده‌بێ پاڕڵمانتاری بێ، سه‌رۆک کۆمار ته‌نيا ده‌بێ ده‌وری هێمايی و سه‌مبۆليکی هه‌بێ. دێمۆکراسی زۆرينه ته‌مه‌رکوزی هێزی سياسی و ئابوری دێنێ، که له وڵاتێکی وه‌ک ئێران کاره‌ساتی به‌دواوه هه‌بووه.
به باوه‌ڕی من کورد ده‌بێ کاری زۆرتر له سه‌ر چه‌مکی دێمۆکراسی بکا و ڕوونی بکاته‌وه که مه‌به‌ستی له دێمۆکراسی چييه. ئايا ئه‌گه‌ر سبه‌ی له ئێران ڕێفراندۆمێک بکردرێ که زۆرينه‌ی خه‌ڵکی ئێران ته‌يدا بريار بده‌ن که به جێگای فیدێراليزم حکومه‌تێکی زۆر به‌هێزی ناوه‌نديان ده‌وێ، کورد ده‌بێ له‌م ئامانجه‌ی که 65 ساڵه خه‌باتی بۆ ده‌کا، پاشه‌کشه بکا؟! نه‌خير. ئه‌گه‌ر شتێکی وا بێته پێشێ، کورد زۆر به ڕوونی ده‌بێ دروشمی جيابوونه‌وه و هه‌ڵگرتنی ئاڵای پێک‌هێنانی حکومه‌تی نه‌ته‌وه‌يی خۆی بدا. چونکه ئه‌و شێوه دیمۆکراسييه خۆی‌له‌خۆی‌دا له ژێر پێنانی مافی کوردی به‌دواوه ده‌بێ. هه‌ر بۆيه‌ش ده‌بێ زۆر به‌ڕوونی بوترێ که دێمۆکراسی له وڵاتی فره‌نه‌ته‌وه ـ فره‌قه‌ومی ـ فره‌زمانی زۆر جياوازه له گه‌ڵ دێمۆکراسی له وڵاتێکی بۆ وێنه ته‌ک قه‌ومی. ئێمه ده‌بێ بۆ ئه‌م شێوه دێمۆکراسييه خه‌بات بکه‌ين که له سويس و به‌لژيک دامه‌زراوه. بنه‌ما سه‌ره‌کييه‌کانی دیمۆکراسیيه‌ک که ئێمه گه‌ره‌کمانه دايمه‌زرێنين بريتين له مافی برياردان له سه‌ر چاره‌نووسی سياسی خۆمان و به‌شداری له حکومه‌ت وه‌ک کۆلێکتيو.
باسی هه‌ڵبژاردن وه‌ک پێوه‌ری دێمۆکراسی و رژێمی ئێرانتان کردووه. دياره که هه‌ڵبژاردن له ئێران دا هيچ کات و ساتێک هه‌ڵبژاردنی ڕاسته‌قينه نه‌بووه. حکومه‌تی ئێران باوه‌ڕی به هه‌ڵبژاردن نه‌بووه و نييه و ناتوانێ بیبێ. ئه‌م حکومه‌ته مه‌شرووعييه‌تی خۆی نه له خه‌ڵک، به‌ڵکوو له خودا و مه‌لاکان وه‌رده‌گرێ. دووهه‌م شه‌رت و مه‌رجی دیمۆکراسی يه‌ک جار زۆرن که هه‌ڵبژاردنی ئازاد ته‌نيا يه‌کێک له‌وانه. گرينگترينی ئه‌م مه‌رجانه ئازادی ده‌ربڕينی بيروبۆچوونی سياسی و فه‌لسه‌فی، ... يه که نييه، ئازادی مێدياکانه که نييه، ئازادی ڕێکخراوه سياسييه‌کانه که نييه، به‌رامبه‌ری مافی شارومه‌ندييه که نييه، يه‌کسانی ژن و پياوه که نييه، يه‌کسانی پێکهاته نه‌ته‌وه‌ييه‌کان، زمانه‌کان، ئايينه‌کانه که نييه، بوونی زۆرينه به که‌مينه و که‌مينه به زۆرينه‌يه که نييه، جيايی دين و ئايين و باوه‌ڕی فه‌لسه‌فی له ده‌وڵه‌ته که نييه. که وايه نه‌ته‌نيا هه‌ڵبژاردن له حکومه‌تی ئيسلام له ئێران مانای نييه، به‌ڵکوو هه‌روه‌ک ديتمان باوه‌ڕی به‌م شته‌ی که بۆ خۆی ناوی ناوه هه‌ڵبژاردنيش نييه.
له کۆتايی‌دا جه‌خت بکه‌مه سه‌ر ئه‌وه که دیمۆکراسی شتێک نييه جگه له مکانيزمێک که بوونی که‌مينه به زۆرينه و زۆرينه به که‌مينه مومکين بکا. له وڵاتێک که چه‌ند نه‌ته‌وه‌ييه و نه‌ته‌وه‌يه‌ک زۆرتره له وانی تر، له دیمۆکراسی زۆرينه‌دا هه‌ميشه زۆرينه ده‌مێنێته‌وه و ئه‌وه‌ش که که‌مينه‌يه هه‌ميشه که‌مينه. هه‌ر بۆيه‌ش ده‌بێ چه‌شنێک له دێمۆکراسی دابمه‌زرێ که پێش ئه‌م که‌مايه‌سييه بگرێ. ته‌نيا دیمۆکراسی ته‌وافوقی و فیدێراتيو ده‌توانێ ئه‌م کاره‌ی بکا.
ره‌وانیوز: زۆربه‌ی به‌رهه‌ڵستکارانی ئه‌م شێوازه له ئێران به‌تایبه‌ت پان‌ئیرانیسته‌کان و کومونیسته‌کان و هه‌روه‌ها سه‌ڵته‌نه‌ت‌ته‌ڵه‌به‌کان له‌و بڕاوه‌یه دا‌ن که فیدێڕاڵیزم ده‌بێته هۆی پارچه پارچه بوونی ئێران. وه‌ک وێنه‌ش کۆزۆڤۆ و هه‌رێمی کوردستان ده‌هێننه‌وه. رای ئێوه چیيه؟
ناسر ئێرانپوور: ئه‌وانه راست ناکه‌ن. له به‌ر ئه‌وه‌ی مێژوو سه‌لماندوویه که هیچ کات فێدرالیزم نه‌بو‌ته هۆی پارچه‌پارچه بوونی وڵاتێک. پێچه‌وانه‌که‌ی که پێشووتريش باسم کرد، هه‌بووه. جگه له مه هه‌رێمی کوردستان جیانه‌بوه‌ته‌وه. ئه‌و هۆکاره‌ش که بۆته هۆی پارچه‌پارچه بوونی یوگۆسلاوی ـ که له کرواسی ده‌ستی پێ کرد و له‌م دوایانه‌ش‌دا کۆسۆوۆشی گرته‌وه ـ به پێ سیاسه‌تی شۆوينیستی حکومه‌تی ناوه‌ندی ڕووی دا، یانی ده‌وڵه‌تی "سۆسياليستی" که له یوگوسلاوی له سه‌ر کار بوو، ده‌سه‌ڵاتی خودموختاری چه‌ند ناوچه‌ی يۆگۆسلاوی لا برد و وتی "بۆ خۆمان هه‌موو کاره‌کانيان ده‌که‌ین. لابردنی ده‌سه‌ڵاتی فێدرال بوو به يه‌کێک له هۆيه‌کانی جيابوونه‌وه، نه‌ک فیدێڕاليزم.
به‌ڵام ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه‌یک بیهه‌وێ جودا بێته‌وه، بۆ وێنه کورد له ئێران، ئیتر نه فیدێڕاڵیزم پێشی ده‌گرێ، نه ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی. که‌وایه فێدرالیزم هۆکار و بيانوو نییه، به‌ڵکوو ویست و خواسته بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان له چوارچێوه‌ی وڵاتێک‌دا. نه فێدراليزم، به‌ڵکوو ئه‌م هه‌ل‌ومه‌رجه‌ی که ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی دای ده‌سه‌پێنێ، ده‌بنه هۆی جوودابوونه‌وه.
پێم خۆشه به ڕوونی بۆ هه‌موو لايه‌نه‌کانی باس بکه‌ين که مافی دياری کردن بۆ خۆمان وه‌ک نه‌ته‌وه‌يه‌ک قائيلين. ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌م مافه بۆ ئێمه گرينگه، مانه‌وه له ئێران بۆمان گرينگ نييه. ئێمه ده‌ڵێين چه‌وسانه‌وه و کۆلۆنياليزم ده‌بێ له وڵاته‌که‌مان نه‌مێنێ و ئه‌وه‌ش ته‌نيا به فیدێڕاليزمه که وه‌ده‌ست دێ. ئه‌گه‌ر فێدرالیزم نه بێ، منی کورد جودا ده‌بمه‌وه، ئه‌گه‌ر مافه‌کانی من له ئێرانی داهاتوو دا ده‌سته‌به‌ر نه‌کرێ، ئه‌گه‌ر خاوه‌ن مافی نه‌ته‌ويی و مافی شارومه‌ندی سیاسی و ئابوورئ خۆم نه‌بم، هه‌ر له ئیستاوه ئیمزا ده‌که‌م که جوودا ده‌بمه‌وه. به‌ڵێ، ئه‌گه‌ر به‌و مافانه‌ی که باسم کرد، نه‌گه‌م، به‌ڵگه‌و دێکۆمێنت ده‌ده‌م که جوودا ده‌بمه‌وه. ده‌بێ ئه‌وه په‌یامی ڕوونی کورد بێت بۆ لایه‌نی به‌رامبه‌ر. ئه‌مه ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که هیچ بيانوويه‌ک بۆ لایه‌نی به‌رامبه‌ر نه‌مێنێ. ده‌بێ کورد به‌م کو‌لتوور و سه‌راحه‌ته و شه‌فافييه‌ته و سه‌ربه‌رزييه په‌روه‌رده بکردرێ. ده‌بێ جيابوونه‌وه به گوناح نه‌زانين و بڵێين که پێکهاته‌ی سياسی ئێران له بنه‌ڕه‌ت‌دا نه‌گۆڕدرێ و من له داڕشتنی‌دا به‌شدار نه‌بم، به‌ره و سه‌ربه‌خۆيی ده‌ڕۆم.
کورد ده‌ڵێ ده‌مه‌وێ ئاگايانه له چوارچێوه‌ی سنووری ئێران سیستمێکی فێدرالی دیمۆکرات پێک بێنم. ئه‌و کات کورد هۆکاری جوودابوونه‌وه‌ی نامێنێ. ئه‌گه‌ر کورد له چوارچێوه‌ی سنووری ئێران به ئازادی ودیمۆکراسی و مافه ره‌واکانی خۆی بگات، ئه‌گه‌ر ئه‌حمه‌دی نژاد‌ناوێک بۆ 8ساڵ به سه‌ری دانه‌سه‌پێنن، خاوه‌ن بڕیار و پارڵمان و ئیداره‌ی خۆی بێت، بۆ ده‌بێ جيا بێته‌وه؟ سویس که ناوی لێ ده‌به‌ن به‌ناوی نه‌ته‌وه‌يه‌ک بوونی نیيه، به‌ڵکوو حکومه‌تێکی پێک هاتووه له ئیتالیایی و فه‌رانسه‌ویی و ئاڵمانی‌یه. ئێرانیش هه‌روه‌تر؛ ئێمه نه‌ته‌وه‌یه‌کمان به ناوی ئێران نیيه. به بڕوای من ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتێکی ناوه‌ندی يه‌کده‌ست به ناوی "حکومه‌تی نه‌ته‌وه‌يی ئێران" ببێت، ئێرانی داهاتوو پارچه‌پارچه ده‌بێت. ئه‌مه راستێکی حاشا هه‌ڵنگره.
ره‌وانیوز: له سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردن دروشمی پشتگيری له مافی نه‌ته‌وه‌کان، هه‌ڵبه‌ت له ژێر ناوی "که‌مایه‌تييه قه‌ومييه‌کان"، له لایه‌ن موسه‌وی و که‌روبی درا و هه‌روه‌ها ره‌زایی باسی له فێدرالیزمی ئابووری ده‌کرد، به شیوه‌یه‌ک که ئێران بکرێ به هه‌شت هه‌رێمی ئابووری. له‌گه‌ڵ ئه‌مانه عه‌بدوڵا نوری، وه‌زیری ناوخۆی سه‌رده‌می خاته‌می، باسی له فێدرالیزم وه‌ک سیسته‌مێک بۆ ئیداره‌کردنی ئێرانی ده‌کرد. ئـایا هه‌موو هه‌مانه سه‌لمێنه‌ری حه‌قانیيه‌تی سیسته‌می فێدرالیزمن یان نه، ته‌نيا په‌روپاگه‌نده‌ی پێش هه‌ڵبژاردن بوون؟
ناسر ئێرانپوور: به بڕوای من هه‌ردوکیانن. ئه‌وان نایه‌ن به سیسته‌م‌گه‌لێکی دیکاتۆری په‌روپاگه‌نده بۆ خۆيان بکه‌ن. ئيتر ناڵێن که ده‌مان هه‌وێ حکومه‌تی ئيسلامی عه‌ڕه‌بستان و ته‌ڵبان و سۆمالی و "عه‌دڵی عه‌لی" دامه‌زرێنين. ئه‌وان به پێ ویستی خه‌ڵک به ئازادی و دێموکراسی په‌رو پاگه‌نده ده‌که‌ن. به‌ڵام له‌وانه‌یه به راستی ئه‌و که‌سانه گه‌یشتبن به‌و راستیيه‌ش. به تایبه‌ت ئه‌و که‌سانه‌ی که بڕوایان به دیالێتیک هه‌بێ، بڕوايان به گۆڕان هه‌بێ، ده‌بێ بڕوايآن به وه هه‌بێ که ئه‌م که‌سانه‌ش له‌وانه‌يه گۆڕانيان به‌سه‌ر داهاتبێ. ئه‌وانه تا دۆێنێ ئه‌و سیستمه‌یان پێ ئامانج وهیوای خۆيان بوو، به‌ڵام ئه‌مڕۆکه پێچه‌وانه‌که‌ی بیر ده‌که‌نه‌وه يان لانی که‌م به پێچه‌وانه‌که‌ی قسان ده‌که‌ن. ئه‌مه خۆی‌له‌خۆی‌دا باشه و به‌قازانجی خه‌ڵکه. جا به ناوی هه‌ر که‌سێکه‌وه بێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که چه‌نده راسته یان په‌روپاگه‌نده‌یه، راستیه‌که‌ی ئێمه ناتوانین دیاری بکه‌ین. زۆریش گرينگ نيیه. گرينگ ئه‌وه‌یه که ئه‌و شته‌ی که هه‌تا دۆینێ خه‌ڵکیان له سه‌ر ده‌کوشت، ئه‌مڕۆ بۆ خۆیان باسی ده‌که‌ن. له بیرمان نه‌چێ که خومه‌ینی به نیسبه‌ت دێموکراسی چی ده‌گوت. به‌ڵام ئه‌مڕۆکه هه‌مویان باسی دێموکراسی ده‌که‌ن. له‌م دوایانه‌ش دروشم و ئامانجی فێدرالیزم ئه‌وه‌نده نفووزی کردووه و په‌ره‌ی ستاندووه که ته‌نانه‌ت ده‌سه‌ڵاتدارانیش ناتوانن خۆیانی لێ بدزنه‌وه. ئه‌وان ده‌زانن که خواستی نه‌ته‌وه‌کان زۆر په‌یوه‌ندی به‌و دروشمه‌وه هه‌یه.
ره‌وانیوز: باسی "زۆرینه"و گرفته‌کانی‌تان کرد. له عێراق ئیمه نیوه فێدرالیزمێک ده‌بینين که ئه‌ویش ته‌نيا له لایه‌ن کورده‌وه به‌های پێ ده‌درێ، هه‌رچه‌نده له یاسای بنه‌ڕه‌تی ئه‌م وڵاته دیاری کراوه، به‌ڵام زۆرینه که عه‌ره‌به، به شیعه و سوننيه‌وه، هه‌موو کات له‌مپه‌ر بوون له‌به‌ر ده‌م حکومه‌تی هه‌رێم. ئایا له داهاتوی ئیرانێکی ئازاد و فێدرالیش کورد تووشی هه‌مان نه‌خۆشی زۆرینه ده‌بێ یان فره‌نه‌ته‌وه بوونی ئێران ڕێگره له که‌ڵک وه‌رگرتن له‌م ديارده‌يه؟
ناسر ئێرانپوور: ئێران زۆری جیاوازی به نیسبه‌ت عێراقه‌وه هه‌يه. به‌لای باش و خراپه‌وه جیاوازی هه‌یه. له ئێران زۆرینه به ده‌ست هیچ نه‌ته‌وه‌ک نيیه، به‌ڵام له عێراق به ده‌ست عه‌ره‌به‌وه‌یه. ئێران وڵاتێکی خاوه‌ن مێژووه، وه‌ک عێراق نیيه که له لایه‌ن وڵاتانی ئیستیعماریه‌وه پێک هاتبێت، که به زه‌ره‌ی کوردیش ته‌وا بوو. له ئێران کورد به نیسبه‌ت عێراق له لایه‌ن نه‌ته‌وه‌کانی تر خۆشه‌ویستره. شتێکی تر هه‌یه ئه‌وه‌یه که له ئێران زۆر که‌س ته‌نيا به ناو فارسن. ده‌یان جار بووه که که‌سانێک به فارسی قسه‌یان کردوه، به‌ڵام دواتر ڕوون بۆته‌وه که هی نه‌ته‌وه‌یه‌کی ترن. من له‌م دوایانه‌دا زانیم موسه‌وی ئازه‌ریه، که‌ڕوبی لۆره و ره‌زایی به‌ختیاریه. که‌واته دوو رۆژی تر که پرسی نه‌ته‌وه‌کان له ئێران گه‌وره‌تر ده‌بێته‌وه، ته‌رکیبی ئێران باشتر دیاری ده‌کرێ. ئه‌و ئیعتباره‌ی کورد له ئێران به ده‌ستی هێناوه له داهاتوو هه‌وێن و پاڵپشتێکی باشه بۆ ئه‌وه‌ی کورد بتوانێت کێشه‌کانی خۆی پێ چاره‌سه‌ر بکات. بۆ وێنه راگه‌یاندنی حیزبه سه‌رانسه‌رييه‌کان له گه‌ڵ حیزبه کوردیه‌کان ده‌بینین. تا ئیستا نه‌مان ديووه که حیزبێکی سه‌رانسه‌ری له‌گه‌ڵ حیزبی نه‌ته‌وه‌کانی تر هاوکاری بکات و ته‌نانه‌ت راگه‌یاندنێک بدات، یاخود په‌یمانی هاوکاری ببه‌ستێت. به خۆشحاڵیه‌وه هه‌موو کات ئه‌و حیزبه ئێرانييانه بوون که داخوازی هاوکاری له گه‌ڵ حیزبه کوردیه‌کان بوون. ئه‌گه‌ر رێکخراوی فیدائیانی گه‌ل، له گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌و حیزبی دێموکرات بڕیارنامه‌یه‌ک ئیمزا ده‌کات، ئه‌وه بۆ هه‌تا هه‌تایه له مێژوو ده‌مێنێته‌وه و ئیعتباره بۆ کورد و نیازی کورد زۆرتر ده‌باته نێو ئه‌وان، ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌وان کورد و داخوازیيه‌کانی باشتر بناسن. سه‌ره‌رای ئه‌وه من پێم وایه نييه که ئێمه له ئێران کێشه‌مان که‌متر ده‌بێ. هه‌ر ئاڵوگۆرێک له ئیران کێشه ده‌خۆڵقێنێ. ڕه‌نگه کێشه‌ی سه‌ره‌کی ئێمه نه فارس و حکومه‌تی ئێران، به‌ڵکوو گرفتی "ئازه‌ربايجانی ڕۆژئاوا" بێ. بۆ ئه‌وه‌ی که ئه‌م کێشه‌مان بۆ ساز نه‌بێ، پێويسته له له‌گه‌ڵ ڕووناکبيرانی ئازه‌ری ڕێگاچاره‌يه‌ک بدۆزرێته‌وه. ئێمه‌ی کورد نا‌بێ له‌بير بکه‌ين که رژيمێکی وه‌ک تورکيه به قازانج و به‌رژوه‌ندی نييه که کورد له‌وبه‌ری سنووره‌کانی "خۆی"، واتا ئێران، به مافه‌کانی خۆی بگا.
به گشتی رێگای دیمۆکراسی له ئێران هه‌موار نيیه. بۆیه کورد ده‌بێ خۆی بۆ ئه‌و کێشانه ئاماده بکات. پێک‌هێنانی به‌ره‌ی کوردستانی، به‌ره له گه‌ڵ هێزه پێشکه‌وتووخوازه‌کانی ئێران و هه‌روه‌تر به‌ره و ڕێکه‌وتنێک له گه‌ڵ پێشکه‌وتووخوازانی ئازه‌ربايجان به قازانجی چاره‌سه‌ر بوونی کێشه‌که‌يه له گشت ئێران.
من به‌داخه‌وه مه‌ترسی ئه‌وه‌ی ده‌بينم که ئاڵ‌وگۆڕه‌کانی ئێران بێ خوێنڕێژی نه‌بێ. ئه‌وه‌ش له پێش هه‌موو شتێک‌دا په‌يوه‌ندی به ته‌مه‌نی درێژی رژيمی شه‌ڕ و تێرۆر و ديکتاتۆری ئيسلامی ئێرانه‌وه هه‌يه، نه‌ک به دێمۆکراسی و فیدێڕاليزم.
ره‌وانیوز: ساڵانێکه ڕێکخراوه‌يه‌ک به ناوی "کۆنگره‌ی ئێرانی فێدرال" هه‌یه که زۆربه‌ی حیزبه نه‌ته‌وه‌یيه‌کان تێيدا به‌شدارن، به‌ڵام جگه له کورد، که ئه‌ویش ده‌گه‌رێته‌وه بۆ مێژووی خه‌باتی بێوچانی بۆ گه‌یشتن به ئازادی و دێموکراسی، حیزبی نه‌ته‌وه‌کانی تر یان تازه‌ن یان نه‌ناسراون و له ئاڵوگۆره‌کانی ناوخۆ ده‌وری کاریگه‌ریان نیيه. تاچه‌ند ئه‌م کونگره‌یه ده‌توانێ پێش‌زه‌مینه‌ی سیسته‌می فێدرالیزم له ناو نه‌ته‌وه‌کانی تر و ئێران ئاماده بکات بۆ ئه‌وه‌ی که له ئه‌گه‌ری ئاڵوگۆری سیاسی و ریفراندۆم دا، فێدرالیزم وه‌ک سیسته‌می ده‌وڵه‌تداری دیاری بکرێ؟
ناسر ئێرانپوور: ده‌کرێ پرسیاره‌که جۆریکی تر بکه‌ین: ئایا کورد له ئێران ده‌یهه‌وێ به‌ره‌یه‌ک پێک بێنێ یان نا؟ به‌ره له گه‌ڵ کێ؟ له حاڵێکدا حیزبه کوردیيه‌کان ئه‌وه‌نده به‌رین و جه‌ماوه‌رین، حیزبه سیاسه‌کانی ئێرانی وا نین. ئه‌وه ڕاسته، به‌ڵام من پێم وايه که هه‌ر حیزبێک ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر که‌سایه‌تێکیش بێ، به مه‌رجێک له گه‌ڵ ويست و داخوازه‌کانی کۆنگره بێت، ده‌بێ بتوانێت به‌شداری ئه‌و کونگره‌یه بێت و تێه‌دا ببێ به ئه‌ندام. کورد هه‌موو کات یارمه‌تیده‌ر بووه و ده‌بێ یارمه‌تیده‌ر بمێنێت. من پێم وایه دره‌نگ یان زوو ئه‌وانیش ده‌بنه خاوه‌ن بنکه‌ی جه‌ماوه‌ری خۆيان. ئه‌گه‌ريش نه‌بوون، کۆنگره زه‌ره‌ری نه‌کردووه. جابۆيه زۆر جێگه‌ی خۆشحاڵیه که حیزبه کوردیيه‌کان خۆیان به‌زڵ نازانن، و له چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی کورد هه‌ڵوێست ده‌گرن و هاوکاريان ده‌که‌ن و یارمه‌تيان ده‌ده‌ن. دوکتور قاسملووی تێکۆشه‌ر ساڵانێکی زۆر به‌دوای ئاوا به‌ره‌یه‌ک دا بوو. به‌تايبه‌تی زۆر هه‌وڵی دا يارمه‌تی بدا "فرقه‌ی دێمۆکراتی ئازه‌ربايجان" زيندوو بکاته‌وه و له‌گه‌ڵ هێزه‌کانی ئێرانی به‌ره‌يه‌ک پێک بێنێ. ئێستا که ئه‌و کۆنگره‌یه پێک هاتوه به رای من شتێکی زۆر باشه. دیاره لاوازه، له زۆر لایه‌نه‌وه‌ش لاوازه، به‌ڵام هه‌موو شتێک له سه‌ره‌تا دا لاوازه.
پرسی به‌ره‌ش که له کوردستان هه‌یه له راستی دا کێشه‌ی تایبه‌ت به خۆی هه‌یه. به‌داخه‌وه پرش و بڵاوێکی زۆر له ناو هێزی کوردی‌دا هه‌يه. به کوردی خۆمان، هه‌م سه‌ريان له‌خۆيان شێواندووه و هه‌م له خه‌ڵک. ئه‌گه‌ر ده‌ڵێن حیزبی دیمۆکرات، ده‌بێ بپرسين: "کامیان؟" یان ده‌ڵێن "کۆمه‌ڵه"، ده‌بێ پرسيار بکه‌ين: "کام کۆمه‌ڵه؟". به بڕوای من ده‌بێ هه‌موو لایه‌نه‌کان له پێک‌هێنانی به‌ره‌یه‌کی کوردستانی پشتیوانی بکه‌ن. ئێمه چۆن ده‌توانين داوای به‌ره و يه‌کگرتن له خه‌ڵک بکه‌ين، به‌ڵام بۆخۆمان وه‌زع و حاڵمان وابێ؟! به‌ره‌ی کوردستانی ده‌ور و ئيعتيباری کورد له ده‌ره‌وه و ژووره‌وه، له کۆنگره، له ناو هێزه‌کانی ئێرانی، له ناو خه‌ڵکی ئێران زۆر ده‌کا و هيوا و هوميدێکی زۆر ده‌به‌خشێ به گه‌له‌که‌مان و دڵگه‌رمتريان ده‌کا تێ‌بکۆشن بۆ ئاسۆيه‌کی ڕوون.
کونگره‌ی نه‌ته‌وه‌کانی ئێرانیش هه‌نگاوێکی دروسته. خۆشحالم که حیزبه سیاسییه ره‌سه‌نه‌کانی کورد کۆمه‌ڵه و حیزبی دێموکرات به هه‌موو لایه‌نه‌کانیه‌وه پشتیوانی لێ ده‌که‌ن و پایه‌ی ئه‌سڵی ئه‌و کۆنگره‌یه‌ن. ئه‌وه نفوز و که‌سایه‌تی به کورد ده‌دات. له داهاتووی ئێرانيش ئێمه ده‌بێ چه‌ند به‌ره‌مان هه‌بێ. چ له پارله‌مانی فێدرال، چ له پاڕلمانی کوردستان، چ له نوێنه‌رايه‌تی گه‌لانی ئێران له ناوه‌ند (مه‌جليسی سێنا) چ له‌گه‌ڵ ئازه‌رييه‌کان. کورد ده‌بی به‌تايبه‌تی له پارله‌مانی فیدێڕاڵ به‌ره‌یه‌ک پێک بینێ له به‌ر ئه‌وه‌ی به‌و رێژه‌ی هه‌یه‌تی ناتوانێت به‌ته‌نيا ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌وه بگرێت. جگه له مه من پێم وایه وه‌ها کونگره‌یه‌ک ده‌توانێ پایه‌یه‌ک بێت بۆ شورای فێدرالی داهاتوو (واته مه‌جليسی سێنا).
سێ ناوه‌ندی بڕيارده‌ری ياسا و سياسه‌ت له ئێرانی فێدرال‌دا و پێويستی پێک‌هێنانی به‌ره بۆ کاری هاوبه‌ش له‌و ناوه‌ندانه |
|||
پاڕڵمانی |
نوێنه‌رايه‌تی |
گرينگترين ئه‌رکه‌کانی
|
چه‌شنی ئێتيلاف و به‌ره |
فێدرال |
نوێنه‌رانی خه‌ڵکی ئێران وه‌ک شارومه‌ند |
داڕشتن و په‌سه‌ندکردنی گرينگترين ياساکانی هاوبه‌شی وڵات (ياسای فێدرال) و پێک‌هێنانی حکومه‌تی فێدرال له لايه‌ن گه‌وره‌ترين ئيئتيلاف و فراکسيۆنی خۆی‌دا. |
پێک‌هێنانی به‌ره ياخود ئيتيلافێک له گه‌ڵ هێزه‌کانی هاوبير له پارڵمانی فێدرال |
سێنا |
نوێنه‌رايه‌تی ئه‌ياله‌ته‌کان له ناوه‌ند |
کاری چاوه‌دێری به سه‌ر حکومه‌تی فێدرال و په‌سه‌ندکردنی به‌شێکی زۆری ياساکانی په‌سه‌ندکراوی پاڕلمانی فێدرال ده‌بێ و مافی وێتۆی ده‌بێ. |
پێک‌هێنانی به‌ره ياخود ئيتيلافێک له گه‌ڵ هێزه هه‌رێمی و نه‌ته‌وه‌ييه‌کانی پێشکه‌وتووخوازی گه‌لانی ئێران بۆ کۆنترۆڵ کردنی حکومه‌تی ناوه‌ندی و چاوه‌دێری به سه‌ر ياساکانی په‌سه‌ندکراوی پاڕڵمانی فێدرال، جگه له مه پێک‌هێنانی کۆمۆسيۆنێکی هاوکاری تايبه‌ت به په‌يوه‌ندی کورد و ئازه‌ری (بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی کورد له ئازه‌ربايجان و ئازه‌ریيه‌کان له کوردستانی داهاتوو) |
ئه‌ياله‌تی |
نوێنه‌رانی خه‌ڵکی هه‌ر ئه‌ياله‌تێک |
داڕشتن و په‌سه‌ندکردنی ياساکانی هه‌رێمی ئه‌ياله‌تی و پێک‌هێنانی حکومه‌تی ئه‌ياله‌تی له ناو گه‌وره‌ترين ئيئتيلاف و فراکسيۆنی خۆی‌دا. |
پێکهێنانه‌ی ئيتيلافێک له هێزه پێشکه‌وتووخوازه‌کانی کورد بۆ هاوکاری له پاڕڵمانی کوردستان و پێک‌هێنانی فراکسيۆنێک له پاڕلمانی ناوه‌ندی، پێک‌هێنانی حکومه‌ت له کوردستان |
ره‌وانیوز: رۆڵی جه‌ماوه‌ر به گشتی و حیزبه سیاسیيه‌کان به‌تایبه‌ت له سه‌ر په‌ره‌پێدانی دروشم و مه‌قبولييه‌تی سیسته‌می فێدرالیزم له کوردستان و ناوچه‌کانی تر ده بێ چ بێت، ئه‌ويش به‌و سیسته‌مه دیکتاتۆر‌ييه‌ی که ئێستا به‌سه‌ر ئێران‌دا حاکمه، ئه‌و میدیایانه‌ی که به‌ده‌ست حیزبه کوردیيه‌کانه‌وه‌يه؟
ناسر ئێرانپوور: فیدراڵیزم وه‌ک مه‌کته‌به‌کانی تر نيیه. له ئێران زۆر نفوزی هه‌بووه، زۆری باس کراوه. ئه‌من بۆ خۆم ده‌یان وتارم له رۆژنامه ره‌سمییه‌کانی ناوخۆی ئێران و به‌تایبه‌ت له کوردستان بڵاوکردۆته‌وه. هه‌روه‌ها دیتوومه که رۆژنامه گشتیيه‌کانی ئێران که له‌سه‌ر پرسی فێدرالیزم وتاريان بڵاو کردۆ‌ته‌وه. له ده‌سه‌ڵاتێکی دێکتاتۆری وه‌ک وه‌لایه‌تی فه‌قیه دا شانسمان زۆرتره بتوانيم لایه‌نی به‌رانبه‌ر باشتر به قه‌ناعه‌ت بگه‌يه‌نين که ده‌سه‌ڵاتێکی ناوه‌ندی هه‌موو کات به زه‌ره‌ری جه‌ماوه‌ر بووه. بۆ چی ده‌بێ که‌سێک وه‌ک خامنه‌یی "رێبه‌ر" ئه‌و هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌ی هه‌بێت، وه‌ک مێدیا و داد و پارڵمان و ... ئه‌م پرسه ته‌نيا په‌یوه‌ندی به فیدێڕاليزمه‌وه نييه، به‌ڵکوو به دیمۆکراسی و مافه‌کانی تره‌وه‌ش هه‌یه. له نیزامێکی فێدرال دا ئێمه باشتر به مافه‌کانی خۆمان ده‌گه‌ین تا سیستمێکی تر، چوونکه هێزی سه‌رکووت ئه‌وه‌نده گه‌ره نا‌بێ، ناوه‌ندی به‌هێزمان ئه‌وه‌نده نابێت و گه‌لێک هۆکاری تر. یه‌کێک له بنه‌ماکانی فێدرالیزم ئه‌سڵی "سوبسيدياريتێت"، یانی دانه‌وه‌ی ماف له‌سه‌ره‌وه بۆ خوارێ‌یه؛ یانی دابه‌ش کردنی ده‌سه‌ڵات له نێوان شاره‌کان، ئه‌یاله‌ت و ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی. حیزبه کوردیه‌کان به‌و مێدیایه‌ی که له ده‌ستیان دایه، زۆر باشه ئه‌و پرسه شی بکه‌نه‌وه. به‌ڵام به داخه‌وه له‌و زه‌مینه‌یه که‌م کار کراوه. به رای من ده‌کرێ وێنه‌گه‌لی فێدرالیزم که ئێستا له دنیا به‌ڕیوه ده‌چن، شی بکه‌ینه‌وه. به وت‌وێژ، به وێنه، بۆ خه‌ڵکی ئێرانی شی بکه‌ینه‌وه که بۆ ئه‌وه‌ی له‌و وڵاتانه هه‌یه له هی ئێمه باشتره. ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی نفوزی زیاتری ئیده‌ی فێدرالیزم له ناو جه‌ماوه‌ر دا. فیدێڕاليزمی خاڵی زۆر به‌هێزی هه‌ن که يه‌کێک له‌وان ئه‌وه‌يه که ته‌نيا ناوه‌ندێکی برياده‌رمان نا‌بێ، لانی که‌م سێ چه‌شنه پاڕلمانمان ده‌بێ؛ له فیدێڕاليزم مێدياکان هی حکومه‌تی ناوه‌ندی نابن، به‌ڵکوو هه‌ر ئه‌ياله‌ته‌ی مێديای سه‌ربه‌خۆی ده‌بێ... به گشتی ده‌توانين بڵێين که ئه‌م شته‌ی که ئێمه ده‌مان هه‌وێ دايمه‌زرێنين له وڵاتاتێکی وه‌ک ئه‌مريکا، کانادا، ئۆستراليا، ئێسپانيا، سويس، ئاڵمان، بێلژيک، هێند، ئه‌ماراتی يه‌کگرتووی عه‌ره‌بی و ... له مێژ ساڵێکه پياده کراوه. جگه له‌م ڕاستييه ئێران ڕێگايه‌کی تری نييه جگه له فیدێڕاليزم، به هۆی پێکهاته‌ی جۆراجۆری نه‌ته‌وه‌يی و ئێتنيکی.
ره‌وانیوز: کاک ناسر گيان، زۆر سپاس بۆ ئه‌م کاته‌ی که بۆ ئه‌م ديمانه‌يه ته‌رخانتان کرد. دڵنيام که ئه‌م قسانه و هه‌روه‌تر ئه‌م کاره لێکۆڵينه‌وه‌يانه و وه‌رگێڕانانه‌ی جه‌نابتانيش زۆر يارمه‌تی به ڕوونبوونه‌وه‌ی باسه‌که ده‌کا. ئه‌من ئه‌م ديمانه و وت‌ووێژه تۆمارکراوه دێنمه سه‌ر کاغه‌ز، ديسان بۆتان ده‌نێرم، بۆ وه‌ی که ئه‌گه‌ر تێبينييه‌ک و ڕوونکردنه‌وه‌يه‌کتان هه‌بوو، پێی زياد بکه‌ن.
ناسر ئێرانپوور: به چاوان و سپاس بۆ ئێوه و بۆ زه‌حمه‌ته‌کانتان.