بۆ »به‌رپرسانی« حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان:
ئاوڕێکيش له لێقه‌وماوان بده‌نه‌وه!
ناسر ئێرانپوور
زۆرجار لێره‌وله‌وێ ده‌نگ و باسی ژیانی پڕ له چه‌رمه‌سه‌ری کورده ئاواره‌کانی ئێرانی له که‌مپی »ئاڵتاش«ی شاری رۆماديه‌ی عێراقم بيستبوو، ياخود خوێندبووه. له که‌سانێکيش که توانيبوويان له‌م ئۆردوگايه ده‌رباز بن و به هه‌زار کوێره‌وه‌ری خۆبگه‌يه‌ننه ئاڵمان، به‌سه‌رهاتی پر له ره‌نج و مه‌ينه‌تی ئه‌م کوردانه‌م گوێ لێبوو‌ه. نێوی رۆماديه ببۆ هێمايه‌کی وشه‌ويی بۆ »له‌بيرچوونه‌وه«، »په‌نابه‌ری«، »ئاواره‌يێ« و »ڵێقه‌وماوی«. ته‌نانه‌ت بيستنی ناوی ئه‌م شاره دڵ و گيانی ئازار ده‌دام. ئه‌وه‌ی که له جيهانی ئه‌مرۆدا ئێستاش مرۆڤی کورد هه‌ن که له ئۆردوگايه‌کی ئاوادا، بێ چکۆڵه‌ترين که‌ل‌وپه‌لی گوزه‌ران، بێ سه‌ره‌تايی‌ترين پێداويستیه‌کانی ژيان رۆژگار تێپه‌ڕده‌که‌ن، له ده‌ريايه‌ک خه‌م و په‌ژاره‌ی داويشتم. ئه‌م کۆمه‌ڵه ئينسانه بێ‌ده‌ره‌تانه که سه‌ره‌تا ژماره‌يان له ده‌یان هه‌زار که‌س تێده‌په‌ڕی، ببونه قوربانی شه‌ڕی ئێران و عێراق و له لايه‌ن حکوومه‌تی سه‌ددام له خاک و زێدی خۆيان له قه‌سری شيرين و ده‌وروبه‌ری ڕاندرابوون و له ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حکوومه‌تی سه‌ددام له قه‌راغ ڕۆمادیه‌ی نيزيک سنوری عێراق و ئۆردۆن نيشته‌جێ کرابوون، ئه‌ويش بێ وه‌ی که ته‌نانه‌ت وه‌ک ئاواره و په‌نابه‌ر ئيمکانات و پێداويستيه‌کانيان بۆ دابين بکردرێ. جاروبار ڕێکخراوه نێونه‌ته‌وه‌ييه‌کان ئاورێکی لێده‌دانه‌وه و له ژێر چاوه‌دێری حکوومه‌تی ناوه‌ندی به‌غدا بڕێک که‌ل‌وپه‌لی ده‌دانێ. دوای ڕووخانی سه‌ددامی فاشيست و ديکتاتۆر و تێکچوونی بارودۆخی ئه‌م ناوچه‌يه، ئاسايه‌شی ئه‌م که‌مپه چووه ژێر پرسيار و دانيشتوانی بوونه نێچیری ڕواچيانی سه‌ددامی و ئايينی به‌تايبه‌تی ئه‌لقاعيده، و ئه‌وه‌ی که هه‌بووش نه‌ما. هه‌ر بۆيه به‌شێکيان گه‌ڕانه‌وه بۆ کوردستانی ئێران، به‌شێکيان چوون بۆ هه‌رێمی کوردستانی عێراق، به‌شێکيان ئاواره‌ی هه‌نده‌ران بوون و ده‌نگۆی ئه‌وه هه‌يه که به‌شێکی چکۆڵه له دانيشتوانی ئه‌م که‌مپه که ڕووناکايه‌ک له هيچ لايه‌که‌وه نابينن، ياخود هێز و ده‌ره‌تانی ده‌ربازبوونیان نیه، هه‌ر له‌وێنده‌رێ گيرساونه‌وه.
پێشتر پێم وابوو که کورد له‌به‌ر هه‌ل‌ومه‌رجێک که تێيدايه و به هۆی ڕاوه‌ستان و پێداگرتنی له‌سه‌ر مافه زه‌وتکراوه‌کانی، له لايه‌ن حکوومه‌ته‌کانی داگيرکه‌ری کوردستان، ئاواره‌يی و ده‌ربه‌ده‌ری به به‌ژن و باڵای بڕاوه و به سه‌ریدا سه‌پاوه، چوونکه سه‌يرم ده‌کرد که به‌شێکی به‌رچاو له خه‌ڵکی کوردستانی باشوور ساڵيانێکی درێژ بوو که له شاره‌کانی دوور و نيزيکی ئێران په‌نابه‌ر بوون و به‌شيان ته‌نيا ببووه کرێکاری له کوره‌خانه‌کان و شوێنه‌کانی تر. سه‌يرم ده‌کرد و ده‌مبینی که هه‌زاران کوردی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئێران یا عێراق، هه‌زاران کوردی باشووری بچووک و باکوور له شار و گونده‌کانی خۆيان ده‌رکراون و بێگانه بۆته خاوه‌ن ماڵيان، سه‌يرم ده‌کرد که سه‌دان هه‌زار کوردی هه‌ر چوار به‌شی کوردستان له ده‌ره‌وه‌ی وڵات گه‌وره‌ترين ئاواتيان ئه‌وه‌يه که ڕۆژێک به سه‌ربه‌ستی بگه‌ڕێنه‌وه وڵا‌تی و زێدی خۆيان و چاو و دڵيان به کوچه و کۆڵانه‌کانی شار و گوندی خۆيان گه‌ش بێته‌وه.
به‌ڵام پاشان به خۆم وت: باشه، »شکور« ده‌روویه‌ک کراوه‌ته‌وه و ئیتر به له‌ناو چوونی يه‌کجاره‌يی رژيمی مرۆڤ‌کوژ و ديکتاتۆر و شه‌ڕفرۆشی سه‌ددام، ئاواره‌يی به کۆمه‌ڵ له کوردستانی باشوور له‌مه‌ودوا ده‌بێته مێژوو و کورد لانی که‌م له‌م به‌شه‌ی نيشتمانه‌که‌مان پێويست ناکا وڵا‌تی خۆی به‌جێ‌بێڵێ و ئه‌وانه‌ش که تا ئێستا ئاواره‌ی هه‌نده‌ران بوون، به شانازييه‌وه و به يارمه‌تی حکوومه‌تی کورد که کوردستانی باشوور ده‌گه‌ڕێنه‌وه خاک و وڵات و نيشتمانی خۆيان.
که‌چی ئه‌مرؤ له کاناڵی ته‌له‌ويزيۆنی »کوردستان تی‌وی« گوزارشێکم ديت که ئه‌م هيوايه‌ی شڵه‌ژاندم و دڵی هه‌ژاندم و فرمێسکی له چاوم هێنا؛ ڕێپۆرتاژێک بوو له سه‌ر بارودۆخی ژيانی جێی داخی کورده ئاواره‌کانی گه‌ڕاوه له ئێران بۆ کوردستانی باشوور. ئه‌م کۆمه‌ڵه ئينسانه که به ده‌هۆل و زورنا گه‌ڕاندبووياننه‌وه کوردستانی عێراق دوای تێپه‌ربوونی نيزيک به ساڵیک له گه‌ڕانه‌وه‌يان ئێستاش له سه‌رماوسۆڵی زستان به بێ بچووکترين که‌ل و په‌ل و پێداويستیه‌کانی ژيان و له حاڵ و وه‌زعێکی زۆر خراپی بژيویی، ته‌ندروستی، کۆمه‌ڵايه‌تی و ياسايی‌دا له ژێر خێوه‌ت و تاوڵ »ژيان« به‌سه‌ر ده‌به‌ن.
فرمێسکه‌کانی ژنێک که به هه‌شت سه‌رخێزانه‌وه مه‌حکووم کرابوون له سه‌رماوسۆڵی زستانی ئه‌م ساڵی کوردستان له خێوه‌تێکی له ناو قوڕ و چڵپاو هه‌ڵدراو دا ژيان به‌سه‌ر به‌رن، ناتوانن دڵی هه‌ر مرۆفێک نه‌هه‌ژێنن. ئه‌م ژنه ده‌يگێراوه که »به‌رپرسان« پێيان وتوون: »هۆی پێش هاتنی ئه‌م دۆخه ئه‌وه‌يه که ئێمه به بێ ئاماده‌کاری و پرس و را و به بێ ئيزن گه‌راوينه‌وه عێراقێ.« ئه‌ويش وڵامی داونه‌وه که »کام سه‌ره‌ڕۆيی؟ مه‌گه‌ر لێژنه‌ی پێشوازی نه‌هات به شوێنماندا و داوای لێنه‌کردين بگه‌ڕێينه‌وه خاک و وڵا‌تی خۆمان؟ مه‌گه‌ر بۆ خۆيان پێشوازيان لێنه‌کردين؟«
ژنێکی تر باسی ژيانی پر له مه‌ينه‌ت و ره‌نج و کوێره‌وه‌ری کرێکاریی خۆيانی له ئێران ده‌کرد و ديگوت که »سه‌د بريا هه‌ر به‌و حاڵه‌شدا له ئێران ماباينه‌وه. به‌س نیه ده‌مان گوت که ئه‌وێ وڵات و ده‌وڵه‌تی خۆمان نييه؟ به‌ڵام ئێره چی؟ لێره‌ش بێگانه‌ين؟ چه‌وه‌ندری له سه‌رمای زستانی له ژێر به‌فر ده‌رهێنان له ئێرانێ له‌م ژيانه‌ی ئێره باشتره.« ئه‌م ره‌نجده‌ره که مه‌ينه‌تی ژيان له ئاواره‌يی‌دا له نێوچاوانی ديار بوو، کاتێک که پرسياری لێ‌کرا که »بۆ گه‌ڕايه‌وه؟«، فرمێسکه‌کانی هاتنه‌خوارێ و گوتی: »ئاخر له‌وێنده‌رێش پێيان ده‌وتين که بۆ ناگه‌رێنه‌وه وڵا‌تی خۆتان، عێراقێ؟ له وێ ماڵ و پاره‌و ده‌ده‌نێ و هه‌مووشتێکتان بۆ دابين ده‌که‌ن. به‌ڵام يه‌ستا بيستنی ئه‌م قسانه باشتره له‌م وه‌زعه.«
پياوێک ده‌يگوت: »پێنج هه‌زار دوڵار و دو سه‌د ميتر زه‌ویان داومه‌تێ که بۆ خۆم خانووێک ساز بکه‌م، به‌ڵام به‌م پاره‌يه ته‌نيا ده‌توانی چوارچێوه‌که‌ی ساز بکه‌ی و به‌شی پێداويستيه‌کانی تر ناکا. چوونکه که‌ره‌سه زۆر گرانه.«
گوزاريشه‌که ديمانه‌يه‌کشی له گه‌ڵ »به‌رپرسێک« نيشان دا که له به‌رگری له خۆيان بۆ نيشان دانی دڵفره‌وانی و له‌خۆبردوويی (!!) پاکانه‌ی دێناوه و ده‌يگوت: »به گشت بنه‌ماڵه‌کانی گه‌ڕاوه پێنج هه‌زار دۆلارمان بۆ خانوو ساز کردن داوه، به‌س چوار ماڵ ئه‌م پاره‌يان نه‌دراوه‌تێ.« ئه‌م به‌ڕێزه نه‌يوت که له کوردستان ئه‌مرۆی عێراقێ به‌م گرانی و ئاوسانی دراوی و ئابورییه که داوێنی خه‌ڵکی ئه‌م هه‌رێمه‌ی گرتووه، چون ده‌تواندرێ به پێنج هه‌زار دۆڵار چاوه‌خانوویه‌ک سازکرێ.
به‌ڵێ، ئه‌م ره‌نجده‌رانه هه‌ر ئه‌وانه‌ن که له ساڵه‌کانی پێشوودا، له ترسی بۆمبی کيمياوی سه‌ددام ڕايان کردبووه ئێران و ئێستاش گه‌راونه‌ته‌وه باوه‌شی نيشتمانی خۆيان، کوردستان. به‌ڵام کام نيشتمان؟ کام باوه‌ش؟ ژنێک باسی ده‌کرد: »ته‌نانه‌ت دايره‌کانی ئه‌فغانی و ئێرانی به نيسبه‌ت به‌رگه‌ی هه‌ویه و وه‌ره‌قه‌ی پێويست جاروبار يارمه‌تيان ده‌داين. به‌ڵام حکوومه‌تی هه‌رێم ته‌نانه‌ت ئاماده نييه، به‌قه‌ده‌ر وانيش يارمه‌تيمان بدا. «ژنێکی تر ده‌يگێراوه که »وڵاممان ناده‌نه‌وه؛ له‌م دايره‌ی به‌م دايره، له‌م شاره‌ی به‌و شاره‌مان به‌ڕێده‌که‌ن. که‌س خۆی له ئيشی مه به به‌رپرس و ساحه‌ب نازانێ. تاقه‌تمان نه‌ماوه و زۆر ماندووين. ته‌حه‌مولی ئه‌م هه‌موو هام‌وشۆيه و مه‌ساريفه‌ی ڕێگاشمان نييه. تائێستا چه‌ند جاران مه‌جبور بووم بۆ ئيشه‌که‌م بچمه هه‌وڵێر.«
لێره‌يه که ناتوانم پێش خه‌م و توڕه‌يی و بێزاری خۆم بگرم و نه‌ڵێم که ئه‌م وه‌زعه شه‌رمه، شوورييه، سه‌رشۆڕييه بۆ ئێمه‌ی کورد.
له کوردستانی عێراق بۆ جێژن و حه‌فله و سازکردنی هۆتێل و پاساژ ... پاره که‌م ناهێنن، به‌ڵام بۆ دابين کردنی سه‌ره‌تايی‌ترين پێداويستیه‌کانی ژيانی خه‌لکی بێ‌ده‌سه‌ڵات و بێ‌ده‌ره‌تان پاره‌ی پێويست نييه. دابين کردنی کاره‌با و ئاو، دروست کردنی کار و سازکردنی کارگه و کارخانه که »به ناشکروی نالێم« ده‌سته‌وه‌ستان ماونه‌وه. فه‌ساد و گه‌نده‌ڵی، خزم و خزمبازی و حيزب و حيزب‌بازی ته‌نانه‌ت بۆته هۆی وه‌ی که وه‌زيری ده‌ره‌وی پێشوی ئامريکاش ده‌نگی ده‌ربێ و به‌ڕاشکاوی و به‌فه‌رمی توڕه‌يی خۆی به گۆی ڕێبه‌رانی هه‌ڕێم بگه‌يه‌نێ. سازکردنی کۆمه‌ڵگايه‌ی مه‌ده‌نی و دامه‌زراندن و سه‌قامگيرکردنی دێمۆکراسی و ئازادی بيرمه‌ندان، جيابيران و نووسه‌ران و شاعيرانی سه‌ربه‌خۆش که ده‌بێ له بن گۆی خۆمان بنووسين. ئه‌دی نازانم ئه‌رکی حکوومه‌ت چييه. ره‌نگه بڵێن: »شه‌ڕ نه‌کردن و وه‌زير و وه‌زاره‌ت دروست کردن.« به‌ڕاستيش سه‌باره‌ت به پۆست و مه‌قام به‌خشين و دروست‌کردنی وه‌زارتخانه پێم وايه ڕاده‌ی ئه‌وه‌ڵ له جيهان‌دا به‌ده‌ست دێنين. ده‌وڵه‌تێکی به عيعتيبار و به هێزی وه‌ک سويس به حه‌وت ميليۆن و نيو نفووسه‌وه، به بيست و شه‌ش کانتۆن و نيوکانتۆنه‌وه (ولايه‌ت)، به سێ نه‌ته‌وه و قه‌ومه‌وه (ئاڵمانی، فه‌رانسه‌وی و ئيتاليايي)، به نيزيکه‌ی يه‌ک ميليۆن و نيو خارجييه‌وه، به چوار حيزبی ده‌سه‌لاتداره‌وه ته‌نيا حه‌وت وه‌زيری هه‌يه که يه‌ک له‌وانه به نۆبه سه‌رۆک کۆماريشه. وڵا‌تی فێدێڕالی ئاڵمان به هه‌شتاودوو ميليۆنی حه‌شيمه‌ته‌وه ته‌نيا چارده وه‌زاره‌تخانه‌ی هه‌يه. ئه‌ياله‌تی نوردراين‌وێستفالنی ئاڵمان ده‌وری هه‌ژده ميليۆن نفووسی هه‌يه که چی ته‌نيا نۆ وه‌زاره‌تخانه‌ی هه‌يه. به‌ڵام هه‌رێمی کوردستان به خۆيه‌وه و ده‌وری دوو ـ سێ ميليۆن نفووسه‌وه چل و دوو وه‌زيری هه‌يه!!! ته‌نانه‌ت به‌شێکيان هه‌ر وه‌زاره‌ت‌خانه و مه‌وزووعی تايبه‌تيشيان نييه، به‌ڵام وه‌زيريشن!! هيچ يه‌ک له‌م کارانه به بێ پاره موومکين نييه. به‌ڵام چوون لێپرسينه‌وه‌ی نييه، که‌س خۆ به به‌رپرس و وڵامده‌ر له به‌رامبه‌ر گه‌ل نازانێ. له حالێک‌دا ده‌بێ که‌سانێک هه‌بن که وه‌ک ئه‌م مرۆڤانه‌ی باسمان کرد، له وه‌زع و دۆخێکی ئاوا ناله‌بار و دژی ئينسانیدا بژين.
ته‌نانه‌ت به نيسبه‌ت ئه‌م فێدێڕاڵيسمه‌ی که شه‌و و ڕۆژ بۆته بنێشته خۆشکه‌ی حکوومه‌ت، ده‌بینین که له په‌يوه‌ندی له گه‌ڵ بارودۆخی سیاسی و ئیداری کوردستاندا گۆڕانێکی به‌رچاو نابيندرێ. ناکری ئێمه خۆمان داوای دابه‌ش کردنی ده‌سه‌ڵات و فێدێڕاڵيسم له حکوومه‌تی ناوه‌ندی بکه‌ین، به‌ڵام له‌و لاشه‌وه له هه‌رێمه‌که‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆماندا سيستمێکی ناوه‌ندی و سه‌نتراليستی دابمه‌زرێنین. به‌ردی بناغه و بنچينه و بنه‌مای فێدێڕاڵيسم ئه‌سڵی »سوبسيدياريتی«يه، واتا گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌رپرسايه‌تی و ئه‌رک و مافی جێبه‌جێکردنی کاروباری خه‌ڵک له سه‌ره‌وی ده‌سه‌ڵات بۆ خوارترين پله له قه‌واره‌ی ئيداری‌دا. ئه‌مه به‌م مانايه‌يه که مه‌شاکيل و ئيش و کاروباری جه‌ماوه‌ر ده‌بێ هه‌ر له‌و شوێن و جێگايه‌دا جێبه‌جێ بکردرێ که تێیدا سه‌ری هه‌ڵداوه. مکانيسمی »سوبسيدياريتی« پێش به خڕبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی له ڕاده‌به‌ده‌ر له ناوه‌ندێک و له خۆدزينه‌وه‌ی دايره‌کانی ناوچه‌يی ده‌گرێ و ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که گرفته‌کان به زووترين کات و به باش‌ترين شێوه جێبه‌جێ بکردرێن و که‌س بۆی نابێ که خه‌لک له‌م دايره‌يه به‌و دايره‌يه، له‌م شاره به‌و شاره به‌رێ بکا و خۆ له به‌رپرسايه‌تی و جێبه‌جێکردنی ئه‌رکه‌کان وو ڕاپه‌ڕاندنی ئيش و کاری هاووڵاتيان بدزێته‌وه. من له درێژايی بيست و سێ ساڵ ژيانمدا له ئاڵمانی فێدێڕاڵ ته‌نانه‌ت جارێکش نه‌بووه که شوێنی ژيانی خۆم بۆ کار و مه‌به‌ستێکی ئيداری به‌جێ‌بێڵم، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ئيشه‌که‌ی من دايره‌يه‌کی سه‌رتر ده‌با برياری له‌سه‌ردابا. ئه‌مه‌يه ناورۆک و مانای ئه‌سڵی فێدێڕاڵيسم، نه‌ک حه‌واڵه کردن و ڕه‌وانه کردنی هاووڵاتی له شار و گونده‌کانه‌وه بۆ »هه‌وڵێری پايته‌خت« بۆ جێبه‌جێ کردنی ئيش و کاره‌کانيان.
ئايا له وه‌ها هه‌ل و مه‌رجێکدا هێزه تاريک‌بين و ڕه‌شپۆش و وه‌پاشکه‌وتوو و تێرۆريستی ڕاديکاڵی ئايينی وه‌ک ئه‌لقاعيده په‌ره ناستێنن و ئه‌زموونی حکوومه‌تی کوردی ڕۆژ له دوای ڕۆژ زياتر ناخه‌نه مه‌ترسێوه؟ ئه‌م ديارده ناوه‌کيه له هه‌موو هه‌ڕشه و گوڕه‌شه‌ی ده‌ره‌کی و به‌هێزبوونی شۆوينيسمی ناوه‌ندی بۆ هه‌رێمی کوردستان مه‌ترسيدارتره.
به‌ڵام نه‌ته‌نيا به‌م هۆيه، به‌ڵکوو به‌تايبه‌تی به مه‌به‌ستی جێبه‌جێکردنی ئه‌رکه‌کانی حکوومه‌تی له خزمه‌ت‌کردن به هاووڵاتيان بۆ دابين کردنی پێداويستيه‌کانيان، ده‌بێ به‌خۆدابچينه‌وه و بۆمان نييه چيتر به‌رامبه‌ر ئه‌م زولمه کۆمه‌ڵايه‌تييانه، به‌رامبه‌ر خۆ به به‌رپرس‌نه‌زانينی »به‌رپرسانی« دايره‌کان بۆ وێنه له ئاست ئاواره کورده عێراقێکان بێده‌نگ بين. له‌م هه‌ل و مه‌رجه‌دا که هيچ ئامرازێکی دێمۆکراتيک بۆ سزادانی به‌رپرسان ـ بۆ وێنه له ڕێگای هه‌ڵ نه‌بژاردنی ڕێکخراو و حيزبه‌کا‌نیان ـ له‌به‌رده‌ستا نييه، له وه‌ها دۆخێک‌دا که ئۆپۆزيسيونی کارامه‌د و به توانا له ئارادا نييه، له کاتێک‌دا که ده‌زگا راگه‌یه‌نه‌ره گشتييه‌کان له لايه‌ن حيزبه ده‌سه‌ڵاتداره‌کانه‌وه وه‌ک مڵک و ماڵی خۆيان (!!!) زه‌وت و داگير کراون و رای گشتی کوردی و غه‌يری کوردی وه‌ک پێويست و خێرا ئاگاداری ئه‌م نه‌هامه‌تييانه نابن، ئه‌رکی ڕووناکبيرانه که به ڕوونی و ڕاشکاوی بنووسن و ديسان بنووسن که شه‌رمه و شوورييه، که له کۆمه‌لگا و له ژير ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌تی کوردی‌دا، وه‌ها خه‌ڵکێک هه‌بن که ژيانی وا پر له ئازار و مه‌ينه‌ت تێپه‌ڕ بکه‌ن؛ ده‌بێ به قه‌ڵه‌مه‌که‌يان جه‌خت بخه‌نه سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی سياسی و ئيداری که ئاوڕێکيش له لێقه‌وماوان بده‌نه‌وه.
ئاڵمان ـ 14.02.2007