بێده‌نگی بشکێنين!
ناسر ئێرانپوور
وڵاتانی دنيا له ئاست ئه‌م هه‌مووه زوڵم و زۆردارييه‌ی حکومه‌تی تو‌رکييه بێده‌نگن و که‌س حيسابی ته‌نانه‌ت کۆسۆوۆشمان بۆ ناکا! ئوروپا بێده‌نگه! ئه‌مريکا ته‌نانه‌ت به شانازييه‌وه ده‌ڵێ که يارمه‌تی ژنراڵه فاشيستهکانی تو‌رکييه ده‌دا!
"حکومه‌تی" هه‌رێميش به‌نيسبه‌ت بێده‌نگ بووه! ته‌نيا شتێکی که له‌سه‌ره‌تا لێی ديترا ديپلۆماسێکی بێ‌هێز بوو له سه‌ر ئه‌م بنه‌مايه که: "بۆ حکومه‌تی تو‌رکييه نايه چوار قۆڵی (ئه‌مريکا، حکومه‌تی ناوه‌ندی عێراق و حکومه‌تی تو‌رکييه و "حکومه‌تی" هه‌رێم) ئه‌م گرفته چاره‌سه‌ر بکه‌ين؟" ئيتر ته‌نانه‌ت به وشه‌يه‌کيش باسی بێده‌ره‌تانی کوردی تو‌رکييه نه‌کرا! ئه‌وه له حاڵێکدايه که تو‌رکييه به مافی خۆی ده‌زانی باسی که‌رکووک و گه‌لی تورکه‌مه‌ن بکا.
هه‌ڵوێست و ئيعتيرازی حکومه‌تی به‌غدا و به‌تايبه‌تی سه‌رۆک کۆماری ئه‌م وڵاته‌ش ئه‌وه‌نده کز و لاوازه که له لايه‌ن سه‌رۆک کۆماری حکومه‌تی تورکييه‌وه له هه‌وه‌ڵ ڕۆژی ئه‌م هێرشه ناجوانمێرانه و نابه‌رابه‌ره‌دا بۆ تو‌رکييه بانگێشتن ده‌کردرێ و ئه‌ويش "به‌خۆشييه‌وه" قه‌بوڵی ده‌فه‌رموێ، ئه‌وه له حاڵێکدايه که بۆ "کۆنفرانسی عێراق" له ئانکارا بانگ نه‌کرا.
حيزبه کوردييهکانيش له خه‌وی زستانی دان و چه‌لێ تا نه‌ورۆزێ و ده‌ستپێکردنی وه‌رزی حه‌فله هه‌ڵناستن! ئه‌م ڕێکخراوانه ته‌نيا کاتێک بوونيان بۆ ئێمه ده‌سه‌لمێنن که ساڵرۆژی دامه‌زرانديان جێژن ده‌گرن و يان قه‌يرانيان تێده‌که‌و‌ێ! ده‌زگای ڕاگه‌ياندنی کورديش که ته‌نانه‌ت شايانی نێوه‌که‌شی نييه؛ ده‌هه‌زار سپای دوژمن وڵاته‌که‌ی به قوڵايی ده تا بيست‌و‌پێنج کيلۆمێتر داگيرکردووه و به ده‌يان و سه‌دان فانتۆم و هه‌ڵيکۆپتێر خه‌ستو‌خۆڵ بۆمببارانی کردووه، که‌چی خه‌به‌ری نييه و به‌نه‌قل له مێدياکانی تو‌رکييه ئه‌م هه‌واڵه بڵاو ده‌کاته‌وه!! ته‌نانه‌ت له سه‌ره‌تا له زمان وشيار زێباریيوه حاشا و نکۆڵی له‌م هێرشه گه‌وره‌يه کرا! کاری حيزبی کوردی له باشوور و مێدياکانی ته‌نيا خه‌واندنی خه‌ڵکه و بردنيان بۆ هۆڵی حه‌فله و هه‌ڵپه‌رکێ!
ئه‌دی ئێمه بۆ بێدهنگين؟!! بێده‌نگی و ده‌سته‌وه‌ستانی ئه‌مڕۆی ئێمه زه‌بری گه‌وره‌ی مێژووئیمان لێ‌ده‌دا. زه‌مان ناگه‌ڕێته‌وه دواوه و نابێ ده‌رفه‌ت له کیس خۆمان بده‌ین. ئه‌رکی هه‌ر مرۆڤێکی کورده داوای ڕاگرتنی ئه‌م شێوه شه‌ڕه له ڕۆڵه‌کانی کورد بکا (بۆ وه‌ی که نابێ ئيزن بده‌ين که حکومه‌تی تو‌رکييه شه‌ڕی "جيبهه‌يی" (واتا کلاسيک) به سه‌ر ئێمه دابسه‌پێنێ). به‌تايبه‌تی ده‌بێ داوای کشانه‌وه‌ی بێ‌ئه‌م‌لاوئه‌ولای حکومه‌تی تو‌رکييه له خاکی باشووری کوردستان بکردرێ. ئه‌رکی ئيمه‌يه بۆ گوشار خستنه سه‌ر تو‌رکييه به‌شداری له حه‌ڕه‌که‌تێکی مه‌زن و به‌رفرا‌وانی جه‌ماوه‌ری‌دا بکه‌ين. له سه‌ر ئه‌م بڕوايه‌م که هێزی ئێمه‌ی کورد ئه‌وه‌نده گه‌وره‌يه که بتوانين بێ شه‌ڕی مان و نه‌مانی ئاوا شکست به دوژمن بێنين و به مافه ئيسانێکانمان بگه‌ين.
ده‌بێ بزانين که سه‌رکه‌وتنی حکومه‌تی تو‌رکييه له‌م هێرشانه سه‌رکه‌وتنی ميليتاريسم و شووينيسم و فاشيسمه به سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی مافخوازانه و ڕه‌وای کورد به گشتی. له هه‌موومان دياره که مه‌به‌ستی حکومه‌تی تو‌رکييه به‌تايبه‌تی کوردستانی باشووره و "ده‌ستکه‌وته‌کانی". ئه‌م هێرشه هه‌روه‌ها وڵامی ژنراڵه‌کانی تورکييه‌يه بۆ ديپلۆماسی نێونه‌ته‌وه‌يی کورد (سه‌ردانی سه‌رۆک وه‌زيری حکومه‌تی هه‌رێم بۆ کۆريای باشوور، ...) و هه‌ڕه‌شه‌يه‌که له جێبه‌جێکردنی مادده‌ی سه‌دوچلی ده‌ستوری عێراق، هه‌رچه‌ند نابێ بيرکه‌ينه‌وه که به جێبه‌جێکردن و نه‌کردنی ئه‌م مادده ياساييه هه‌ڕه‌شه‌کانی تو‌رکييه له سه‌ر کورد کۆتايی پێدێ؛ ئه‌م هه‌ڕه‌شانه ده‌مێنن و ئێمه ده‌بێ بيرێکی درێژخايه‌ن و بنه‌ڕه‌تيتريان بۆ بکه‌ينه‌وه، به‌تايبه‌تی له ڕێگای داڕشتن و په‌يڕه‌وکردن و نهادينه‌کردن (institutionalize) و سه‌لماندنی بيرۆکه و ستراتيژێکی ڕوون و پته‌وی نه‌ته‌وايه‌تی. چه‌کی ئێمه ده‌بێ پێش هه‌موو شتێک مشوور و وشياری نه‌ته‌وايه‌تی دێموکراتيک بێ.
به‌ڵام له‌م قۆناغه‌دا و له به‌رامبه‌ر ئه‌م هێرشه به‌رفرا‌وانه‌ی ئێستای تورکييه‌دا پێويستيمان به به‌ربه‌ره‌کانێکی به په‌له و کوت‌وپڕی مه‌ده‌نی ـ سياسی و ديپلۆماسی به‌هێز به پشتبه‌ستن به ڕای گشتی و شه‌قامی کوردی و هێزی جه‌ماوه‌ری ناو کوردستان و کوردی تاراوگه هه‌يه. ده‌بێ تێبکۆشين ئه‌م هێرشه شکست بێنێ.
24ی فێورييه‌ی 2008