فێدڕاليسم، کێشه‌ی "ئازه‌ربايجانی ڕۆژئاوا"
و چه‌ند ته‌وه‌ری تر
ناسری ئێرانپوور وڵامی پرسياره‌کانی خوێنه‌رانی ماڵپه‌ڕی بۆڕۆژهه‌ڵات ده‌داته‌وه
www.4rojhelat.org
سه‌ردێڕی پرسياره‌کان:
· هۆيه‌کانی دامه‌زراندنی فێدڕاليسم
· سه‌ربه‌خۆيی يان فێدڕاليسم؟
· دژوارييهکانی فێدڕاليسم و تێکه‌ڵاوی کورد و ئازه‌ری
§ ڕێگای مسۆگه‌رکردنی مافی نه‌ته‌وه‌يی
§ گرفتی "ئازه‌ربايجانی ڕۆژئاوا"
§ ڕێگای چاره‌سه‌ری کێشه‌ی "ئازه‌ربايجانی ڕۆژئاوا"
o چه‌ند تێبينی بنچينه‌یی
o ڕێگاحهل، پێکهێنانی "ئوستانی موکريان"؟
- قازانجی بۆ لايه‌نی کوردی
- قازانجی بۆ لايه‌نی ئازه‌ری
- بۆچوونی نه‌يارانی ئه‌م پرۆژه‌يه
- ڕای من له سه‌ر ئه‌م پرۆژه‌يه
o پێشنياری من بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی "ئازه‌ربايجانی ڕۆژئاوا"
· دروشمی فێدڕاليسم له ژێر کاريگه‌ری ئاڵوگۆڕه‌کانی عێراق؟
· کۆنفێدڕاليسم و پ.ک.ک.
· قه‌يرانی حيزبهکوردييهکان
· پێهه‌ڵکوتن و ڕه‌خنه له ئه‌حزابی کوردی
· من و تێکۆشانی سياسی و چالاکی حيزبی
· حيزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی "چه‌کی شانازی"
· جياوازی مێديای ئێران و ئاڵمان
· ڕاگه‌ياندنی کوردی
پێناسه
1. خوێندن
- 1341ی هه‌تاوی له شاری سابڵا‌غ (مه‌هاباد) له دايک بووه.
- خوێندنی سه‌ره‌تايی و ناوه‌ندی و دواناوه‌ندی له ساڵی 1360 هه‌ر له‌م شاره ته‌واو کردووه.
- له ساڵی 1362 هاتووه بۆ ئاڵمان.
- 1366 تا 1369 دهورهيهکی کارناسی له ڕشته‌ی ده‌فته‌رداری و حيسابداریدا ديتووه.
- 1369 تا 1370 چۆته کالێجی شاری فرانکفۆرتی ئاڵمان‌و وانه‌ی "گێرمانيستيک"ی خوێندووه.
- 1370 تا1375 له زانکۆی دۆرتموندی ئاڵمان ژۆرناليستيک و ديداکتيکی زمانی ئاڵمانی خوێندووه و به پله‌ی "کارشناسی ارشد"، واتا "فوق ليسانس" ته‌واوی کردووه.
- 1377 تا 1378 مامۆستای زمانی ئاڵمانی له چوارچێوه‌ی پرۆژه‌يه‌کی يه‌کييه‌تی ئه‌وروپادا بووه.
- له 1379وه تا ئێستا وه‌رگێڕی ره‌سمی زمانی ئاڵمانی ده‌زگای قهزايی ئاڵمانه.
- ماوهيهکيش کاری له چوارچێوه‌ی تێزی دوکتوراکه‌ی له سه‌ر "ڕه‌نگدانه‌وه‌ی پرسی نه‌ته‌وايه‌تی کورد له مێدياکانی ئاڵمان" کردووه، به‌ڵام دوايه به هۆی کاری تر وازی لێهێناوه.
2. چالاکی ژۆرناليستی
ناوبراو هه‌وڵی داوه به شێوه‌ی نووسين و به تايبه‌تی وه‌رگێڕانی ده‌وری 80 بابهتو وتاری گرينگ و پهيوهندیدار به دۆزی نه‌ته‌وايه‌تی و بڵاوکردنهوهيان له گۆڤاره‌کانی "مه‌هاباد"، "په‌يامی کوردستان"، "هاوار"، "کــار"، "ڕێبازی نوێ"، "آرش"، "نيمروز"، „Kurdistan heute“ ("کوردستانی ئه‌مرۆ")، "سياسه‌ت"، "هه‌ورامان"، "آزادگی" و چه‌ند بڵاوکراوه‌ی کوردی و فارسی و ئاڵمانی تر و هه‌روه‌ها له سه‌ر سايتهکانی ئينتێرنێت خزمه‌ت به پرسی ڕه‌وای کورد بکا. ناسری ئێرانپوور بۆ ساڵێک ده‌چێ که ماڵپه‌ڕێکی شه‌خسی هه‌يه به ناوی www.iran-federal.com که تێيدا وتاره‌کانی خۆی کۆکردۆته‌وه.
ئه‌و ته‌وه‌رانه‌ی که به شێوه‌ی وه‌رگێڕان و لێکۆڵينه‌وه تا ئێستا کاری له سه‌ر کردووه به تايبه‌تی بريتی بوون له:
فێدڕاليسم (ئاڵمان، سويس، کانادا)،
مافی دياری کردنی چاره‌نووس،
چه‌شنه‌کانی دێموکراسی و
چه‌ند په‌يماننامه‌ی گرينگی ئه‌وروپا له په‌يوه‌ندی له گه‌ڵ مافی زمانه‌کان و که‌مايه‌تييه نهتهوايهتييهکان.
3. تێکۆشانی ڕێکخراوه‌يی
ناسری ئێرانپوور له ته‌مه‌نی نێومنداڵی و لاوه‌تیدا لايه‌نگری ڕێکخراوی چريکه فيدائێکانی خه‌ڵکی ئێران و پاشان ڕێکخراوی فيدائيانی خه‌ڵکی ئێران (ئهکسهرييهت) بووه. ماوه‌يه‌ک له ئاڵمان له ناو ڕێزه‌کانی حيزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ـ ڕێبهرايهتی شۆرشگێڕ چالاکی سياسی هه‌بووه. ناوبراو ئێستا چالاکێکی مه‌ده‌نی سه‌ربه‌سته و سه‌ر به هيچ ڕێکخراوهيهکی سياسی نييه، ته‌نيا له ساڵی 1370وه ئه‌ندامی "ناوه‌ندی لێکۆڵينه‌وه‌ی کورده" له ئاڵمان.
4. بيروباوه‌ڕی سياسی
ناسری ئێرانپوور ئه‌مڕۆ خۆی به مرۆڤێکی سۆسيال ـ دێمۆکرات و لايه‌نگری فێدڕاليسم و دێمۆکراسی و دياری کردنی مافی چاره‌نووسی کورد له ئێران به شێوه‌ی ڕێفراندۆم دهزانێو له په‌يوه‌ندی له گه‌ڵ مانه‌وه يا نه‌مانه‌وه له چوارچێوه‌ی ئێران‌دا ده‌ڵی که: "بڕياردان له سه‌ر ئه‌م پرسه ئێستا زوويه و ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر وه‌ی که له نيزامی داهاتووی ئێران‌دا چ مافێک بۆ کورد ده‌سته‌به‌ر ده‌کردرێ." ناوبراو پێی وايه ئه‌گه‌ر مافی نه‌ته‌وايه‌تی چ به شێوه‌ی مافی شارومه‌ندی و چ به شێوه‌ی مافی کۆلێکتيو وه‌ک نه‌ته‌وه‌يه‌ک دابين بکردرێ، هيچ پێويستی به جيابوونهوه له ئێران ناکا، به‌ڵام هه‌ڵه‌شه که به هه‌ر قيمهتێک سوێند به ته‌واوه‌تی خاکی ئێران بخوێين. ناوبراو به تايبه‌تی جووڵانه‌وه‌ی کوردی پێ بزووتنهوهيهکی ڕه‌وای نهتهوايهتييه، نه‌ک ناسيۆناليستی.
هۆيه‌کانی دامه‌زراندنی فێدڕاليسم
سۆران پاڵانی
وێڕاى ماندوونەبوون، من چەند پرسیارم هەیە:
1. هۆكارەكانى پەنا بردنە بەر سیستمى فیدراڵى لە ئێران داچى یە؟
2. تا چەند ئەم سیستمە دەرفەتى سەركەوتنى لە ئێران دا هەیە؟
3. كێشەى سەرەكى نەتەوەكانى ئێران لە گەڵ حكومەتى ناوەندى چى یە؟
4. تۆ سیستمى یاسایى بەرێوەبردنى دەوڵەت لە ئێرانى ئیسلامى دا چۆن پێناسە دەكەى؟
لە گەڵ رێزدا
سۆران پاڵانى
کاک سۆرانی هێژا،
سڵاو و سپاس بۆ ئێوه.
1. شه‌ش هۆکار بۆ دامه‌زراندنی سيسته‌می فێدڕاليسم ده‌ست نيشان ده‌کرێن که به تهرکيبی جۆراجۆر له هه‌موو پێکهاته‌يه‌کی فێدڕاڵدا دهديترێن. ئه‌م هۆيانه
يه‌ک. ئهخلاقين: ئه‌م نيزامه له باری ئهخلاقييهوه ڕێبازێکه بۆ مسۆگه‌رکردنی ئه‌سڵی "سوبسيدياريتی". ئه‌م ئه‌سڵه ده‌ڵێ که کاتی دابه‌شکردنی مافه‌کان و ئه‌رکه‌کان ده‌بێ له خوارترين ئاست (ياخود سه‌تحی) ئه‌م وڵاته (واته ئاستی مه‌حه‌للی يا شاره‌کان) پرسيار بکردرێ که گه‌لۆ ئه‌م يا ئه‌و ئه‌رکه‌ی حکومه‌تی پێ جێبه‌جێ ده‌کردرێ که بدرێ به وی. پاشان هه‌ر ئه‌رکێکی ده‌وڵه‌تی که ماوه بۆ سه‌تحێکی سه‌ره‌وه‌تر، واتا ئه‌ياله‌تی، بنێردرێ و ئه‌م پرسياره‌ی هه‌ر به‌م چه‌شنه له وێش بکه‌ن. پاشان هه‌رچی ماوه به‌ڕێی بکه‌نه سه‌تحی سه‌رتر، واتا فێدڕاڵ. ئه‌م ئه‌سڵه به مانای دابه‌شکردنی ئه‌رک و مافه‌کانه له خواره‌وه بۆ سه‌رێ و نه به پێچه‌وانه‌که‌ی. له باری ئهخلاقييهوه باشتره له‌م شوێنه‌ی که پرسێک دێته گۆڕێ، بڕياری له‌سه‌ر بدرێ و جێبه‌جێ بکردرێ، نه‌ک له ناوه‌ند و شوێن و له لايه‌ن که‌سان و ئۆرگانگهلێک که په‌يوه‌ندێکی ئه‌وتۆيان به‌م ته‌وه‌ره‌وه نييه.
دوو. دێمۆکراتيکن: ئه‌م سيسته‌مه به هۆی وه‌ی که لهويدا وێرای دابه‌شکردنی بهرينايی هێزی حکومه‌تی به ده‌وڵه‌ت و پارڵمان و داد، دابه‌شکردنێکی قوڵايی ئه‌م هێزه‌ش ده‌کردرێ بهينی حکومه‌تی فێدڕاڵ، حکومه‌ته‌کانی ئه‌ياله‌تی و ناوچه و شاره‌کان و هه‌روه‌تر به هۆی وه‌ی که خه‌ڵک له جيات يه‌ک پارڵمان (ناوه‌ندی)، سێ پارڵمانان هه‌ڵده‌بژێرن (پارڵمانی شار يا ناوچه، پارڵمانی ئه‌ياله‌تی و پارڵمانی فێدڕاڵ) و به هۆی وه‌ی که بڕياره‌کان له نيزيک له خه‌ڵکه‌وه ده‌درێن و له لايه‌ن که‌سانێک که خه‌ڵک ده‌يان ناسن دێمۆکراتيکتره، ته‌نانه‌ت به‌نيسبه‌ت وڵاتانی ناوه‌ندگه‌رای دێمۆکراتيک.
سێ. جۆغرافيايين: هيندێ جار وڵاته‌کان ئه‌وه‌نده گه‌وره‌ن که حکومه‌ت کردن له ناوه‌ندێکی دووره‌وه له‌باری تێکنيکييهوه زه‌حمه‌ته و له باری دێمۆکراتيکهوه پرگرفته. هه‌ر بۆيه دابه‌شکردنی وڵات به چه‌ند سه‌تح و حکومه‌ت، کاری ده‌وڵه‌تی هه‌م هاسانتر ده‌کاته‌وه و هه‌م دێمۆکراتيکتره (بۆ وێنه به‌هۆی وه‌ی که خه‌ڵک ڕاسته‌وخۆ له ناوچه‌ی خۆی ده‌وڵه‌ت و پارڵمانی خۆی هه‌ڵده‌بژێرێ، وێرای وه‌ی که بۆ حکومه‌تی ناوه‌ندیش نوێنه‌رانی خۆی هه‌ڵده‌بژێرێ).
چوار. مێژوويين: مێژووی چه‌ند وڵاتێک به مه ده‌سه‌لمێنی که ئه‌م وڵاتانه يا له کۆنفێدڕاليسمهوه به فێدڕاليسم گه‌يشتوون (وه‌ک ئه‌مريکا) يا چه‌ند ناوچه پێکه‌وه يه‌کيان گرتووه و فێدڕاليسميان پێک هێناوه (وه‌ک سويس) يان له سيسته‌مێکی زۆرناوهندييهوه ڕوويان له پێکهاته‌ی فێدڕاليسم کردووه (وه‌ک بێلژيک).
پێنج. ئابورين: داڕشتنی سياسه‌تی ئابوری له ناوچه‌کان باشتره تا له ناوه‌ندێکی دوور که به پێی ئه‌زموون نه شارهزايیان له سه‌ر ئه‌م ناوچانه هه‌يه و نه ده‌توانن وه‌ک خه‌ڵکی خودی ئه‌م ناوچانه باش و خراپ و زه‌ره‌ر و قازانجی ناوچه‌کان بناسن. داڕشتنی سياسه‌تی ئابوری له ناوه‌نده‌وه به‌تايبه‌تی له وڵاتێک چه‌توونه که پێکهاته‌ی جوغرافيايی و ئاووههوايی جۆراجۆری هه‌بێ. بۆ وێنه گه‌لۆ که‌سێک که مه‌شهه‌د گه‌وره بووبێ، له ئيسفههان ده‌رسی زانکۆی خوێندبێ و له تاران له وه‌زاره‌تی ئابوری کار بکا، ده‌توانێ وه‌ک که‌سێک که له کوردستان گه‌وره بووبێ و ده‌رسی خوێندبێ، ده‌رد و گرفته‌کانی ناوچه‌ی کوردستان بناسێ و ڕێگا و پرۆژه‌ی چاره‌سه‌ريان بۆ ببينێته‌وه؟ هه‌روه‌تر جۆراجۆری پێکهاته و بنچينه‌ی ئابوری و شێوه‌ی ژيانی ناوچه‌کان، ئاست وڕاده‌ی جۆراجۆری پێشکه‌وتن و پێشنه‌که‌وتنی وان سياسه‌تی جۆربه‌جۆری ئابوری ده‌خوازێ. بۆ وێنه ئابوری ته‌ورێز، سنه و ڕه‌شت و زاهدان و پێداويستييهکانيان زۆر جياوازن. به‌م پێيه‌ش يه‌ک سياسه‌تی ئابوری واحيديش له هه‌مووی ئه‌م ناوچانه ناتوانێ ئه‌نجام و ئاکامی به‌که‌ڵکی بۆ خه‌ڵکی هه‌بێ.
شه‌ش. قه‌ومی ـ نهتهوهيین: ئه‌گه‌ر هيچ يه‌ک له‌م هۆيانهی سه‌ره‌وه موزووعييهتی نه‌بێ، ته‌نيا جۆراجۆری پێکهاته‌ی قه‌ومی و نه‌ته‌وه‌يی وڵاتێک ڕێگايه‌کی ديکهتان پێ ناهێڵێ جگه له دامه‌زراندنی نيزامێکی فێدڕاڵ. حکومه‌تی ناوه‌ندی له سيسته‌می ناوه‌ندیدا هه‌موو ئيمکان و ده‌ره‌تان و هێزی سياسی و ئابوری و فه‌رهه‌نگی و په‌روه‌رده‌يی، مێديايی و نيزامی له ناوچه‌يه‌کی ته‌نيا يه‌ک قه‌وم و نه‌ته‌وه کۆده‌کاته‌وه و نه‌ته‌وه و قه‌ومه‌کانی تر ده‌خاته په‌ڕاوێزه‌وه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر زۆريش "دێمۆکراتيک" بێ. ئازادی و دێمۆکراسی ڕاسته‌قينه له نيزامی ناوه‌ندیدا پێشێلدهکردرێن، چونکه زۆرينه هه‌ميشه زۆرينه ده‌مێنێ و که‌مينه هه‌ميشه که‌مينه. ئه‌وه‌ش له‌خۆیدا دره‌نگ يا زوو کێشه دروست ده‌کا و ده‌بێته هۆی لێکترازانی ئه‌و وڵاته. فێدڕاليسم ڕێگايه‌که بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی مافه‌کانی پێکهاته نه‌ته‌وه‌کانی وڵات، بۆ بهشداریکردنيان له حکومه‌تی ناوه‌ندی و سپاردنی حکومه‌تی ناوچهيی به ده‌ست خۆيان. ته‌نيا له‌م ڕێگاشه‌وه ده‌تواندرێ ئه‌م نه‌ته‌وانه ڕازی بکردرێن که جيا نه‌بنه‌وه. هه‌ر ناوه‌ندێکی به هێز له وڵاتی فرهنهتهوهيیدا ده‌بێته هۆی وه‌ی که نه‌ته‌وه‌کانی له په‌راوێزخراو بێنێته سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه که ڕێگايهکيان جگه له پێکهێنانی حکومه‌تی خۆيان نييه، چونکه حکومه‌تی ناوه‌ندی به ئی خۆيان ناناسن.
(بۆ درێژنه‌بوونه‌وه‌ی باسه‌که لێره‌دا تکايه بڕوانه وتاری "نظرياتی پيرامون فدراليسم" (بابه‌تی ژماره 3)، "آزادی و دمکراسی در کشورهای چند قومی" (بابه‌تی ژماره 38) له ماڵپه‌ڕی iran-federal.com دا. سرنجتان هه‌روه‌تر بۆ دوو ديمانه که "سايت انتگراسيون ايرانيان در آلمان" له گه‌ڵ منی کردووه و له ژێر سه‌ردێڕی "پرسش و پاسخ مربوط به فدراليسم در آلمان" (بابه‌تی ژماره 16) و "نگاهی به فدراليسم در آلمان پس از رفرم" (بابه‌تی ژماره 60) له هه‌مان ماڵپه‌ڕ ڕاده‌کێشم.)
2. ئه‌م سيسته‌مه هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی ده‌رفه‌تی سه‌رکه‌وتنی له ئێران‌دا هه‌يه که دێمۆکراسی هه‌يه‌تی. شانسی سه‌رکه‌وتنی ئه‌م سيسته‌مه، به هه‌ر حاڵ، له سيسته‌مێکی ناوه‌ندگه‌را و له پێکهێنانی حکومه‌تگه‌لێکی سه‌ربه‌خۆ له لايه‌ن نه‌ته‌وه‌کانی جۆراجۆری ئێران زۆر زۆرتره. ئه‌زقه‌زا تايبه‌تمه‌ندی ئێران ئه‌وه‌مان پێ ده‌سه‌لمێنێ که ڕێگايه‌کی ديکهمان نييه، جگه له دامه‌زراندنی ئه‌م سيسته‌مه له ئێران. ئه‌م وڵاته ته‌نانه‌ت تا حکومه‌تی رزاشا ناناوه‌ندی بووه و له به‌ڵگه مێژووييه‌کان "مه‌مالێکی مه‌حروسه‌ی ئێران" ناوبردراوه. "ياسای ئه‌نجومه‌نه‌کانی ئه‌ياله‌تی و ولايه‌تی" له سه‌ره‌تای شۆرشی مه‌شروته به له‌به‌ر چاوگرتنی ئه‌م ڕاستييه گه‌ڵاڵه کرا. ده‌بێ ئه‌وه‌ش له به‌ر چاو بگرين که به هۆی وه‌ی که نوێنه‌رانی فکری نهتهوهژێردهستهکانی ئێرانيش له چه‌ند ساڵی ڕابردوودا هاتوونه سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌ی که حکومه‌تێکی ناناوه‌ندی و فێدڕاليان ده‌وێ، شانسی ئه‌م سيسته‌مه به نيسبه‌ت ڕابردوو زۆر زۆرتريش بووه. زه‌مانێک بوو که ته‌نيا کورد ئه‌م داخوازييهی هه‌بوو، که چی فێدڕاليسم ئه‌ورۆ بۆته گۆتاری زاڵ ته‌نانه‌ت به سه‌ر ئه‌م هێزانهیدا که خۆيان به "ئێرانی" پێناسه ده‌که‌ن.
(بڕوانه وتاری "سخنی در باب تفاوت خودمختاری با فدراليسم" له هه‌مان سايت.)
3. کێشه‌ی سه‌ره‌کی نه‌ته‌وه‌کانی ئێران له گه‌ڵ حکومه‌ت شووينيسم و ئاسيميلاسيۆن و زۆڵم و زۆری سياسی، ئابوری، فه‌رهه‌نگی و به کورتی ههمهلايهنهيه. ئه‌م نه‌ته‌وانه خاوه‌ن مافی بڕياردان له سه‌ر خۆيان نين. بۆ وێنه کورد نه له حکومه‌تی ناوه‌ندی به‌شداره و نه له وڵات و خاک و زێده‌ی خۆی ده‌توانێ چاره‌نووسی خۆی دياری بکا. ئاکامی ئه‌م سياسه‌ته شووينيستييه وهدواکهوتوويی کوردستانه له هه‌موو بواره‌کاندا، سه‌رکوته له بواری سياسی و فه‌رهه‌نگييه‌وه. کێشه‌ی کورد و نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌کانی تر کۆبوونه‌وه‌ی هه‌موو هێزی سياسی، ئابوری، فه‌رهه‌نگی و هيتر له ده‌ست يه‌ک يا دوو نه‌ته‌وه‌ی باڵاده‌سته و که‌ڵه‌که‌بوونی گرفتێکی زۆر له ناوچه‌کانی نهتهوهژێردهستهکانی ئێران. ئه‌م شووينيسمه قهومیيه، ئائينييه، سياسييه، جينسیيه، فه‌رهه‌نگييه و ته‌نيا ناگه‌ڕێته‌وه سه‌ر حکومه‌ت و ده‌وڵه‌تی "کۆماری" ئيسلامی ئێران، به‌ڵکوو نيزامی سياسی ئێران لانی که‌م له هه‌شتا ساڵی ڕابردوودا له سه‌ر بنه‌مای ئه‌م سته‌مانه دامه‌زراوه.
(بۆ وێنه بڕوانه وتاری "مفاهيم اجتماعی در تعارض با واقعيات اجتماعی" له سايتی ناوبراو.)
4. ئه‌وه‌ی که سيسته‌می ياسايی حکومه‌تی ئێران چۆن پێناسه ده‌که‌م، له زۆر شوێنی ئه‌م نووسراوه‌دا باسی کراوه، به‌ڵام بۆ بێوڵامنهمانهوهی پرسيارهکهت لێره‌دا دووپاتی ده‌که‌مه که نيزامی سياسی و ياسايی ئێران، نيزامێکی ديکتاتۆرييه، ئيستيبدادييه، تۆتاليتێره، سێنتراليستييه، کلێريکاليستييه، ميليتاريستييه، وهپاشکهتوويه، پاتريالشاليستييه و شووينيستی قه‌ومی و ئائينی و جينسييه. هه‌ر يه‌ک له‌مانه له وانه‌يه تايبهتمهندێکی ته‌نيا وڵاتێک بن، به‌ڵام هه‌موويان له حکومه‌تی ئيسلامی ئێران دهديترێن يان باشتره بڵێن بنه‌ماکانی ئه‌م حکومه‌ته‌ن.
سه‌ربه‌خۆيی يان فێدڕاليسم؟
پــهرێــز
وێرای هیوای سه‌ركه‌وتن بۆ كاك ناسر
له به‌ر ئه‌وه‌ی ناسراويیهكی ئه‌وتۆم له‌سه‌ر جه‌نابت نیه پرسیاره‌كانم له چوارچێوه‌ی ئه‌و به‌شه‌ی كه وه‌ك بیروباوه‌ڕی سیاسی به‌ڕێزتان پێناسه‌كراوه ده‌رده‌بڕم:
1. ئه‌وه‌ی كه به‌ڕێزتان ناوی "مافی شارومه‌ندی" یان "مافی كۆله‌كتیڤ"تان لێناوه، كه‌ی له وڵاتێكی وه‌ك ئێران دێته‌دی؟ ئایا نه‌ته‌وه‌ی كورد و نه‌ته‌وه‌كانی بندهستكراوی ناو سنوری ناولێنراوی ئێران ده‌بێ چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بن که نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست و چه‌پ و ڕاستی ئه‌و نه‌ته‌وه كه له ئه‌وپه‌ڕی بێدهسهڵاتیانهوه تا ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی، له چاكیانه‌وه بۆ خراپیان، ئاماده نین دیان به ماف و ئازادییه‌كانی نه‌ته‌وه بندهستكراوهكانی ناو ئه‌و چوارچێوه سه‌پاوه‌دا بنێن، تا تێده‌گه‌ن و سه‌ره‌نجام به‌خێری خۆیان مافی "شارومه‌ندی" یان "مافی كۆلێكتیڤ"ده‌ده‌ن به بندهستهكانیان؟
2. ئایا كورد وه‌ك نه‌ته‌وه كه له‌مێژه له پێناوی مافه‌كانی و سه‌ربه‌خۆیی وڵاته‌كه‌یدا خه‌بات ده‌كات، چ حه‌وجێی به‌وه‌یه چاوه‌ڕوان بێت و بۆ نابێ له‌جیاتی چاوه‌ڕوانی بۆخۆی خاوه‌نی پڕۆژه بێت و پێشڕه‌وی لێكهه‌ڵوه‌شانی ئه‌وسنوره زۆره‌ملیه بێت؟
3. ئایا له بنه‌ڕه‌تدا چ پێداویستیه‌ك هه‌یه كه كورد به‌نرخی گران یان هه‌رزان سوێند بۆ پاراستنی "تهواويیهتی ئه‌رزی" بخوات؟ یان ئێران چ خێرێكی بۆ نه‌ته‌وه‌ی ئێمه هه بووه تا نرخی ئه‌وه‌ی هه‌بێت به نرخێكی زۆر یان كه‌م سوێندی پێبخورێ؟
4. "مافی دياری کردنی چاره‌نووسی" کورد له ئێران به شێوه‌ی ڕێفراندۆم" كه به‌ڕێزتان بڕواتان پێی هه‌یه، لێكدانه‌وه‌ی فره‌ی ده‌كرێ له‌سه‌ر بكرێ. مه‌به‌ستی ئێوه له‌و شێوازه چیه؟ ئایا مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه كورد به ڕێفراندۆم پێوه‌ندی خۆی له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌كانی دیكه ده‌دات و بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی خۆی بدا؟ یان وه‌ك هه‌ندێك خه‌ڵكی دیكه مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه كه ڕێفراندۆمێك كه هه‌موو نه‌ته‌وه بندهستكراوهكان به‌شداری تێدا بكه‌ن؟!
به‌هیوای سه‌ركه‌وتنتان له ژیان و خه‌باتی ڕۆژانه‌تاندا
کاک په‌رێزی هێژا،
سڵاو بۆ ئێوه‌ی به‌ڕێز و سپاس بۆ پرسياره گرينگهکانتان. ڕاستييهکهی ئه‌وه‌يه که له‌سه‌ر به‌شێکی ئه‌م پرسانه لێدوانم هه‌بووه. لێره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌م ته‌نيا به چه‌ند دێڕ بيروڕای خۆمتان له مه‌ڕ ئه‌م ته‌وه‌ره بۆ ده‌رببڕم:
(بۆ وێنه سرنجتان بۆ وتاری "نه در باره‌ی هم، که با هم سخن گوييم" ڕاده‌کێشم که له‌وێدا بڕێک به تێروته‌سه‌لی باسی بۆ وێنه "ته‌واوه‌تی عهرزيی ئێران"م کردووه.)
به بڕوای من ده‌بێ سيسته‌می دێمۆکراتيک و فێدڕاڵی داهاتووی ئێران له په‌يوه‌ندی له گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌کانی ئێران له سه‌ر سێ بناغه دابمه‌زرێ:
يه‌ک: مافی دياری کردنی ده‌ره‌کی و ناوه‌کی چاره‌نووس (بڕياردان له سه‌ر مانه‌وه ياخود نه‌مانه‌وه له چوارچێوه‌ی ئێران و هه‌روه‌تر بڕياردان له سه‌ر دياری کردنی نيزامی سياسی و ئابوری و فه‌رهه‌نگی و کۆمه‌ڵايه‌تی له ناو خودی کوردستان، ئه‌گه‌ر بڕياردرا له ئێران‌دا بمێنينه‌وه)،
دوو: ماف و مکانيسمی به‌رگری کردن له که‌مايه‌تييه نهتهوايهتييهکان (هه‌روه‌ک ده‌زانين دياری کردنی سنوورێک که له‌مبه‌ر و له‌وبه‌ری به ته‌واوه‌تی دوو نه‌ته‌وی جياوازی تێدا بژی مه‌حاڵه، به‌م واتايه که هه‌ميشه که‌مينه‌يه‌ک له‌مبه‌ر يا له‌وبه‌ر و يا له هه‌ردووک لای سنوور ده‌مێننه‌وه، بۆ وێنه کورد له ئازه‌ربايجان، يا ئازه‌ری له کوردستان. بۆ وه‌ی که مافی ئه‌م کهمايهتييانهش نه‌خورێ، پێويستمان به ياسای به‌رگری کردن له مافه‌کانی که‌مينه نهتهوايهتييهکان هه‌يه) و
سێ: مافی شارومه‌ندی ته‌واو (ئه‌و مافه‌ش له پهيوهندهی له گه‌ڵ ئه‌م باسه به‌م مانايهيه که ئه‌گه‌ر بێتوو که‌سێک نه له‌ناو ئهيالهتهکهی خۆی، نه وه‌ک که‌مينه له ئهيالهتێکی جيران، به‌ڵکوو وه‌ک تاک له‌و سه‌ری وڵات ژيا، ده‌بێ مافی شارومه‌ندی وه‌ک خوێندن به زمانی دايکی خۆی و مکاتيبه له گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی فێدڕاڵ به‌و زمانه‌ی که بۆ خۆی پێی خۆشه هه‌بێ، بۆ وێنه ئه‌گه‌ر کوردێک له شيراز بژی، يا فارسێک له سنه).
مه‌به‌ستيش له مافی شارومه‌ندی مافی تاکه که‌سييه و له مافی کۆلێکتيڤ مافی جه‌معی و جه‌ماوه‌ری وه‌ک مافی دياری کردنی چاره‌نووسی خۆ له ڕێفراندومێکدا. که وايه ته‌نيا کورده که بڕيار له سه‌ر چاره‌نووسی کورد ده‌دا، نه‌ک لايه‌نێک، ده‌وڵه‌تێک يا نه‌ته‌وه‌يه‌کی تر. ڕێفراندوم و ڕاپرسی و هه‌ڵبژاردنيش له سه‌ر چاره‌نووسی کورد چ بۆ دياری کردنی مانه‌وه يا نه‌مانه‌وه له ئێران و چ بۆ دياری کردنی نيزامی سياسی له ناو خۆی کوردستان، ته‌نيا له کوردستان ده‌کردرێ و نه‌ک له شوێنێکی تر.
که‌سيش قه‌رار نييه به خێرا خۆی ماف به من بدا يا نه‌دا. بۆ وێنه فارسيش يه‌کێک له لايهنهکانه وه‌ک کورد، نه زۆرتر و نه که‌متر. به‌ڵام ئه‌وه‌ش ده‌بێ بزانين که فێدڕاليسم دوو لايه‌نی هه‌يه: يه‌کيان لايه‌نی فێدڕاڵه، لايهنێکيشيان ئه‌ياله‌تی. ئه‌وه‌ی که په‌يوه‌ندی به ئه‌ياله‌تی کوردستانه‌وه هه‌يه، ته‌نيا له کوردستان بڕياری له سه‌ر ده‌درێ (بۆ وێنه بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی پرسگه‌لێک وه‌ک گه‌لۆ له کوردستان نيزامی پارڵمانيمان ده‌بێ، نيزامی کۆماریمان ده‌بێ، نيزامی هه‌ڵبژاردنی زۆرينه يان نيسبیمان ده‌بێ و ده‌يان و سه‌دان پرسی بچووک و گه‌وره‌ی تر)، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که له ئاست فێدڕاڵهوه بڕياری له سه‌ر ده‌درێ، ته‌نيا به مهساليحه و سازش و سازان ده‌کرێ و ئێمه‌ش ته‌نيا لايه‌نێکی ئه‌م قهزييهين. لێره‌دايه که ده‌ڵێم، ئه‌گه‌ر بڕيارێک دژی به‌رژه‌وه‌ندی کورد درا، ده‌بێ بێ ئه‌ملاوئه‌ولا بۆيان ڕوون که‌ينه‌وه که په‌سه‌ندی ناکه‌ين. يا ئه‌گه‌ر وتيان که "ئێمه قه‌بووڵ ناکه‌ين که ئێوه له ئه‌ياله‌تی کوردستان وابکه‌ن و وانه‌که‌ن"، "ئێوه ته‌نيا مافی شارومهنديتان هه‌يه و به‌س"، "ده‌ش توانن به زمان دايکی خۆتان بخوێنن ئه‌ويش له په‌نای زمانی فارسی"، ئه‌و کات دهڵهين: "سپاس بۆ ئێوه، به‌ڵام ئێمه ته‌نيا بۆ ئه‌م مافانه‌مان خه‌بات نه‌کردووه و خوێنمان نه‌داوه. ئێمه له سه‌ر مافی دياری کردنی چاره‌نووس، له سه‌ر دامه‌زراندنی فێدڕاليسم، سازش و پاشه‌کشه ناکه‌ين و ئه‌گه‌ر ئێوه ناتوانن ئه‌وه‌ی قه‌بووڵ بکه‌ن، ئێمه له سه‌ر جيابوونهوه و دامه‌زراندنی وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ بڕيار ده‌ده‌ين". که وايه ئێمه نابێ به هه‌ر قيمهتێک له ئێران‌دا بمێنينه‌وه. ئێمه ته‌نيا له به‌رامبه‌ر ئه‌م وڵاته‌ی ئه‌رک قه‌بووڵ ده‌که‌ين که مافی سه‌داسه‌د به‌رامبه‌رمان هه‌بێ، ته‌نانه‌ت ده‌بێ له سه‌ر نه‌ته‌وه‌کانی وه‌ک فارس و تورک "تهبعيزی ئه‌رێنی و موسبه‌ت" بکردرێ، تا ناوچه‌کانی تری ئێران وه‌ک خوزستان، به‌لوچستان، تورکه‌مه‌نستان و کوردستان به نيسبه‌ت ڕاده‌ی پێشکه‌وتنی ئابوری بێنه ئاست ڕاده‌ی وان. که وايه ئێمه نابێ وا بجووڵهينهوه که ئه‌وان وابير که‌نه‌وه و هه‌ڵسوکه‌وت بکه‌ن که ئه‌وان خاوه‌ن ماڵن و ئێمه‌ش ميوان، ئه‌وان ئه‌سڵن و ئێمه فه‌رع.
(سرنجتان بۆ وتارێ "در افشای شووينيسم" و هه‌ر وه‌تر بۆ نووسراوه‌ی "نه در باره‌ی هم که با هم سخن گوييم" له سايتهکهم ڕاده‌کێشم.)
من هه‌ميشه وتوومه و دهيڵهمهوه که ئه‌و شته‌ی که ئێمه گه‌ره‌کمانه، مافه زهوتکراوهکانمانه. ئه‌گه‌ر ئه‌و مافانه بگه‌ڕێنه‌وه بۆ گه‌ل، پێويستيمان به جيابوونهوه نابێ. به‌ڵام واش نييه که جيابوونهوهمان پێ تاوان و گوناح بێ. له ڕوانگه‌ی منه‌وه هێچ تاک و هێزێکی کوردی بۆی نييه، به بێ شه‌رت و مه‌رج به قه‌ولی ئێوه "سوێند به ته‌واوه‌تی عه‌رزی ئێران" بخوا، به تايبه‌تی نابێ ژێر هيچ به‌ياننامه‌يه‌ک ئيمزا بکا که ره‌سته و به‌ندێکی وای تێدا بێ. ئێمه چه‌کی سپی به که‌س ناده‌ين. به‌سسه ئيتر.
ئه‌وه‌ی که ده‌فه‌رموون، کورد ده‌بێ پرۆژه‌يه‌کی تايبه‌تی خۆی هه‌بێ (به باوه‌ڕی من چ بۆ حاڵه‌تی جيابوونهوه، چ بۆ مانه‌وه له ئێران و دياری کردنی نيزامی سياسی ناو کوردستان) سه‌داسه‌د له‌گه‌ڵتانم. به‌داخه‌وه زۆر شتمان ڕوون نييه، به‌تايبه‌تی ستراتيژی نهتهوهيیمان نييه. مخابن ته‌نانه‌ت به‌شێک له وانه‌ی که ڕساڵه‌تی "ناسيۆناليسم" بۆ خۆيان قائيليشن، جگه له هێرش بردنه سه‌ر ئه‌م يا ئه‌و نهتهويه، ئه‌م يا ئه‌و ڕێکخراوه‌ی کوردی، شتێکيان پێ نييه. نه نه‌ته‌وه وا ساز ده‌بێ و نه ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌يی. پرۆژه‌يه‌کی وا پشوويهکی درێژ و نه‌پسانی ده‌وێ و زانستی ده‌وێ و له پێش هه‌موو شتێکدا مه‌تانه‌ت و لهخۆبردوويی ده‌وێ. ئه‌وه‌ڵين شتێک که پێويستمان پێيه‌تی به‌ره‌يه‌کی کوردييه که ويسته نهتهوايهتييهکانی خۆمانی گه‌ڵاڵه کردبێ. که چی به‌داخه‌وه به‌تايبه‌تی ئه‌وانه‌ی که خۆيان پێ "نه‌ته‌وه‌خواز" و "نه‌ته‌وه‌گه‌را"يه تا ئێستا حازر به‌م کاره نه‌بوون، بگره لهمپهريش بوون.
ئه‌من بۆخۆم به هۆی زۆر و جۆراجۆر له گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌يی و سه‌ربه‌خۆيی کوردی نيم و پێم وايه که له ڕێگای نيزامێکی فێدڕاڵهوه زووتر به ئامانجه‌کانمان ده‌گه‌ين. ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ هێز و ئامراز و که‌ره‌سه‌ی خۆی ده‌وێ که به‌داخه‌وه نيمانه. بۆمه‌ی کورد له پێش هه‌موو شتێکدا پێويسته که بيرێکی پته‌وی نه‌ته‌وه‌يی له ناو کورد به پانایی خاکی کوردستان (ڕۆژهه‌ڵات) ساز که‌ين که به‌داخه‌وه تا ئێستا نيمانه. ئێمه ئێستا هه‌نگاوی ههوهڵمان هه‌ڵنه‌هێناوه، که چی ده‌مانهه‌وێ هه‌نگاوی ئاخر ههڵێنينهوه. نکۆڵی له‌وه‌ی ناکه‌م که ئێمه سه‌ره‌ڕای وه‌ش ده‌توانين داوای سه‌ربه‌خۆيی بکه‌ين. ئه‌مه وه‌ک ماف ڕه‌واشه. به‌ڵام ئامانجێکه که شه‌ڕێکی زۆر درێژخايه‌نی ده‌وێ؛ قوربانێکی يه‌کجار زۆری ده‌وێ؛ دوژمنايهتێکی قووڵی له گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌کانی ده‌وروبه‌ر ده‌وێ؛ هێزێکی نه‌ته‌وه‌يی و نيزامی گه‌وره‌ی ناخۆيی ده‌وێ و هه‌روه‌تر پشتيوانی ناونهتهوهيی. به‌داخه‌وه گرفتی مه هه‌ر حکومه‌تی ناوه‌ندی نييه، به‌ڵکوو هه‌روه‌ها ديارنهبوونی سنووره‌کان و به تايبه‌تی کێشه له گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌کانی جيرانه. ئه‌گه‌ر ئه‌من ده‌ڵێم که دانی دروشمی سه‌ربه‌خۆيی دروست و ئوسولی نييه، مه‌به‌ست ئه‌وه نييه که ئه‌و مافه‌م قه‌بووڵ نييه، به‌ڵکوو ته‌نيا ئه‌وه‌يه که ئه‌م دروشمه يه‌ک) له هه‌لومه‌رجی ئێستادا عه‌مه‌لی نييه و دوو) به قازانج و به‌ژه‌وه‌ندی کورد نازانم. مه‌به‌ست و ئه‌سڵ و ئه‌ساسی ئه‌م بيره کورد و کوردستانه، نه‌ک ئێران و فارس. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌يه که ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ناچار کرێين ئه‌م ڕێگايه بڕۆين، ده‌بێ ئه‌م کاره‌ی به شێنی و هێمنی و به‌رنامه و پرۆژه‌و به تايبه‌تی هه‌نگاو به هه‌نگاو بکه‌ين. دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵگای سۆسياليستی له وڵاتێکی فێئۆدالی موومکين نيه و مه‌حکووم به شکسته، ئه‌ويش له کاتێکدا که هێزه‌کانی وه‌دواکه‌وتوو و فێئۆدالی له‌و په‌ڕی هێزی خۆيانه‌وه دابن و هێزه‌کانی پێشکه‌وتوو و سۆسياليستی له‌و په‌ڕی لاوازييهوه. ئه‌م شته بۆ ده‌وڵه‌تی نهتهوهيیش ئيعتيباری هه‌يه.
ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌يی، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پێکهێنانی موومکينيش بێ، ته‌نيا کاتێک ده‌توانێ به‌خته‌وه‌ری و پێشکهوتوويی و ئازادی و به‌رابه‌ری و ئاسايش بۆ خه‌ڵک بێنێ که له سه‌ر بنه‌مايه‌کی ئابوری، فه‌رهه‌نگی و سياسی پێشکه‌وتووانه پێکهات بێ، خاوه‌نی سه‌رچاوه‌ی ماڵی به‌رچاو بۆ جێبه‌جێکردنی پرۆژه‌کانی بێ که ئه‌من پێم وايه له کوردستانی ئێران له‌وه‌ش بێبهشين. لانی که‌م هيچ تاک و هێزێک تا ئێستا ڕوونی نه‌کردۆته‌وه که
يه‌ک: چۆن ئه‌و گرفتانه‌ی که له‌به‌رامبه‌ر پێکهێانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆيی دان چاره‌سه‌ر ده‌کا و
دوو: چ نيزام و پێکهاته‌يه‌کی سياسی و ئابوری و فه‌رهه‌نگی له کوردستان داده‌مه‌زرێنێ، به چ شێوه‌يه‌ک مافی شارومه‌ندی خه‌ڵک و مافی گروپی که‌مينه‌کان دابين ده‌کا و
سێ: سه‌رچاوه‌ی مادی و ماڵی ئه‌م ده‌وڵه‌ته چ ده‌بێ.
بۆ ڕاکێشانی سرنجی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان بۆ پرۆژه‌ی سه‌ربه‌خۆيی ته‌نيا به‌س نييه که بڵه‌ين ئێمه جياده‌بينه‌وه، به‌ڵکوو ده‌بێ هه‌روه‌تر بوترێ که
يه‌ک: بۆ جياده‌بينه‌وه و
دوو: چۆن جياده‌بينه‌وه و
سێ: پاش جيايی چ ده‌بێ.
به کورتی، من پێم وايه که نه بۆ چاره‌سه‌ر کردنی سته‌می چينايه‌تی ئيلزامهن ده‌بێ نيزامێکی بێ چين و توێژ (سۆسياليستی و کومونيستی) پێکبێنين و نه بۆ لابردنی سته‌می نه‌ته‌وايه‌تی پێويسته حه‌تمه‌ن ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌يی پێک بێنين. به‌ڵکوو بۆ چاره‌سه‌رکردنی هه‌ر دوو کێشه باشتره نيزامێکی فێدڕاڵ و سۆسيال ـ دێمۆکراتيک به‌نا بنهين. پێويستيش ناکا، ئه‌م چه‌شنه نيزامهی ئيختيراع بکه‌ين. چه‌ندين نموونه‌ی سه‌رکه‌وتوو له جيهاندا هه‌ن که ده‌توانين که‌ڵکيان لێوهرگرين (سويس، بێلژيک، کانادا، ئيسپانيا، ئاڵمان، وڵاتانی ئێسکانديناوی، ...).
دژوارييهکانی فێدڕاليسم و پرسی تێکه‌ڵاوی کورد و ئازه‌ری
ئه‌مير که‌ره‌می
سڵاو به‌ڕێزم.
1. پێت وانیه شیعاری فیدرالیزمی جوغرافیايی كه حیزبه كوردییه‌كان داوای ده‌كه‌ن بۆ ئێران له داهاتوو كێشه‌ی زۆر گه‌وره بۆ ئێران‌و كوردستان دروست بكات، چونكه ئێمه هه‌م له كوردستان‌و هه‌م له ئێران شاری فره نه‌ته‌وه‌مان زوره؟
2. داهاتووی شاره‌كانی كرماشان‌و ورمی‌و ... له ژێر شیعاری فیدرالیزمی جوغرافیایی چون ده‌بینی؟
سڵاو بۆ کاک ئه‌ميری به‌ڕێز.
ڕه‌نگه سه‌ختترين پرسيارگهلێک که لێم کرابێ، هه‌ر ئه‌م پرسيارانه بن. ئێوه به ئه‌گه‌ر و ئيحتيمالاتێک ئاماژه‌تان کردووه که شياوی باس و لێکۆڵينهوهن و ناکرێ به ساکاری بگيردرێن. ئيزن بده‌ن بۆ درێژتر نه‌بوونی باسه‌که بۆچوونی خۆمتان له چه‌ند ڕه‌سته‌ی ژێره‌وه به عه‌رز بگه‌يه‌نم:
فێدڕاليسم، خوڵقێنه‌ری کێشه؟
هه‌ڵبه‌ت ئه‌و دياردهيهی له‌وانه‌يه کێشه دروست بکا، نه‌ک فێدڕاليسم، به‌ڵکوو وهپاشکهوتوويی کۆمه‌ڵگای ئێرانه که خاوه‌نی فه‌رهه‌نگی دێمۆکراتيک نه‌بووه. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر دێمۆکراسيش دابمه‌زرێ، له سه‌ره‌تا كێشه‌ی زۆرمان له ئێران ده‌بێ. چونکه دێمۆکراسیش وه‌ک فێدڕاليسم په‌يوه‌ندی به‌دابه‌شکردنی ماف و هێز هه‌يه. ئه‌وانه‌ی که تا ئێستا خاوه‌نی هه‌موو ماف و ئيمتياز و هێزێک له‌م وڵاته بوون، زه‌حمه‌ته به ئاسانی بڵێن که "فه‌رموون، ئه‌وه‌ش به‌شه زه‌وتکراوه‌کانی ئێوه‌يه که تا ئێستا له لای مه بووه". باسی فێدڕاليسم ناکه‌م. کام وڵاتی دێمۆکراتيکی دنيا هه‌يه که بێ گرفت و ته‌نانه‌ت خوێنڕێژی و قوربانی به دێمۆکراسی گهيشت بێ؟ کام وڵات هه‌يه که سۆسياليسمی تێدا دامه‌زرابێ و شه‌ڕێکی ناوخۆيی زۆری لێنهکرابێ؟ با له دێمۆکراسی و سۆسياليسميش گهڕێين. کام وڵاتی سێنتراليستی هه‌يه که خوێنێکی زۆری "بۆ پاراستنی سنووره‌کانی" و بۆ هێشتنه‌وه‌ی ئيمتيازهکانی سياسی و ئابوری و ... له ده‌ست نه‌ته‌وه، قه‌وم، حيزب و تاقمێکی ده‌سه‌ڵاتدار نه‌ڕشت بێ؟ مه‌گه‌ر هه‌ر ئه‌و حکومه‌ته "مێهروهرزه"ی ئێران له پێناو دامه‌زراندن و به‌رگری کردن له نيزامی ئيسلاميستی خۆی گيانی که‌م ئينسانی هه‌ستاند؟ مه‌گه‌ر تورکييهی کهماليست و شووينيست که‌می له ئه‌رمه‌نی و کورد کوشت؟ مه‌گه‌ر عێراق و سورييه که‌ميان له پێناو پاراستنی "ته‌واوه‌تی خاکی' خۆيان جينايهت کردووه؟ له‌مانه‌ش گهڕێين. مه‌گه‌ر کورد بۆ خودموختاری که‌می تا ئێستا قوربانی داوه؟
ئه‌وه ديکتاتۆرييه که ده‌بێته هۆی وه‌ی که ئاڵوگۆڕی سياسی بێ خوێنڕێژی پێک نهيه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر که‌س باسی فێدڕاليسميش نه‌کا. هۆيه‌که‌شی ئه‌وه‌يه که فه‌رهه‌نگی ته‌عامولی سياسی له ئێران نييه، تهحهززوب ڕيشه‌ی نييه، مێديای سه‌ربه‌خۆمان نييه، زۆره‌ملی و توند و تيژی و ڕاديکاليسم هه‌ر موقه‌دده‌س ماوه. به کورتی و کوردی: فه‌رهه‌نگی حه‌زف و بگره و بکوژه له ئێمه‌دا زۆر به‌هێزه.
به بڕوای من ئه‌زموونی ئه‌م سێ ده‌يه‌يه سه‌لماندوويه‌تی که سروشتی "کۆماری" ئيسلامی ئێران ئيزنی چاکسازی و رێفۆڕم و ئيستحاله و گۆڕانی "بێ خوێنڕێژی" (وه‌ک شيلی و ئافريقای باشوور) نادا. هه‌ربۆيه‌ش تێکشکانی حکومه‌تی ناوه‌ندی تێکه‌ڵ به توندوتيژی (خشونه‌ت) ده‌بێ. ئه‌م توندوتيژييهش دوای گۆڕانی حکومه‌تيش ماوه‌يه‌ک هه‌ر ده‌مێنێ. که وايه، توندوتيژی له کۆمه‌ڵگاکه‌مان دايه و په‌يوه‌ندی به فێدڕاليسمهوه نييه. ئه‌زقه‌زا فێدڕاليسم بۆ کاناليزه کردن و ياسايی کردن و دێمۆکراتيزه کردنی کێشه‌کان داندراوه.
ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م مهنتيقه بڕۆين که فێدڕاليسم له‌وانه‌يه کێشمان بۆ دروست کا، ده‌بێ واز له زۆر ئامانج و ئاره‌زوومان بێنين، له دێمۆکراسی، له دابين‌کردنی مافه‌کانی کۆمه‌ڵايه‌تی و نه‌ته‌وه‌يی و سياسی و جينسی، له سۆسياليسم، له گۆڕان به گشتی.
ڕێگای دابين‌کردنی مافی نه‌ته‌وه‌يی
گه‌لۆ ڕێگا چاره ئه‌وه‌يه که واز له ويست و هه‌وڵدان بۆ گۆڕانکاری له سيسته‌می سياسی ئێران بێنين؟ بێ‌شک وڵامی ئه‌م پرسياره ئه‌رێنی نييه. که وايه ئه‌م گۆڕانکارييه ده‌بێ چۆن بێ؟ کۆمه‌ڵێک گرفت و کێشه‌مان له ئێران هه‌ن که ده‌بێ چاره‌سه‌ر بکردرێن. يه‌کێک له‌م کێشانه ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر کۆبوونه‌وه‌و که‌ڵه‌که‌بوونی هێزی سياسی و ئابوری و فه‌رهه‌نگی له ناوه‌ند و بێبه‌ش بوونی زۆربه‌ی گه‌لانی ئێران له بڕياری سياسی وڵات و خۆيان. به هه‌ر حاڵ، ئه‌من جگه له حکومه‌تی ئێران که‌س و رێکخراوێک ناناسم که کێشه‌يه‌ک نه‌بينێ، هه‌رچه‌ند ناونان و پێناسه‌کردنی ئه‌م کێشه‌يه يه‌کسان نييه:
1. به‌شێک ده‌ڵێن که سه‌رچاوه‌ی کێشه‌که سته‌می نهتهوايهتييه و به دامه‌زراندنی دێمۆکراسی و دابين‌کردنی مافی شارومه‌ندی چاره‌سه‌ر ده‌کرێ. هه‌ڵبه‌ت به وته‌ی وان کورد مافی دياری کردنی چاره‌نووسی هه‌يه و ده‌توانێ له هه‌ڵبژاردنێکدا بڕيار له سه‌ر مانه‌وه، يان نه‌مانه‌وه له ئێران بدا. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ماوه، ده‌بێ به‌م شێوه‌ی که وترا کێشه‌که‌ی چاره‌سه‌ر بکردرێ.
(بۆ وێنه بڕوانه بۆچوونه‌کانی حيزبی کومونيستی ئێران و کۆمه‌ڵه، سازمانی کوردستانی ئه‌م حيزبه.)
2. به‌شێکی تر ده‌ڵێن که "ئه‌قوامی" ئێران موشکيلهيهکيان له گه‌ڵ يه‌کتر نييه و هه‌موو "نه‌ته‌وه‌ی ئێران" پێک دێنن و هه‌موو ئێرانێک ده‌بێ مافی به‌رامبه‌ری شارومه‌ندی هه‌بێ، له ڕابردوو هه‌ڵه‌ی بێمه‌به‌ست کراون. له داهاتوودا ڕاده‌يه‌ک له تهمهرکۆززودايی و پێکهێنانی "حکومه‌تی مه‌حه‌للی" و دانی مافی ئيداری و ئيجرايی به وان پێويسته، به‌ڵام فێدڕاليسم له ڕوانگه‌ی وان بيانوو و پێشهکييهکه بۆ جيايی له ئێران، هه‌ربۆيه نه‌ياری ئه‌م سيستهمهن.
(بڕوانه بۆ وێنه به‌رنامه‌ی حيزبی مه‌شروته‌ی ئێران.)
3. لايه‌نێک ده‌ڵێ که سته‌می نه‌ته‌وايه‌تی له ئێران مهوزووعييهتی نه‌بووه. کێشه‌ی کوردستان تايبه‌تييه و کورد له ڕاپرسييهکدا ده‌توانێ بڕياری جيابوونهوه بدا، به‌ڵام خودموختاری و فێدڕاليسم وهپاشکهوتووانهن، ته‌نيا مافی به‌رامبه‌ری شارومه‌ندی به‌سه.
(بڕوانه بۆ وێنه هه‌ڵوێستی حيزبی کومونيستی کرێکاری ئێران.)
4. لايه‌نێک ده‌ڵێ که فێدڕاليسم کێشه‌ی کورد و نه‌ته‌وه‌کانی ئێران چاره‌سه‌ر ناکا. ڕێگاچاره‌ی دروست کۆنفێدڕاليسمه.
(بڕوانه هه‌ڵوێستی پارتی ژيانی ئازادی کوردستان ـ پژاک.)
5. کۆمه‌ڵێک حيزب و ڕێکخراوی سه‌ر به نه‌ته‌وه‌کانی غه‌يری فارسی ئێران هه‌ن که به هۆی جۆراجۆر له‌سه‌ر ئه‌م بڕوايه‌ن که کێشه‌که (سته‌می نه‌ته‌وايه‌تی) به فێدڕاليسم حه‌ل نابێ و باشتر ئه‌وه‌يه که داوای سه‌ربه‌خۆيی بکردرێ. هه‌ر بۆيه‌ش سهربهخۆيیخوازن.
(بۆ وێنه بڕوانه به‌رنامه‌ی پارتی سه‌ربه‌خۆيی کوردستان، پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان، حزبی رزگاری کوردستان، ...)
6. کۆمه‌ڵێک حيزب و ڕێکخراوی ديکه هه‌ن که فێدڕاليسم به باش‌ترين سيسته‌می سياسی بۆ لهبهين بردنی سته‌می نه‌ته‌وايه‌تی و پێکهوهژيانی گه‌لانی ئێران ده‌زانن، هه‌ر چه‌ند ئه‌م حيزبانهش دوو ده‌سته‌ن:
o دهستهيهکيان که هێزه چه‌په‌کانی ميانهرۆی ئێرانن، له ناوه‌رۆکدا زۆرتر فێدڕاليسمی سياسی ــ ياسايی ــ ئيداريان پێ باشتره (بڕوانه‌ی به‌رنامه‌ی سازمانی سۆسياليستهکانی شۆرشگێر، فيدائيانی خه‌ڵک (ئهکسهرييهت)، فيدائيانی کومونيست، راهی کارگه‌ر، ...)، هه‌ر چه‌ند زۆر دژی فێدڕاليسمی جوغرافی ـ نهتهوهيیش نين.
o ده‌سته‌ی دووهه‌ميان که زۆرتر سه‌ر به نه‌ته‌وه بنده‌سته‌کانن، بۆ وێنه حيزبی دێمۆکراتی کوردستان (+ - ئێران) و حيزبی کۆمه‌ڵه‌ی شۆرشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران (هه‌ر دوو باڵی)، فێدڕاليسمی جوغرافی و نه‌ته‌وه‌يی داوا ده‌که‌ن.
من پێم وايه که دێمۆکراسی، به‌م شێوه‌ی که هيندێک لايه‌ن گهڵاڵهيان کردووه و زۆرتر مه‌به‌ستيان دێمۆکراسی زۆرينه‌يه، هه‌روه‌تر مافی شارومه‌ندی که مافی تاکه کهسیيه و نه گروپی، کێشه‌که‌مان که سياسی و په‌يوه‌ندی به نيزامی حکومه‌تی داوه‌و سه‌رچاوه‌که‌ی سته‌می نه‌ته‌وايه‌تی، يانی سته‌م له نهتهوهيهکه، چاره‌سه‌ر ناکا (هه‌روه‌ک مافی شارومه‌ندی سته‌می جينسی و کۆمه‌ڵايه‌تی حه‌ل ناکا). هه‌ر وه‌تر بڕوام به دروستی هه‌ڵگرتنی دروشمی سه‌ربه‌خۆيی به زۆر هۆوه، به تايبه‌تی به هۆی نائوسولی و غهيرهپراکتيکی بوونی نييه، هه‌ر چه‌ند وه‌ک مافێکی ڕه‌وا قه‌ت نابێ ره‌تی که‌ينه‌وه و يا نکۆڵی لێبکه‌ين. به باوه‌ڕی من ده‌بێ به ڕوونی و شهفافييهتهوه بوترێ که به خواست و ئيراده‌ی خۆمان له چوارچێوی ئێران ده‌مێنينه‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ديسان له په‌راوێزدا بمێنينه‌وه و بڕيارده‌ری ژيانمان که‌سانێکی تر بن، باکمان له جيابوونهوه نييه. ئه‌گه‌ر مافمان زه‌وت کرێ، سنوور و ته‌واوه‌تی عه‌رزی ئێران نه ته‌نيا بۆ ئێمه هيچ تهقهددوسێک، به‌ڵکوو ته‌نانه‌ت هيچ بايهخيشی نابێ. به کورتی ده‌بێ ئه‌وه وتاری ئێمه بێ. کۆنفێدڕاليسميشم پێ سيسته‌مێکی ناڕێئاليستييه، به‌م هۆیه‌ی که ته‌نانه‌ت يه‌ک جارانيش ئه‌زموونی سه‌رکه‌وتووی نه‌بووه، هه‌روه‌تر بۆ وه‌ی که پارسه‌نگی هێز ئه‌م ئێزنهی نادا. دێسێنتراليزميشم بۆ ئه‌و کێشه‌يه پێ لاوازه، چونکه مافی بڕياردان هه‌ر له ناوه‌نددا ده‌مێنێته‌وه، تهقسيماتی جوغرافيايی (دابه‌شکردنی ئوستانه‌کان) ده‌ست لێنادرێ، پێش ئاسيميلاسيۆن ناگرێ، ته‌نانه‌ت مافی کهمينهمان نابێ، چونکه که‌مينه و زۆرينه بهرهسمييهت ناناسرێ. شياوی باسه که "حکومه‌تی مه‌حه‌للی" تايبه‌تمه‌ندی سيسته‌می دێسێنتراڵه، نه فێدڕاڵ. له حکومه‌تی فێدڕاڵ سێ ئاست (سه‌تحی) بڕياردانمان هه‌يه: ئاستی فێدڕاڵ، ئاستی ئه‌ياله‌تی يا ناوچهيی (regional)، ئاستی مه‌حه‌للی يا شاری (lokal)، له کاتێکدا له سيسته‌می دێسێنتراڵ ته‌نيا دوو سهتحمان هه‌يه که يه‌کيان سه‌تحی ناوه‌نده، ئه‌وی تريان مه‌حه‌للی يا شاری.
(له داهاتوودا هه‌وڵ ده‌ده‌م ئه‌م پرسه‌ی زۆرتر بخه‌مه به‌رباس. به‌ڵام لێره‌دا سرنجتان بۆ وتاری "تمرکززدايی در اروپا"، بابه‌تی ژماره 36 له به‌شی ئارشيوی سايتی iran-federal.com ڕاده‌کێشم.)
ده‌ی، ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه فێدڕاليسمه که پێم ڕێگا و سيسته‌مێکی کارسازه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ی که هه‌مانه: به‌شداری کردن له حکومه‌تی ناوه‌ندی و پێهێنانی حکومه‌تی ئه‌ياله‌تی.
به‌ڵام به له‌به‌ر چاوگرتنی ئه‌م گرفته‌ی که باستان کردووه (دياری نه‌بوونی سنووری نه‌ته‌وه‌کان و تێکه‌ڵاوی وان له هه‌ندێ شار) پێموايه که ده‌بێ زۆر به وردی و ژيری بچينه پێشێ. ده‌زانين له کاتی وادا هێزه فاشيستی و شووينيستی و فاناتيک و وهپاشکهوتووکان بێکار دانانيشن. هه‌روه‌تر ئه‌زموونی کوردستانی باشوور سه‌لماندی که حکومه‌تی تورکييه له ده‌ستتێوه‌ردان له کاروباری به‌شه‌کانی تری کوردستان ڕاناوه‌ستێ. ته‌واوی هه‌وڵمان ده‌بێ ئه‌وه بێ که ئه‌م پرسه به بێ کێشه‌ی زۆر حه‌ل بێ.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته پێم باشتره که هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه هه‌نگاوی زۆر گه‌وره نههاوێين. هه‌نگاوگه‌لێکی "چکۆڵه" زۆرتر و زووترمان له مه‌به‌ست نيزيک ده‌که‌نه‌وه. له‌م پهيوهندييهدا به باشتر ده‌زانم که سه‌ره‌تا له فێدڕاليسمێک که له‌سه‌ر بنه‌مای يه‌ک نه‌ته‌وه و يه‌ک زمان دانه‌مه‌زرابێ ده‌ست پێبکه‌ين و به‌ره‌به‌ره به‌ره‌و فێدڕاليسمێکی نه‌ته‌وه‌يی بچينه پێشێ. ڕه‌نگه هه‌ر له قۆناغی فێدڕاليسمی غه‌يری قه‌ومی ـ نه‌ته‌وه‌يی به‌م ئه‌نجام و ئاکامه بگه‌ين که ئه‌مه ـ ته‌نانه‌ت به ڕه‌چاوکردنی به‌رژه‌وه‌ندی نهتهوهيیشمان ـ زۆرتمان به قازانجه. به هه‌ر حاڵ، له ئێران ده‌تواندرێ نيزامێکی فێدڕاليستی، بۆ وێنه به‌م چه‌شنه‌ی که رێکخراوه چه‌پ و سۆسياليستييهکانی ئێران داوای ده‌که‌ن، دابمه‌زرێ، به‌ڵام به‌م مه‌رجه‌ی که له ياسای بنه‌ڕه‌تیدا بگونجێندرێ که دوو ئهيالهت بۆيان هه‌يه، ببنه يه‌ک، ياخود يه‌ک يان چه‌ند شار له ئهيالهتێک جيا ببنه‌وه و په‌يوه‌ست بن به ئهيالهتێکی تر. پێوه‌ر ده‌بێ ڕاپرسی بێ و به‌س. شايانی ئاماژه‌يه که ئه‌م چه‌شنه فێدڕاليسمه فێدڕاليسمی ئيداری ـ ئيجرايی نييه، به‌ڵکوو سياسی و نهتهوهيیيه، ته‌نيا به‌م جياوازييه که سنووره‌کان سه‌داسه‌د به پێی نه‌ته‌وه و زمان نييه و هه‌ر نه‌ته‌وه‌يه‌ک له سه‌ره‌تا له جيات يه‌ک، چه‌ند ئه‌ياله‌تی ده‌بێ. ئه‌وانه‌ش پاش چه‌ند ساڵان بڕياردهدهن که گه‌لۆ ببن به يه‌ک ئهيالهت يا هه‌ر وه‌ک خۆيان بمێننه‌وه. له ڕاستیدا ئه‌وه تێکه‌ڵاوێکه له‌م دوو چه‌شنه فێدڕاليسمهی که له‌سه‌ره‌وه باسی کرا. به‌م مانايه‌ی که له‌و شوێنه‌ی که خه‌ڵک پێيان خۆشه سنوره‌کانی ئێداری ئه‌مڕۆ بهێڵنه‌وه و ته‌نيا له چوارچێوه‌ی هه‌ر يه‌ک له‌م سنورانه‌دا ستروکتور و پێکهانه‌و و ئۆرگانه‌کانی فێدڕاڵ ساز بکردرێ، با ئه‌م کاره بکردرێ. له‌م شوێنانه‌ش که خه‌ڵک گهرهکيانه که پێکه‌وه بژين، باشتره چه‌ند ئوستان بکرێنه يک ئهيالهت، بۆ وێنه ئه‌ياله‌تی کوردستان.
شياوی باسه که تێکه‌ڵاوی دوو يا چه‌ند نه‌ته‌وه له يه‌ک شار يا يه‌ک ناوچه تايبه‌تمه‌ندی ته‌نيا ئێران نييه. کام وڵاتی فێدڕاڵ له دنيادا ده‌توانين نێو به‌رين که ئه‌م دياردهيهی نه‌بێ؟ بڕوانينه سويس، هێند، بێلژيک، کانادا، ئيسپانيا؛ هيچکام له‌م وڵاته فێدڕاڵانه بێ شار و ناوچه‌ی له باری زمانی، قه‌ومی و نه‌ته‌وه‌ييه‌وه تێکه‌ڵاو نين. ته‌نانه‌ت له وڵاتی چکۆله‌ی سويس چه‌ند کانتۆن (ئهيالهت) چه‌ند زمانه‌ن. ئه‌م ديارده‌يه له بێلژێيک ئاڵۆزتريشه. له‌م وڵاته دوو پێکهاته‌ی زمانی و قه‌ومی و نه‌ته‌وه‌يی سه‌ره‌کی فهرانسهویزمان و هۆلهندیزمانی تێدايه، به‌ڵام پايتهختهکهی ئاڵمانی زمانه. به باوه‌ڕی من له‌م چه‌شنه فێدڕاليسمهی بلێژيکيش ده‌توانين زۆر که‌ڵک وه‌رگرين. فێدڕاليسم سيسته‌مێکی وشک و دوگم نييه، توانايی ئه‌وه‌ی هه‌يه که له زۆر وڵاتی جۆراجۆری دنيايه پێک بێ. ڕه‌نگه به 24 ده‌وڵه‌تی فێدڕاڵ 24 چه‌شنه سيسته‌می فێدڕاڵمان هه‌بێ.
نازانم ئه‌گه‌ر ئێمه به ستروکتورێکی فێدڕاڵ نه‌توانين ئه‌م پرسه چاره‌سه‌ر بکه‌ين، به کام سيسته‌م ده‌توانين.
گرفتی "ئازه‌ربايجانی ڕۆژئاوا"
"ئازه‌ربايجانی ڕۆژئاوا" ـ باسی فێدڕاليسم و خودموختاری و کۆنفێدڕاليسم و سه‌ربه‌خۆيی بکردرێ يا نه‌کردرێ ـ کێشه و گرفتێکه که حکومه‌تی شووينيستی ره‌زا شا بۆ کورد و ئازه‌ری ساز کرد. ئه‌من پێم وايه که ئه‌گه‌ر حکومه‌تی ناوه‌ندی برووخێ ـ که دره‌نگ يا زوو هه‌ر ده‌رووخێ ـ، يا لاواز بێ ـ که دره‌نگ يا زوو هه‌ر لاواز ده‌بێ ـ، کێشه‌ی ئه‌م ئوستانه زۆر زه‌ق ده‌بێته‌وه و ده‌بێته يه‌کێک له کێشه و گرێپوچکه‌کانی کۆمه‌ڵگای ئێران به گشتی و کورد و ئازه‌ری به تايبه‌تی. گرفته‌که‌ش ئه‌وه نييه که دوو نه‌ته‌وه‌ی جياوازی تێدا ده‌ژين، به‌ڵکوو ئه‌و ستروکتوره تهبعيزئاميز و زاڵمانهيه که له‌م ئوستانه دامه‌زراوه. شووينيسمێک که له‌م ئوستانه به‌نيسبه‌ت کورد هه‌يه دووبه‌رابه‌ره. بێ هۆ نييه که خه‌ڵک بۆ وێنه له شاره‌کانی سابڵا‌غ و سه‌رده‌شت و شنۆ و بۆکان و خانێ و نه‌غه‌ده و هه‌روه‌ها ناوچهکوردييهکانی باکووری ئه‌م ئوستانه ده‌ڵێن: "ئێمه دوو حکومه‌تمان به‌سه‌ره‌وه‌يه: حکومه‌تی تاران و حکومه‌تی ورمێ. تازه له زۆر بارانه‌وه ده‌بێ بوترێ، سه‌د خۆزگه به زاڵمه‌کانی تاران." چاوێک به ڕاده‌ی پێشکهوتوويی ناوچه ئازهرييهکان و کورده‌کاندا بخشێنين، قهزييهکهمان بۆ ڕوون ده‌بێته‌وه؛ چاوێک به تهعهڵلووقی قه‌ومی ـ نه‌ته‌وه‌يی به‌رپرسانی ئوستاندا بخشێنين و بزانين چه‌نده له وان کوردن و چه‌نده ئازهرين، قهزييهکهمان بۆ ڕوونتريش ده‌بێته‌وه. ته‌نانه‌ت ناوی "ئازه‌ربايجانی رۆژئاوا" خۆی له خۆیدا تهبعيزئاميزه و ده‌يهه‌وێ پێمان بسه‌لمێنێ که "خاوه‌ن ماڵ" کێيه و "ميوان" کێيه، ئه‌وه له کاتێکدايه که به باوه‌ڕی من، ئه‌گه‌ر کورد له‌م ئوستانه زۆرينه نه‌بێ، که‌مينه ههرنييه، يان لانی که‌م ئه‌وه‌نده که‌م نييه که ته‌نانه‌ت له سه‌دان و هه‌زاران به‌رپرسی بچکووک و گه‌وره‌ی ئه‌م ئوستانه چواری کورد نه‌بن. ئه‌مه ته‌نيا بۆ کورد کێشه نييه، به‌ڵکوو بۆ ئازهريش کێشه‌يه: له ئوستانێک که ڕاده و ژماره‌ی دانيشتووانی غهيریئازهری ئه‌وه‌نده به‌رچاو بێ و ئه‌وه‌نده‌ش ناڕازی، کاتێک که هێزی سه‌رکووتگه‌ری حکومه‌تی ناوه‌ندی له ناوچه نه‌مێنێ (وه ئه‌من به چه‌ندين هۆ پێم وايه که به‌ڕووخانی حکومه‌تی ناوه‌ندی ئێستا، فاتيحای هێزی به‌هێزی ناوه‌ندی له ئێران و به‌تايبه‌تی له کوردستان بۆ هه‌ميشه ده‌خوێندرێ)، کێشه‌که به شێوه‌يه‌کی نه‌خوازراو و به توندیوتيژی سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه، به جۆرێک که ڕه‌نگه هيچ لا قازانجی تێدانه‌که‌ن.
ڕێگاحه‌لی کێشه‌ی "ئازه‌ربايجانی ڕۆژئاوا"
چه‌ند تێبينی بنچينه‌یی
"ئازه‌ربايجانی ڕۆژئاوا" وڵات و خاکی هاوبه‌شی کورد و ئازهرييه. نه کورد ميوان و ميوانداره، نه ئازه‌ری. له ميژووی ڕاسته‌قينه و ده‌ستکردی ناوچه‌که گهڕێين. له‌وه گهڕێين که کێ، که‌ی له‌و ناوچه‌دا ژياوه. ئه‌وه‌ی که بۆ مه ده‌بێ پێوه‌ر و بنه‌مای هه‌ڵسوکه‌وت بێ، ئه‌م ڕاستیيانه و فاکته دێمۆگرافييانهن که ئه‌وڕۆ هه‌ن. به‌م پێيه ئه‌م کێشه‌يه دوو لايه‌نی هه‌يه. کورد و ئازه‌ری دانيشتووی ئه‌م ئوستانه.
ڕووناکبيرانی پێشکه‌وتووی ئازه‌ری ده‌زانن که ناوچه کوردييه‌کانی ئازه‌ربايجانی ڕۆژئاوا ڕێک به‌هێزترين ناوه‌ندی سياسی و حيزبی و نه‌ته‌وايه‌تی جووڵانه‌وه‌ی کوردن. ئه‌وان ده‌زانن که له‌هه‌ر ڕووداو و ئاڵوگۆڕێکی داهاتووی ئه‌م ئوستانه کورد ده‌بێ لايه‌نێکی به‌رامبه‌ری دانووساندن و به‌شداری ئه‌م ئاڵوگۆڕانه بێ.
لايه‌نی کوردیش، ته‌نانه‌ت ئه‌وانه‌ی که خۆيان پێ "ناسيۆناليسته"، نه له ڕابردوودا دژی نه‌ته‌وه و تاکی ئازه‌ربايجانی بوون، نه له داهاتوودا ده‌بن، ئه‌وه‌ش به پێی سروشت و هه‌ڵسوکه‌وتی دێمۆکراتيکی وانهوهيه. لايه‌نی کوردی ئه‌م جينايهتانهی که که‌سانێکی وه‌ک حه‌سه‌نی له حه‌ق خه‌ڵکی بێديفاعی کوردی کرديان، نه به حيسابی ئازه‌ری داناوه و نه له ئاست ئه‌م جينايهته دژکردهوهيان له خۆ نيشان داوه. له‌م پرسه‌شدا سياسه‌تی کوردی خۆی به دۆستی ئازه‌ربايجانی داده‌نێ و هيچ کرده‌وه‌يه‌ک له خۆ نيشان نادا که مافی تاک و نه‌ته‌وه‌ی ئازاهربايجان له ژێر پێ بنرێ. به‌ڵام له هه‌مان کاتدا ماف و ئه‌رکی سهرشانيانه که تێ‌بکۆشن، مافه زه‌وتکراوه‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌يان له‌م ناوچه‌شدا به ديالۆگ له گه‌ڵ پێشکوتووخوازهکانی ئازه‌ربايجان به‌دی بێنن و ئه‌م دۆخه ناله‌باره‌ی ئه‌ورۆ که به تايبه‌تی بۆ کورد له‌م ئوستانه هه‌يه له درێژخايه‌ن دا بيگۆڕن.
ئێمه، هه‌ردووک لای ئازه‌ری و کورد، ئه‌رکی سه‌رشانمانه که ڕووحی برايه‌تی و دۆستايه‌تی مابهينی نه‌ته‌وه‌کانمان پته‌وتر که‌ين، چونکه ئێمه چ له فورماسيۆنێکی سياسی هاوبه‌شدا بژين، پێويستيمان به‌م ڕووحی هاوکارييه هه‌يه و چ ئه‌گه‌ر له دوو ئوستان، ئهيالهت يا وڵاتی جياواز بژين، بۆ وه‌ی که له‌م حاڵه‌ته‌شدا هه‌م کهمينهيهکی ئازه‌ری له کوردستاندا ده‌مێننه‌وه و هه‌م کهمينهيهکی کورد له ئازه‌ربايجاندا. ئه‌وه‌ی که ده‌بێ بناغه‌ی هه‌لسوکه‌وتی سياسیمان بێ، ويستی دانيشتووانی ناوچه‌که و کێبه‌رکێ و رقابه‌تی ئێمه له سه‌ر ئه‌مه‌يه که کاممان مافی تاکه‌که‌سی و گروپی که‌سان و نه‌ته‌وه‌کانی تر زۆرتر و باشتر دابين ده‌که‌ين، ئه‌گه‌ر بيان هه‌وێ به داخوازی خۆيان له‌گه‌ڵمان بمێننه‌وه.
ئه‌م گرفتانه‌ی که له‌م ئوستانه هه‌ن، بێبه‌ش و بێ‌ماف مانه‌وه‌ی کورد و حاڵه‌تی پاتێک که بهينی کورد و ئازه‌ری هه‌يه، له به‌رژه‌وه‌ندی ئازهربايجانيش دانييه. به وته‌يه‌کی ڕوونتر: به‌رده‌وامی و که‌ڵه‌که‌بوونی نارزامهندی و بێزاری کورد له‌م ئوستانه درێژخايه‌ن زه‌ره‌ر بهوانيش دهگهيێنێ. هه‌ر بۆيه به‌تايبه‌تی ئه‌وانن که ده‌بێ تێ‌بکۆشن له ڕێگای لابردنی ئه‌م ستروکتوره تهبعيزئاميزه دڵ و ڕ‌زامه‌ندی کورد به‌ده‌ست بێنن و خۆ له هه‌ڵوێست و هه‌ڵسوکه‌وتێک بپارێزن که له به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی هه‌ر دوو لادا نه‌بێ.
ڕێگاحهل، پێکهێنانی "ئوستانی موکريان"؟
له چه‌ند ساڵی ڕابردوودا ده‌سته‌يه‌کی به‌رچاو له ڕووناکبيران و هه‌ڵسوڕاوانی سياسی و فه‌رهه‌نگی و ئه‌ده‌بی کورد له‌م ئوستانه به جيددی خوازياری پێکهێنانی "ئوستانی موکريان" (پێکهاتوو له شاره‌کانی مه‌هاباد، بۆکان، سه‌رده‌شت، شنۆ و پيرانشار) بوون. زه‌ره‌ر و قازانجی پێکهاتنی ئه‌م ئوستانه چييه؟ ده‌بێ تاک و ڕووناکبير و هێزی سياسی کورد چۆن بڕوانێته ئه‌م پرسه؟
قازانجی بۆ لايه‌نی کورد:
o به‌شێک له کێشه ئيداریيهکانی خه‌ڵکی ئه‌م ناوچانه که هۆيه‌کانی ده‌گه‌ڕێته‌وه "حکومه‌تی نامه‌رئی ورمێ" چاره‌سه‌ر ده‌کرێن.
o بڕيارده‌ری ئيداری ئه‌م ناوچانه و به‌شێکی زۆرتر له ئێستای به‌رپرسانی کورد ده‌بن.
o لايه‌نی دانووسان و قسه‌وباس يه‌ک سه‌ر وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌بێ و نه‌ک ئوستانداری ئێستا. به‌م شێوه‌يه پرسه‌کانی ئه‌و ناوچه‌يه له فيلتێری سياسی، ئاسايشی (ئهمنييهتی) و ئينتيزامی و ئابوری ئۆستان تێپه‌ڕ نابێ و کيشه‌کان زووتر ده‌گه‌نه گوێی به‌رپرسان و ڕێگای چاره‌سه‌ری بۆ ده‌دۆزڕێته‌وه. ئه‌گه‌ريش نه‌دۆزرێنه‌وه، ده‌زانن به‌رپرسانی ڕاستهۆخۆی که‌ڵه‌که‌بوونی گرفته‌کان کێن.
o له داهاتوو ڕێگا بۆ وه‌ی که بێ قڕهيهکی زۆر ئوستانی موکريان تێکه‌ڵ به ئوستانه‌کانی تری کوردی بکردرێ، خۆشتر ده‌کا.
o ...
قازانجی بۆ لايه‌نی ئازه‌ری:
o کێشه‌يه‌کی جيددی که ئه‌م ئوستانه به ناوی جووڵانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌يی کورد هه‌يه‌تی و بێ‌شک له داهاتوودا گه‌وره‌تريش ده‌بێته‌وه، تا ڕاده‌يه‌کی زۆر لهکۆڵیدهبێتهوه.
o نه‌غه‌ده و ورمێ و ناوچه کوردييه‌کانی باکووری ئه‌م ئوستانه به ڕه‌سمی ده‌بنه ناوچه‌ی ئازه‌ربايجان.
o له داهاتوو ڕێگا بۆ وه‌ی که بێ قڕهيهکی زۆر ئوستانی ئازه‌ربايجانی رۆژئاوا تێکه‌ڵ به ئازه‌ربايجانی ڕۆژهه‌ڵات بکردرێ، خۆشتر ده‌کا.
o ...
بۆچوونی نه‌يارانی کوردی ئه‌م پرۆژه‌يه:
o کورد به‌شێک له نيشتمانه‌که‌ی له‌ده‌ست ده‌دا.
o گرينگی چه‌ند سه‌د هه‌زار کوردی ئه‌و ناوچانه بۆ شوێنه‌وار خستنه سه‌ر ڕه‌وتی سياسه‌ت له ناوچه‌که و به قازانجی کورد که‌م ده‌بێته‌وه. ڕه‌نگه له زۆر مافی که‌مينه و تاکه‌که‌سیش بێبه‌ش کرێن، به تايبه‌تی ئه‌گه‌ر ئازه‌ربايجانی رۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵات يه‌ک بگرن.
o کورد وه‌ک نه‌ته‌وه ناوچه‌يه‌کی ئيستراتيژيکی سنووری ئێران و تورکييه وه‌ک سنوورێک که کوردی دابه‌ش کردووه، له ده‌ست ده‌دا.
o ئاسيميلهکردنی کوردی ئه‌م ناوچانه ئاسانتر ده‌کا.
o قورسايی کورد له ئێران که‌م ده‌کاته‌وه.
o ...
ڕای من له سه‌ر پێکهێنانی "ئوستانی موکريان":
به لێکدانه‌وه‌ی لايه‌نی ئه‌رێنی و نه‌رێنی ئه‌م داوايه ناتوانم له گه‌ڵی بم، ئه‌ويش نه له ڕوانگه‌ی ناسيۆناليستييهوه، به‌ڵکوو به‌م هۆيه که پێم وايه ئه‌م ڕێگايه، ڕه‌نگه قازانجی کاتی هه‌بێ، به‌ڵام له درێژخايه‌ندا نه ته‌نيا کێشه‌که‌مان چاره‌سه‌ر ناکا، به‌ڵکوو بهزهرهريشمان ته‌واو ده‌بێ:
1. نابێ پێمان وابێ که ئه‌م نيزامه ناوهندييه، شووينيستييه هه‌تا ئه‌به‌د ده‌مێنێ و له پاشه‌ڕۆژدا کارته‌کان سه‌ر له نوێ لێکنادرێنه‌وه. ڕاسته، ئێمه و هێزه دێمۆکراتيکهکان ئه‌مرۆ به بوونی حکومه‌تی ناوه‌ندی که ته‌نانه‌ت له کێشه ناوچهييهکانيشدا هه‌ميشه دژی مه ڕاوه‌ستاوه، لاوازين. به‌ڵام ئه‌م فاکته‌ره و هێزه سهرکووتگهرهی ده‌وڵه‌تی له داهاتوودا نامێنێ. ڕاسته، له‌وانه‌يه ده‌وڵه‌ته‌کانی دژی کوردی ناوچه ئه‌م بۆشايیيهی حکومه‌تی ناوه‌ندی ئێران بۆ ماوه‌يه‌ک به زه‌ره‌ری مه پر که‌نه‌وه، به‌ڵام له درێژخايه‌ندا هێزی ئێمه ـ به‌تايبه‌تی به لاواز بوونی هێزی حکومه‌تی ناوه‌ندی ـ ئه‌وه‌نده به‌رچاو ده‌بێ که گۆڕان له‌و ناوچه‌و ئوستانه‌دا يهکلايهنه و به زه‌ره‌ری کورد نه‌يه‌ته ئاراوه.
2. ڕه‌نگه به پێکهاتنی ئه‌م ئوستانه به‌شێک له گرفته‌کانی ئێمه چاره‌سه‌ر بکردرێن، به‌ڵام ئه‌م به‌شه ئه‌وه‌نده چکۆڵه و ڕواڵه‌تی ده‌بێ که نرخی وه‌ی نابێ که ئێمه به‌شێکی به‌رچاو و گرينگ له نه‌ته‌وه‌که‌مان له خۆمان داببڕين، به‌تايبه‌تی که "کۆماری" ئيسلامی ناوه‌ندگه‌را هه‌ر له‌سه‌ر جێی خۆی ده‌مێنێ و کێشه‌که‌مان (شووينيسم) به شێوه‌ی بنه‌ڕه‌تی چاره‌سه‌ر ناکردرێ.
3. لێره‌دا ديسان جه‌خت بکه‌مه‌وه که من قه‌ت مافی تاکه‌که‌سی و نه‌ته‌وه‌يی خۆم له سه‌ره‌وه‌ی مافی تاکی و نه‌ته‌وه‌يی ئازه‌ری و نه‌ته‌وه‌يی تر دانانێم. به‌خته‌وه‌ری و پێشکه‌وتن و ئازادی خۆم به نرخی ڕه‌نج و مه‌ينه‌تی و کۆيلهتی خه‌ڵکانی تر ناوێ. ئه‌م شته‌ش که بۆ من گرينگه پان و به‌رينی خاک نييه، به‌ڵکوو ئازادی و به‌خته‌وه‌ری و سه‌ربه‌ستی خه‌ڵکه. ئا ئه‌و جێگايه‌ی که ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر من وه‌ک تاک، ته‌نانه‌ت وڵاتێکی دێمۆکراتيکی فرهنهتهوهيی به وڵاتێکی ته‌ک نه‌ته‌وه‌يی وه‌پاشکه‌وتوو و ديکتاتۆر ناگۆڕمه‌وه، هه‌ر چه‌ند که نه‌ته‌وه‌ی حاکمی ئه‌م وڵاته کورد بێ. به‌ڵام ئه‌گه‌ر مافی هه‌ڵبژاردنم بهينی دوو وڵاتی نادێمۆکراتيکی کورد و غهيریکورد، ياخود بهينی دوو وڵاتی دێمۆکراتيکی کوردی و غهيریکورد هه‌بێ، سروشتييه که پێم خۆشه له وڵاتی خۆم، کوردستان، بژيم. ئه‌م مافه بۆ کوردی باکووری کوردستانی ڕۆژهه‌ڵاتيش قائيلم. ڕه‌نگه ئه‌گه‌ر ئه‌م پرۆژه‌يه سه‌رکه‌وێ، ئه‌وان له‌م مافه بێبه‌ش بکه‌ين و ئه‌وان بۆ هه‌ميشه ده‌رفه‌ت و ده‌ره‌تانی وه‌ی له‌ده‌ست بده‌ن که له ئهيالهتێک يان وڵاتێکی دێمۆکراتيک به ناوی کوردستان بژين. گه‌لۆ مافی وه‌مان هه‌يه ئه‌و غه‌دره له وان بکه‌ين؟
پێشنياری من بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌ی "ئازه‌ربايجانی ڕۆژئاوا"
پێم وايه ئه‌گه‌ر هێزه وهپاشکهوتووکان لێمان گه‌ڕێن، بتوانين کێشه‌که حه‌ل که‌ين. بۆ ئه‌م کاره به بڕوای من سێ ڕێگامان زياتر له پێش نييه:
1. يا ستروکتورێکی دێمۆکراتيکی فێدڕاڵ له خودی ئه‌م ئوستانه پێک دێنين که نه‌ته‌وه‌ی کورد و ئازه‌ری تێيدا به ئازادی و به‌رابه‌ری مافه‌کانی سياسی و فه‌رهه‌نگی و ئابورييه‌وه بژين. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته پێويسته که پێش هه‌موو شتێک ناوی "ئازه‌ربايجانی رۆژئاوا" بگۆڕدرێ و بۆ وێنه بکرێته 'ئازه‌ربايجان و کوردستان" (وه‌ک "سيستان و به‌لوچستان"ی ئێستا يا وه‌ک زۆر ئه‌ياله‌تی دوو نێوی ئاڵمان)، له‌م ئوستانه دوو پاڕڵه‌مان و دوو حکومه‌تی ناوچهيی و هه‌روه‌تر يه‌ک حکومه‌ت و يه‌ک پارڵمانی هاوبه‌ش پێک بێ.
2. يان ستروکتورێکی دێمۆکراتيک له ئوستان دابمه‌زرێنين و پاشان به جيا له ناوچه‌کانی ئازه‌ری و کورد (به ته‌واوی گوند و شارهکانييهوه) ڕاپرسی بکردرێ که:" گه‌لۆ پێيان خۆشه ببنه دوو ئوستان يا ئه‌ياله‌تی ئازه‌ری و کورد؟" و "خۆيان وه‌ک تاک کاميان بۆ ژيان هه‌ڵده‌بژێرن؟"
3. يان ئه‌وه‌ی که هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه ئه‌و ڕاپرسييه بکردرێ.
چونکه ئه‌من به‌تايبه‌تی له‌به‌ر دژواری باری ناوچه‌که باوه‌ڕم به هه‌نگاوی "چکۆڵه چکۆڵه"يه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پێشمان وابێ که بۆ هه‌ر دووک لا باشتره که ئه‌م ئوستانه ببێته دوو ئوسستان يا ئهيالهت، پێم باشتره له ڕێگای يهکهمينهوه بچين بۆ دووههمين. ڕێگای سێهه‌مم زۆر پێ کێشه‌سازه.
به تايبه‌تی زۆر گرينه که ئێمه‌ی کورد:
هێزه‌کانی چه‌پ و پێشکه‌وتووخوازی ئێرانی (سه‌رانسه‌ری) و (به نيسبه‌ت ورمێ و ...) ئازه‌ری به‌شدار له‌م پرۆسه‌يه بکه‌ين.
هێزی چاوه‌دێری ناونهتهوهيی به‌شدار بکه‌ين.
نه‌ک به مێژوو و ئه‌فسانه و ...، به‌ڵکوو ته‌نيا به ڕای دێمۆکراتيکی خه‌ڵک له ڕێی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی و ڕێفراندۆم پشت ببه‌ستين. بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ش په‌له نه‌کردرێ و ته‌نانه‌ت باشتره چه‌ند ساڵ وه‌دوا بخردرێ.
به‌ربه‌ره‌کانی و خه‌باتی فيکری له گه‌ڵ ئه‌م که‌س و لايه‌نانه‌ی ناوخۆ بکردرێ که تۆوی دوژمنايه‌تی نه‌ته‌وه‌يی و قه‌ومی بڵاو ده‌که‌نه‌وه (به‌خته‌وه‌رانه ده‌بێ بوترێ که حيزبه سياسييهکانی مێژووداری کوردی ڕابردوويهکی پڕشهنگداريان له‌م باره‌وه هه‌يه و به پێی سروشت و به‌رنامه و بيروباوه‌ڕی دێمۆکراتيکيان قه‌ت دژی نه‌ته‌وه‌ی ديکه نه‌بوون، هه‌رچه‌ند که بۆ مه‌به‌ستێکی نهتهوهيیيان خه‌بات کردووه. ئه‌وه‌ی که ئه‌ندامی غه‌يری کورديشيان هه‌بووه، يا ڕێکخراوی غه‌يری کوردی له گه‌ڵيان هاوخه‌بات بووه، ئه‌م شته‌ی ده‌سه‌لمێنێ و ئيسبات ده‌کا.)
پێداگری له‌سه‌ر برايه‌تی و دۆستايه‌تی دوو نه‌ته‌وه‌يی کورد و ئازه‌ری و به هێزکردنی ئه‌م ڕیکخراوه ئازهريانه بکردرێ که ئه‌م شێواز و ڕێبازهيان هه‌يه. (به‌م مه‌به‌سته ده‌بێ هه‌ر له ئێستاوه که‌ڵک له تهلهويزيۆنه کوردييه‌کان بگيردرێ.)
به‌ره‌يه‌کی کوردستانی پێکبهیندرێ و به‌رنامه‌يه‌ک بۆ داهاتووی کوردستان که مافی شارومه‌ندی و که‌مينه نهتهوايهتييهکانی ناو کوردستانی به ڕوونی تێيدا بێ، گه‌ڵاڵه بکردرێ، به چه‌شنێک که هيچ غهيره کوردێک، به تايبه‌تی هيچ ئازهرييهک ترس و دڵه‌ڕاوکێی له‌وه نه‌بێ که له ئه‌ياله‌تی کوردستانی فێدڕاڵدا بژی. حکومه‌تی کوردستان، حکومه‌تی ته‌نيا کورد نابێ، به‌ڵکوو ئی هه‌موو ئه‌و که‌سانه و پێکهاته‌و که‌مينه نهتهوايهتيانهی که له چوارچێوه‌ی کوردستاندا ده‌ژين، ده‌بێ. به‌رنامه‌ی به‌ره (وه پاشان ئی حکومه‌تی کوردستان) ده‌بێ ئه‌ونده پێشکه‌توو بێ که مه‌يل و ڕيغبهتی ته‌نانه‌ت غهيره کورده‌کان بۆ ژيان له کوردستانی فێدڕاڵ زۆر بکا.
کوردستان دێسێنتراليزه بکردرێ، به‌م شێوه که سنووره‌کانی ئيداری نێوان چوار ئوستانی ئێستای ناوچه کوردييه‌کان به ويستی دانيشتووانی و به‌م ناوه‌ی که پێيان خۆشه که‌م يا زۆر بمێننه‌وه، ته‌نيا له مه‌جموعه‌ی ئه‌وانه ئه‌ياله‌تی کوردستان به حکومه‌ت و پارڵمان و ده‌زگای قهزاييهوه پێک بێ. (کرماشان هه‌ر ناوه‌ند بمێنێ، سنه هه‌ر ناوه‌ند بمێنێ، ...). باشتره که ناوه‌ندێکی ئيداری له ناوچه‌ی موکريان پێک بێ و ناوی ئوستانی کوردستان بکرێته "ئه‌رده‌ڵان" و کوردستان ناوی ره‌سمی و فه‌رمی گشت ئهيالهتهکه بێ.
دروشمی فێدڕاليسم له ژێر کاريگه‌ری ئاڵوگۆڕه‌کانی عێراق؟
ئـــاسـۆ
سڵاو كاك ناسر.
1. تۆ چۆن دهڕروانیته ئه‌و فیدرالیزمه شیعارییهی كه حیزبه كوردییه‌كان داوای ده‌كه‌ن؟ بۆ ئه‌وان نه‌یانتوانیوه تا ئێستا ئه‌و فیدرالیزمه تیئۆریزه بكه‌ن؟
2. هه‌لگرتنی شیعاری فیدرالیزم له لایه‌ن حیزبه كوردییه‌كانه‌وه پێت وایه چه‌نده له ژێر ئاڵوگۆڕه‌کانی عێراق بووه؟
سڵاو بۆ ئێوه‌ش کاک ئاسۆ.
1. ڕاسته، به‌رنامه‌ی حيزبه کوردييه‌کان بۆ فێدڕاليسم لهمنيش زۆر ڕوون نييه. ڕه‌نگه ئه‌وه بگه‌ڕێته‌وه سه‌ر وه‌ی که ئه‌م حيزبانه ماوه‌يه‌کی زۆر نييه فێدڕاليسميان وه‌ک نيزامی سياسی خوازراو گه‌ڵاڵه کردووه. هه‌ڵبه‌ت چه‌ند که‌سێک له ڕۆژنامه‌کانی ئه‌م حيزبانه بابه‌تی بهکهڵکيان له‌سه‌ر ئه‌م ته‌وه‌ره هه‌بووه که هه‌وڵه بهنرخهکهيان جێی پێزانينه. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌م تێکۆشانه‌ش زۆر لايه‌نی پراکتيکی ئه‌م پرسه‌ش ناشه‌فاف ماوه‌ته‌وه. بۆ وێنه سيسته‌می هه‌ڵبژاردن له کوردستان و له ئێرانی فێدڕاڵ باسی له‌سه‌ر نه‌کردراوه که زۆر گرينگه. يا نيزامی ئيداری له خودی کوردستانيش روون نييه؛ گه‌لۆ ئێمه سێنتراليسم يا دێسێنتراليسم له کوردستان ده‌سته‌به‌ر ده‌که‌ين؟ هه‌روه‌تر ده‌بێ لێمان ڕوون بێ که چۆن بهرژهوهندييه نهتهوايهتييهکانی کورد له ئێران مسۆگه‌ر ده‌که‌ين. له‌م پهيوهندييهدا ئه‌من پێم وايه که پێويستيمان به باسێکی پته‌و و به‌رين له سه‌ر پێناسه‌ی نه‌ته‌وايه‌تيمان هه‌يه، پێويستيمان به جه‌ماوه‌ری کردنی بيری دێمۆکراتيکی کوردايهتی هه‌يه. ته‌نيا ئه‌م بيرهيه که ده‌توانێ زامنی مافه‌کانی مه له ئێران بێ. هه‌مووی ئه‌وانه ده‌بێ خۆی له به‌رنامه‌ی مه بۆ فێدڕاليسمدا ببينێته‌وه.
هه‌ڵبه‌ت لێکۆڵينوه و تۆژينهوه له سه‌ر ئه‌م پرسه و زۆر پرسی گرينگی سياسی کۆمه‌ڵگاکه‌مان ته‌نيا ئه‌رکی ڕێکخراوه سياسييه‌کان نييه. جێی خۆيه‌تی که هه‌رکه‌سێک که ئۆگری ئه‌م تهوهرهيه هه‌وڵی خۆی بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌که بدا، به تايبه‌تی له زانکۆکان.
2. ئه‌وه‌ی که کورد له به‌شه‌کانی جۆراجۆری کوردستان کاريگه‌ريان له سه‌ر يه‌ک هه‌يه، شتێکی راسته و زۆريش سروشتييه. من به‌ش به حاڵی خۆم، هه‌وه‌ڵين جار له به‌رنامه‌ی حيزبێکی سياسی کوردستانی باکوور چاوم به‌م دروشم و ڕێبازه که‌وت، ئه‌ويش بيست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر. به‌ڵام له ئه‌سڵدا ـ به پێی زانياری من ـ ئه‌وه کوردی ئێران بووه که يه‌که‌م جار ئه‌م باسه‌ی هێناوه‌ته گۆڕێ. قازی موحه‌ممه‌د شێست و دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له ديمانهيهک که له تاران له گه‌ڵيان کردووه، باسی له پێويستی دارشتنی پیکهاته‌ی سياسی و حکومه‌تی ئێران به شێوه‌ی فێدڕاليستی کردووه. خودمختاريش خۆی شکلێک له فێدڕاليسمه که حيزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران شه‌ش ده‌يه‌يه خه‌باتی بۆ ده‌کا. که وايه کاتێک کورد له ئێران ئه‌م باسه‌ی هێنابوو گۆڕێ، حيزبه‌کانی کوردستانی باشوور هه‌ر له حهياتی سياسيش دانه‌بوون. به گشتی کاتێک که کورد باسی فێدڕاليسمی ده‌کرد، به‌شێکی به‌رچاوی ئه‌و وڵاتانه‌ی که ئه‌ورۆ به فێدڕاليستی ناسراون، هه‌ر فێدڕال نه‌بوون (ئاڵمان، تۆتريش، ئيسپانيا، بێلژيک، ...). سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌م باسانه نکۆڵی له‌مه ناکرێ که پارچه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی له‌تکراوی کورد زۆريان ئاگا لهيهکتره، خۆ له شيرنی و تاڵی يه‌کتر به شه‌ريک ده‌زانن و به گشتی خاوه‌ن ڕه‌وانێکی گروپين، هه‌ر چه‌ند که له زۆر بارانه‌وه جياوازيشيان پێکه‌وه هه‌يه و دابه‌ش کردنی کوردستان و ژيان له گه‌ڵ سێ نه‌ته‌وه‌ی فارس و عه‌ره‌ب و تورک بێ شوێنه‌وار له سه‌ر فه‌رهه‌نگ و هه‌ستان و دانيشتن و هه‌ڵسوکه‌وتمان نه‌بووه. به‌ڵام به‌ده‌ردی يه‌کتره‌وه هه‌ن و خاوه‌ن ئه‌م کهرهسهيهن که له‌وان يک نه‌ته‌وه ساز ده‌کا. بێ هۆ نييه که ئۆجه‌لان له ئهفريقايه ده‌ڕفێنن، له مه‌هاباد و سنه و ورمێ کورد ده‌ڕێژنه شه‌قامه‌کان. کاتێک ياسای بنه‌ڕه‌تی (ده‌ستوری) عێراق له پارڵمانی ئه‌م وڵاته واژۆ ده‌کرا، هه‌وه‌ڵين هه‌واڵی تهولهويزيۆنی باشوور پاش بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م ڕێوره‌سمه ئه‌وه بوو که هه‌ر ئێستا له شاری مه‌هاباد خه‌ڵکێکی زۆر به ئاڵای کوردستانه‌وه هاتوونه سه‌ر شه‌قامه‌کان و به لايه‌نگری له فێدڕاليسم دروشم ده‌ده‌ن و به‌ره‌و مه‌زاری قازی موحه‌ممه‌د و يارانی وه‌ڕێکه‌وتوون. کاتێک چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر مانگرتنێکی جه‌ماوه‌ری له کوردستانی رۆژهه‌ڵات له دژی کوشتنی شوانه‌ی قادری له مه‌هاباد به‌ڕێوه چوو، له باشووری کوردستان هه‌وڵ درا ڕێپێوانێکی گه‌وره له لايه‌ن خه‌ڵکه بۆ لايه‌نگری له کوردی ڕۆژهه‌ڵات بکردرێ که حکومه‌تی هه‌رێم به‌داخه‌وه پێشی گرت. له کوردستانی ڕۆژئاوا (سوريه) خه‌ڵک به وێنه‌ی مه‌سعود بارزانييه‌وه هاتنه سه‌رشه‌قامه‌کان و له لايه‌ن حکومه‌تی ئه‌و وڵاته خوێنيان ڕشترا. چه‌ندين ساڵ به‌شی هه‌ره زۆری لاپه‌ڕه‌کانی بڵاوکراوه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ته‌رخان کرابوو به کوردستانی باشوور. کوردی ڕۆژهه‌ڵات چه‌ندين جاران هه‌ر له‌ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند مانگه‌ی ڕابردوودا که حکومه‌تی فاشيستی تورکييه هێرشی هێنا سه‌ر باشووری کوردستان و هێزه‌کانی باکوور ئيعتيراز و بێزاری و دڵته‌نگی خۆيان هێنا سه‌ر کاغه‌ز و مشت و مڕيان له‌سه‌ر کرد. دياره ڕه‌وتی پێچه‌وانه‌ی وه‌ش هه‌بووه له لايه‌ن حيزبه سه‌ره‌کييه‌کانی کوردستانی باشوور، به تايبه‌تی له ڕووداوه‌کانی 47 ـ 46ی کوردستانی ئێران، دوای شۆرشی 57ی ئێران و له‌م ده ـ پانزدهساڵهی ڕابردوودا. هه‌مووی ئه‌و نموونه ئه‌رێنه و نه‌رێنييانه ده‌ریده‌خه‌ن که پرسی کورد له‌م وڵاتانه چه‌ند پێکه‌وه په‌يوه‌ندی هه‌يه و پێشکه‌وتن و پاشکه‌وتنی لايه‌ک چه‌نده‌ی شوێنه‌وار له سه‌ر لايه‌کانی تر هه‌يه. ئه‌م ڕاستييه به نيسبه‌ت ناسياوتربوون و جه‌ماوه‌ری بوونی پرسی فێدڕاليسم له چه‌ند ساڵی ڕابردووش دهديترێ.
کۆنفێدڕاليسم و پ.ک.ک.
سـهعـيـد
سڵاو. ماندوو نه‌بن.
کاک ناسری به‌ڕێز، گه‌لۆ به بڕوای به‌ڕێزت درووشمی فێدڕاڵیسم بۆ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان و به‌گشتی بۆ کورد له هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان به له‌به‌رچاوگرتنی هه‌لومه‌رجی عه‌ینی و زه‌ینی گونجاوتره یان کۆنفێدڕاڵیسم که پ.ک.ک. داوای ده‌کا؟ کامیان زیاتر ده‌توانن نه‌قشی سه‌رکه‌وتنی نه‌ته‌وه‌ی کوردیان له‌داهاتوودا هه‌بێ؟
به بڕوای جه‌نابت، بۆ پ.ک.ک. هه‌میشه درووشمێک هه‌ڵده‌گرێ که گه‌وره‌تره له دروشمی پارچه‌کانی دیکه به‌ڵام له عه‌ینی حاڵیش‌دا زوو زوو پاشه‌کشه له درووشمه‌کانی خۆی ده‌کا؟
زۆر سپاس و ماندوو نه‌بن
به‌ڕێز کاک سه‌عيد،
سڵاو بۆ ئێوه‌ش. ئێوه‌ش ماندوو نه‌بن.
ئه‌وه‌ی که چۆن ده‌ڕوانمه کۆنفێدڕاليسم له سه‌ره‌وه باسم کرد. ديسان ته‌ئکيد ده‌که‌مه‌وه که ئه‌م دروشمه ئيدهيهکی جوانه، به‌ڵام به‌داخه‌وه به زۆر هۆ زۆر ئۆتۆپيستی و خياڵييه و لانی که‌م له سه‌د ساڵی داهاتوودا شانسی سه‌رکه‌وتنی له ناوچه‌ی ئێمه‌دا نييه. پێششهرتی حکومه‌تی کۆنفێدڕاڵی ده‌وڵه‌تانی سه‌ربه‌خۆيه، به واتايه‌کی تر کۆنفێدڕاليسم بهينی وڵاتانی سه‌ربه‌خۆ پێک دێ که هه‌ڵبه‌ت له‌وه‌شدا تا ئێستا سه‌رنه‌که‌وتووه. بێ هۆ نييه که له نيزيکهی 200 وڵاتی سه‌ربه‌خۆی جيهان ته‌نانه‌ت وڵاتێکش کۆنفێدڕاڵی نييه. ئه‌من ئێستا دروشمی سهربهخۆيیم پێ رێئاليستیتره!
ئه‌وه‌ی که بۆ پ.ک.ک. زوو زوو دروشمه‌کانی ده‌گۆڕێ، ته‌نيا ده‌توانێ نادروستی دروشمه‌کانی بێ بۆ ئه‌م کات و ئه‌م قۆناغه و ئه‌م کۆمه‌ڵگايه. ئه‌وه‌ش نيشانه‌ی ئه‌وه‌يه که ئه‌م ڕێکخراوه‌يه شووناسی دروست و زانياری پێويستی ته‌نانه‌ت له سه‌ر ئه‌م کۆمه‌ڵگايه‌ی که خه‌باتی بۆ ده‌کا و قوربانی بۆ ده‌دا نييه. ڕۆژانێک که سه‌ربه‌خۆيی کوردستانی گه‌وره‌ی ده‌ويست، هه‌موو ئه‌م حيزبانهی که خودموختاری و فێدڕاليسميان ده‌ويست (وه‌ک حيزبی دێمۆکراتی کوردستان ئێران و حيزبی سوسياليستی کوردستانی تورکييه و پارتی و يه‌کييه‌تی) پێ خائين بوو. پاشان قه‌ده‌رێکی دروشمی "ئاشتی"يه‌که‌ی گوێی فه‌له‌کی که‌ڕ کردبوو، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی که ده‌با گوێيان لێبا، يانی حکومه‌تی تورکييه، گوێیان لێنه‌بوو. ئه‌وڕۆ "کۆمه‌ڵگای دێمۆکراتيک"ی ده‌وێ، هه‌ر بۆيه‌ش ئه‌وه‌ی که باسی ناکه مافی نه‌ته‌وه‌ييه...
سه‌ره‌ڕای هه‌مووی ئه‌وانه پێم وايه که ئه‌م ڕێکخراوه‌يه له به‌رامبه‌ر حکومه‌تی فاشيستی تورکييه شايانی پشتيوانی و لايهنگرييه. خه‌باته‌که‌ی جێی ڕێز و پێزانينه. له بيرنهکهين که ئه‌م حيزبه بۆ کێ و دژی کێ خه‌بات ده‌کا. نه‌بوون و لهبينچوونی ئه‌م رێکخراوهيهی به زيانی کورد و به قازانجی حکومه‌تی تهرکييه ده‌زانم. ئه‌من به‌ش به‌حاڵی خۆم ڕه‌خنه له هه‌ڵوێسته‌کانی ده‌گرم، نه له حزوری سياسی و له خه‌باتی.
(له‌م پهيوندييهدا بۆ وێنه سرنجتان بۆ وتاری "هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌وڵه‌تی تورکييه و پێويستی به‌ربه‌ره‌کانی نه‌ته‌وايه‌تی کورد" ڕاده‌کێشم.)
قه‌يرانی حيزبهکوردييهکان
لوقمان ئه‌یامی
سڵاو كاك ناسری به‌ڕێز!
سپاس كه كاتت ته‌رخان ده‌كه‌ی بۆ وه‌ڵامی پرسیاری ئێمه‌مانان.
له بابه‌ت حیزبایه‌تی و حیزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه له‌م دووایانه‌دا تووشی
گرفتی سه‌ره‌كی هاتوون پرسیارێكم هه‌یه.
من پێم وایه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه حیزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات له بارێكی نه‌خوازراو و
ناله‌باردا به‌سه‌رده‌به‌ن، به‌ڵام بۆخۆشیان له‌م 20 ساڵه‌ی ڕابردوودا هیچ هه‌وڵێكی
ئه‌وتۆیان نه‌داوه، هه‌تا خۆیان له‌گه‌ڵ وه‌زعی تازه‌ی ناوچه‌كه و گۆڕانكارییه‌كان
هاوئاهه‌نگ بكه‌ن به جۆرێك كه هه‌ست به‌وه ده‌كرێ كه ئه‌م حیزبانه خه‌ریكن له
ڕه‌وتی ڕووداوه‌كان دوور ده‌كه‌ونه‌وه و له‌وه‌ش خراپتر له ڕه‌وتی ژیان و
ڕووداوه‌كان له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به‌جێ ده‌مێنن.
به‌ڕای ئێوه ئه‌م قه‌یرانه له چییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت و ده‌بێ چ بكرێت هه‌تا ئه‌م ڕێكخراوانه له‌م حاڵه‌ته ده‌رباز بن و له جیات خۆ خه‌ریك كردن به گیروگرفتی نێوخۆیی له بیری وه‌ڵامدانه‌وه به گرفتی ژیانی خه‌ڵكدا بن؟
جارێكی دیكه‌ش سپاس بۆ جه‌نابت و به‌ڕێوه‌به‌رانی سایتی بۆڕۆژهه‌ڵات
سڵاو و سپاس کاک لوقمان،
ئه‌وه‌ی که له مه‌ڕ ڕێکخراوه سياسييهکانی ڕۆژهه‌ڵات دهيفهرموون ڕاسته. ئه‌م دۆخه ـ له ڕۆانگه‌ی منه‌وه ـ هۆی جۆراجۆری هه‌يه که به‌شێکيشيان ناوهکين و به‌شێکيان دهرهکين. ئه‌م هۆکارانه بريتين له:
o ڕاده‌ی نزمی پێشکه‌وتنی کۆمه‌ڵگاکه‌مان به گشتی؛
o زاڵ بوونی فه‌رهه‌نگ و ستروکتوری ڕێکخراوه‌يی کلاسيک که ته‌نيا بۆ خه‌باتی نه‌هێنی، چه‌کداری داڕێژراوه؛
o تا ڕاده‌يه‌ک دروشم و ئامانج و هه‌ڵسوکه‌وتی ماکسيماليستی و شه‌ڕی مان و نه‌مان بۆ به‌ديهێنانی ئه‌م ئامانجانه؛
o وهدواکهوتوويی و بێبهزهيی و سه‌رکووتگه‌ری له ڕاده‌به‌ده‌ری لايه‌نی به‌رامبه‌ر؛
o شێوه‌ی خه‌باتی داسه‌پێندراوی چه‌کداری و قه‌يرانی ئه‌م ڕێبازه له هه‌ل و مه‌رجی ئێستادا؛
o لاوازبوونی خه‌باتی مه‌ده‌نی و هێزی سێهه‌م (NGO کان و مێديای سه‌ربه‌خۆ) له کوردستان؛
o قه‌يرانی شووناس (هۆوييهت) و پێناسه‌ی سياسی و ئايدۆلۆژيکی له ناو ڕێکخراو و تاکی سياسی کوردی ڕۆژهه‌ڵات (کۆمونيسم، سۆسياليسم، سۆسياليسمی دێمۆکراتيک، سۆسيال دێمۆکراسی، ناسيۆناليسم و به گشتی ئاسۆی سياسی به‌شێکی زۆری ڕێکخراوه‌کان)؛
o تاراوگهنشينی سه‌رکردايه‌تی سياسی کورد (له کوردستانی عێراق و ئه‌وروپا)؛
o گۆڕانی باوه‌ڕ له ئاست بير و پێناسه و ئاسۆ و چوارچێوه‌ی جوغرافيايی گۆڕه‌پانی سياسی حيزبه‌کان (ئێرانی؟ کوردستانی؟ ـ چينايه‌تی؟ نه‌ته‌وه‌يی؟)؛
o لاوازبوونی ئه‌م ڕێکخراوانه له بواری چه‌ندايه‌تی (ڕاده‌ی زۆرکه‌می ئه‌ندامان)، چلۆنايهتی (نزم بوونی ڕاده‌ی زانياری به‌تايبه‌تی ڕامياری کادره‌کان)، که‌م بوونه‌وه‌ی چالاکی سياسیيان (به هۆی پرش و بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌ندامان و کادرهکانيان له سه‌رانسه‌ری دنيا و ئينفيعالی به‌شێکی به‌رچاو له وانه) و
o گه‌لێک هۆکاری ديکه وه‌ک وه‌رگرتنی پاره و يارمه‌تی ماڵی و نه‌بوونی نيزام و شهفافييهتی ماڵی و کۆبوونه‌وه‌ی يارمهتييهکان له ده‌ست که‌سێک يا تاقمێک و که‌ڵک وه‌رگرتن له وان وه‌ک ئامرازێکی گوشار بۆ مه‌به‌ستی سياسی و تهشکيلاتی و ڕاگرتنی هێزی "خۆ" له به‌رامبه‌ر باڵی نه‌يار. که‌م نين ئه‌وانه‌ی که له‌م ڕێکخراوانه‌دا ده‌ڵێن که گه‌نده‌ڵی ئيداری و ماڵی باشووری کوردستان باڵی کێشاوه‌ته سه‌ر حيزبه کوردييه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتيش و پاره هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌م قهيرانانهيه.
به باوه‌ڕی من بهشێکيش له‌م قه‌يرانه ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر چاوهڕوانييهکانی نارێئاليستی ئێمه له‌م حيزبانه. کۆمه‌ڵگا و مرۆڤی سياسی ئێمه وا ڕاهاتووه که چاره‌سه‌ربوون و نه‌بوونی گشت گرفته سياسیيهکان له چاو حيزبه سياسیيهکاندا ببينێ. ئه‌م حيزبانه له ڕوانگه‌ی ئه‌م که‌سانه ده‌بێ وڵامده‌ره‌وه‌ی هه‌موو پرسێکی ئه‌ورۆی جيهان بن، ئه‌ويش له‌م دۆخه‌ی که له بيست ـ سی ساڵی رابردوو تێيدابوون که هيچ هه‌لێکی نه ته‌نيا خۆ گهشهکردنيان نه‌بووه، به‌ڵکوو ناچار بوون هێزێکی زۆر ته‌رخان بکه‌ن بۆ خۆ پاراستن له به‌رامبه‌ر هێرشی سياسی، نيزامی، تێرۆريستی و سيخۆری و تێکده‌رانه‌ی دوژمن. له‌و هه‌ل و مه‌رجه‌دا ئێمه به‌ناحه‌ق چاوه‌ڕوانی "سووپه‌ر مه‌ن" بوونمان له حيزبهکانمان هه‌يه. حيزبی ئێمه له مێشکی ئێمه‌دا ده‌بێ به‌شێکی زۆر له‌م ئه‌رکانه جێبه‌جێ بکا که له ڕاستیدا ئه‌رکی حکومه‌تێکی به‌هێزن:
o کادره‌کانی ئه‌م حيزبانه ده‌بێ وه‌ک مامۆستايانی زانکۆکان زانا بن؛
o له هه‌مان کاتدا تێکۆشه‌رانی وه‌ک هووشيمين و چێگوارا بن؛
o مێديای ئێلێکترونيکی به‌هێزی وه‌ک سی‌ئێن‌ئێن و ئۆيرۆ نيوز و تهلهويزيۆنی ئه‌مريکا و بیبیسیيان هه‌بێ؛
o ڕۆژنامه‌کانی وه‌ک لێمۆند ديپلۆماتيک و شپيگل و واشنگتۆنپۆست بن؛
o ڕێکخراوهکانيان زۆر پان و به‌رين وه‌ک حيزبی سۆسيال دێمۆکراتی ئاڵمان بن؛
o تازه گرفتی ماڵیشيان نه‌بێ و داوای يارمه‌تی ماڵيشمان لێ نه‌که‌ن...
ئه‌م چاوهڕوانيانه نه ته‌نيا ئۆتۆپيستين، به‌ڵکوو بێئينسافانهشن. ئێمه بارێکی زۆر قورسمان داوه به حيزبه‌کان و خۆمان ده‌رباز کردووه و چاوه‌ڕوانی وه‌شين که پشتیان له ژێر ئه‌م باره‌دا نه‌چه‌مێته‌وه و هه‌ڵه‌ش نه‌که‌ن!
ڕه‌نگه دووپات کردنه‌وه بێ. به‌ڵام سه‌ره‌ڕای وه‌ی پێم خۆشه ته‌ئکيد بکه‌مه‌وه که ئه‌م ڕێکخراوانه ئی ئه‌م گه‌له‌ن و کوێره‌وه‌رێکی زۆريان بۆ به‌خته‌وه‌ری ئه‌م گه‌ل و نيشتمانه کێشاوه. ئه‌وه‌ی که هه‌ڵه‌ی بچووک و گه‌وره‌ی زۆريان کردووه، ڕاسته. به‌ڵام له بيرمان نه‌چێ که ئه‌م حيزبانهش شتێک نه‌بوون جيا له کۆمه‌ڵێک مرۆڤ به بيروباوهڕێکی تايبه‌تييه‌وه. ئه‌م مرۆڤانه‌ش وه‌ک ئێمه له ديکتاتۆری و ئيستيبداد و وهدواکهوتوويیدا په‌روه‌رده بوون و ئه‌زموون و ده‌ره‌تانی کاری سياسی و مه‌ده‌نی و ئاسايیان نه‌بووه. نابێ له‌بيرمان بچێ که بۆ خۆشمان به‌شدار بووين له‌م ههڵهکردنانه، ته‌نانه‌ت له‌وانه‌يه که هۆی به‌شێک له هه‌ڵه‌کان هه‌ر بۆخۆشمان بووبين. نابێ له‌بيرمان بچێ که ڕه‌وتی ڕووداوه‌کان له جيهاندا چه‌نده به‌خێرايی ده‌چنه پێشێ و ته‌نانه‌ت وڵاتانێک که ئه‌زموونی يه‌ک سه‌د ساڵه‌ی کاری حيزبی و سياسیيان هه‌يه، چه‌نده تووشی هه‌ڵه‌ی جۆراجۆر ده‌بن. کاتێک ڕه‌خنه ده‌گرين باشتره بهراوردێکيش له حيزبه‌کانی غه‌يری کوردی ئێرانيش بکه‌ين و بزانين گه‌لۆ هه‌ڵه‌کانی وان گه‌وره‌تر نه‌بوون. با هه‌ڵسه‌نگاندنێک له حيزبه‌کانی بۆ وێنه باشووری کوردستان بکه‌ين. پێمان وانه‌بێ، وه‌زع و حاڵيان زۆر له حيزبه‌کانی ئێمه باشتره، هه‌ر چه‌ند به‌شێکی هه‌ره زۆری له‌م گرفت و مهشاکيلهی که ڕێکخراوه‌کانی ئێمه هه‌يان بووه، ئه‌وان هه‌ر نهيان بووه. که وايه ئه‌من پێم وايه کاتێک ڕه‌خنه ده‌گرين، هه‌وڵ بده‌ين روخساری وان ئه‌وه‌نده ڕه‌ش نه‌بينين، چونکه به‌ڕاستی ئه‌وه‌نده‌ش ڕه‌ش نييه، هه‌رچه‌ند به‌داخه‌وه دڵخۆشکهرانهش نييه. جا ئه‌گه‌ر حيزبهکانمان ئه‌وه‌نده ڕێک و پێک بان و دێمۆکرات بان و پێشکه‌وتوو بان و وڵامی هه‌ر پرسيارێکيان هه‌با و ...، ده‌رده‌که‌وت که کۆمه‌ڵگايه‌کی بێ عه‌يب و ئيرادمان هه‌يه. ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵگاکه‌شمان ئاوا بێ عه‌يب و نه‌قسه، ئيتر موشکيلمان چييه و حيزب و خه‌باتی سياسیمان بۆ چييه؟
به‌ڵێ، زۆر جاران ئێمه په‌يوه‌ندی و تهرتيبی هۆکار و ئه‌نجاممان (علت و معلولمان) لێ تێک ده‌چێ. خوڵقێنه‌ری سه‌ره‌کی ئه‌م قه‌يرانه ئه‌م بارودۆخهيه که هێزهسياسیيهکانی کوردی تێيدان و خۆيان ته‌نيا سه‌به‌بی نين.
به نيسبه‌ت ڕێگای چاره‌سه‌ری قه‌يرانی حيزبه‌کان ده‌بێ ئيقرار بکه‌م که منيش نووسخهيهکی پێچراوم پێ نييه. ته‌نيا ده‌ڵێم که به‌شێکی زۆری ئه‌م گرفته نه‌خوازراوانه سرووشتين و هه‌مووی په‌يوه‌ندی به ئێمه‌وه نييه. به‌شێکی زۆر له‌م پرسانه په‌يوه‌ندی به نه‌بوونی کۆمه‌ڵگايه‌کی ئاسايی و مه‌ده‌نی هه‌يه. بناغه‌يه‌کی ئه‌م کۆمه‌ڵگايه حيزبی سياسين. لاوازبوونی حيزبی سياسی گه‌يشتن به ئامانجی کۆمه‌ڵگايه‌کی مه‌ده‌نی دوورتر ده‌کاته‌وه. چالاک‌بوون و تێکۆشانی سياسی وێرای ڕه‌خنه ته‌نيا ڕێگای زاڵبوونی نيسبی به سه‌ر ئه‌م قه‌يرانه دايه. قه‌يران هه‌ميشه نێگاتيڤ و نه‌رێنی نييه، خۆی له خۆیدا نيشانه‌ی زيندوو بوونه، ته‌نانه‌ت ده‌توانی سه‌رچاوه‌ی پێشکهوتنيش بێ. به‌تايبه‌تی هێزێک که باوه‌ڕی به ديالێکتيکی گۆڕان بێ، نابێ له قه‌يران بترسێ و هاواری "وحدت کلمه" بکا.
(له کۆتايی ئه‌م به‌شه‌دا سرنجی خوێنه‌ران به وتاری "کومله و پروسه‌ی گذار" له ماڵپه‌ڕی خۆم ڕاده‌کێشم.)
به کورتی:
دڵنيام که حيزبه‌کان له درێژخايه‌ندا به سه‌ر ئه‌م قهيرانهشدا زاڵ ده‌بن. به‌رنامه‌ی به‌شی هه‌ره زۆری حيزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات يه‌که. ئه‌و شته‌ی که ئه‌وان لێک جيا ده‌کاته‌وه زۆرتر مێژوويه تا به‌رنامه و ئامانجی سياسی. ئه‌من وای بۆ ده‌چم که له داهاتوودا حيزبێکی دێمۆکراتمان ده‌بێ، کۆمهڵهيهکمان ده‌بێ، حيزبێکی کومونيستی کوردستان‌مان ده‌بێ، چه‌ند حيزبی بچووکی سهربهخۆيیخوازمان ده‌بێ. هه‌ڵبه‌ت چه‌ند گرووپی ئانارشيستی و حاشييهئيشمان (بۆ وێنه ئيسلامگهرا) ده‌بن که تا ڕاده‌يه‌ک تێکده‌ری دۆخه‌که ده‌بن، به‌ڵام به هۆی به هێزبوونی ئه‌م هێزانه‌ی له سه‌ره‌وه باسيان کرا، ناتوانن جه‌ماوه‌رێکی زۆر بۆ لای خۆيان ڕاکێشن، به تايبه‌تی که به نيسبه‌ت حيزبی ئائينی ده‌بێ بوترێ که بناغه‌يه‌کی فه‌لسه‌فی و سياسی ئهۆتۆيان له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا نييه. له بيريش نه‌که‌ين که خه‌ڵک ئه‌زموونی نه‌رێنی "کۆماری" ئيسلامیيان له پشت سه‌ر ده‌بێ. هه‌روه‌تر پێم وانييه که هێزه "سه‌رانسه‌ری"يهکانی ئێران بتوانن له کوردستان جه‌ماوه‌رێکی ئه‌وتۆ بۆ لای خۆيان ڕابکێشن، هه‌ر چه‌ند که به‌شی چه‌پ و سۆسياليستی ئه‌م هێزانه ڕۆڵی ئه‌رێنی و پۆزيتيڤ ده‌گێڕن و بوونيان له کوردستان به قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی کورد ده‌زانم. ئێمه پێويستيمان به هاوپه‌يمان و هاوئيئتيلاف له ساحه و گۆڕه‌پانی سه‌رانسه‌ری و پارڵمان و حکومه‌تی ناوه‌ندی (فێدڕاڵ)دا هه‌يه. جگه له‌مه ئه‌و ڕێکخراوانه له بواری هه‌ڵوێست و به‌رنامه‌ی سياسی له گه‌ڵ کورد و هێزه‌کانی کوردستانن. که‌وايه ئه‌م هاوپهيمانهتييه هاوپهيمانیيهکی ئيستراتيژيکیيه، نه تاکتيکی و کاتی.
پێهه‌ڵکوتن و ڕه‌خنه له ئه‌حزابی کوردی
سهيدی مه‌هابادی
كاكه ناسر سلاو.
چه‌ند پرسيارم هه‌ن:
1. جنابتان ئه‌حمد ته‌وفيق چۆن ده‌ناسن؟
2. بو ئێوه‌مانان هيچ كات له سر هه‌ڵه‌کانی ڕابردووی ڕێبه‌رانی گه‌لی كورد و ئه‌حزابی كوردی روژهه‌ڵات ناڕۆن تا درسی لێوهرگرترێ؟
3. بو هه‌ميشه 2ی رێبه‌ندان و 26ی ڕێبندان و 25ی گلاوێژ و 31ی خورداد و 26ی سه‌رماوه‌ز و 22ی تير و زوربه‌ی مناسبهتهكان له ته‌عريف و تهمجيدو قاڕهمانپهروهری و شهخسييهتپهرهستی و غهيره ... چی ديكه نا‌لێن؟
به‌ڕێز کاک سهيدی مه‌هابادی،
سڵاو له ئێوه و سپاس بۆ پرسيارهکانتان.
1. به‌ش به‌حاڵی خۆم زانيارييه‌کی ئه‌وتۆم له سه‌ر سياسه‌تمه‌دار و ڕێبه‌ری حيزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، ئه‌حمه‌د ته‌وفيق نييه. ناش زانم که چی به‌سه‌ر هات. ده‌نگۆی ئه‌وه‌ی هه‌يه که به‌ده‌ست حکومه‌تی عێراق له به‌ين بردرا.
به‌ڵام پێم وايه مه‌به‌ستی ئێوه ئه‌وه‌يه (چونکه له شوێنێکی تريش باستان کردووه) که بۆ حيزبی دێمۆکرات ته‌نيا باسی قازی موحه‌ممه‌د و د. قاسملو و د. شه‌ره‌فکه‌ندی ده‌کا، به‌ڵام باسی ئه‌م ڕێبه‌ره‌ی حيزبێ ناکا. حيزبی دێمۆکرات حيزبێکی زيندوويه و ناو و نيشان و ڕێگای په‌يوه‌ندی خۆی هه‌يه و ده‌توانی ئه‌م پرسياره‌ی له خۆيان بکه‌ی. ئه‌وان ئهوهندهيان که‌س و لێزان هه‌يه که پێويستيان به وه‌کيل و وه‌سی وه‌ک من نه‌بێ. به‌ڵام ڕای خۆم ئه‌وه‌يه که ئه‌م کاره‌ی که حيزبی دێمۆکراتی کوردستان (به هه‌ر دوو لايه‌نه‌وه) دهيکا، شتێکی ناسروشتی نييه: نه‌خش و شوێنه‌واری ڕێبه‌ره‌کانی هيچ يه‌ک له ده‌وڵه‌ت و حيزبه سياسييه‌کان يه‌ک ڕاده نه‌بووه و نابێ. قازی موحه‌ممه‌د وه‌ک هه‌وه‌ڵ ڕێبه‌ری حيزب و سه‌رۆک کۆماری کوردستان گه‌وره‌ترين شانازی مێژوويی کورد و حيزبی دێمۆکراته. ڕه‌نگ بوو ئه‌گه‌ر حکومه‌تی تاران ئه‌م جينايهتهی له حه‌ق ئه‌م دوو ڕێبه‌ره‌ی تری حيزبێ (د. قاسملو و د. شه‌ره‌فکه‌ندی) نه‌کردبا، ئه‌وانيش ته‌نيا وه‌ک دوو شهخسييهت و سياسهتوانی گه‌وره‌ی کورد له مێژوودا باسيان کرابا، به‌ڵام حکومه‌تی ئيسلامی ناخواسته ئه‌وانی جاودانی کرد. هه‌ر بۆيه‌ش حيزبی دێمۆکرات بۆ زيندوو ڕاگرتنی يادی ئه‌م جينايهته و وه‌بير هێنانه‌وه‌ی قساوهت و سروشتی تيرۆريستی حکومه‌تی ئه‌ورۆی ئێران وێنه‌ی ئه‌و دوو ئينسانه پايهبهرزهی حيزبێ له په‌نای وێنه‌ی قازی مه‌زن داده‌نێ. به‌هه‌ر حاڵ، قازی موحه‌ممه‌د په‌يوه‌ندی به به‌ديهێنانی گه‌وره‌ترين خۆزگه و ئاره‌زو و ئامانجی کورد، کۆماری کوردستانه‌وه هه‌يه و د. قاسملو و د. سه‌عيد به خه‌باتی ئهکتوئێل و مهعاسير و ئه‌ورۆی کورد.
2. به گشتی حيزبی دێمۆکرات به به‌راورد له گه‌ڵ حيزبه‌کانی تری ئۆپۆزيسيۆن، هه‌ر وه‌تر به نيسبه‌ت ڕێژه‌ی زۆرتری ئه‌ندامانی و هه‌ل و مه‌رجی دژوارتری سياسی و نيزامی که تێيدا بووه ـ له ڕوانگه‌ی منه‌وه ـ که‌مترين هه‌ڵه‌ی کردووه. دياره باس لێره‌دا له نيسبييهته. ده‌نا ئه‌م حيزبهش به پێی وه‌ی که له گۆڕه‌پانێکی زۆر پان و به‌رينی خه‌بات دابووه، بێ هه‌ڵه نه‌بووه و ئه‌من که‌متر ڕێبه‌ری حيزبیم ديتووه که بۆخۆی پێ له‌سه‌ر ئه‌م ههڵهيانه دانه‌نێ و باسيان نه‌کا. ئه‌من بۆخۆشم قه‌ت له ڕه‌خنه‌گرتن ڕانه‌وه‌ستاوم، ئه‌ويش نه له پشت سه‌ريان و نه به ناوی موسته‌عار و نه‌هێنی، به‌ڵکوو ڕووده‌رڕوو و به ناوی خۆم. لێره‌دا بۆ ئێوه‌ی بهڕێزيش چهندانهيان دووپات ده‌که‌مه‌وه: يه‌کێک له‌م هه‌ڵانه شه‌ڕی نهخوازرياوی کۆمه‌ڵه و حيزبی دێمۆکراته که زه‌برێکی گه‌وره‌ی له هه‌ر دوو ڕێکخراو دا. دووههمين هه‌ڵه‌ی ڕێبه‌ری حيزب و به‌تايبه‌تی د. قاسملو، وتووێژی ناوبراو بوو له گه‌ڵ حکومه‌تی ئيسلامی ئيران، ئه‌ويش به بێ پرس و ڕا و بڕياری کۆنگره و ده‌فته‌ری سياسی حيزبه‌که‌ی. هه‌ڵه‌يه‌کی گه‌وره‌ی ديکه‌ی حيزبی دێمۆکرات زيندانی کردنی مامۆستا هێمنی مه‌زن بوو... به‌ڵێ، هه‌ر دوو ڕێکخراوی کۆمه‌ڵه و حيزبی دێمۆکرات هه‌ڵه‌ی بچووک و گه‌وره‌ی تريان هه‌بووه که له‌وانه ده‌توانين هه‌روه‌تر تێرۆری چه‌ند شه‌خس (بۆ وێنه تێرۆری مه‌لا که‌ريمی شاريکهندی له لايه‌ن کۆمه‌ڵه‌وه، ره‌حمانی که‌ريمی له لايه‌ن سه‌نناری مامهندييهوه (ده‌وترێ) به خواستی ڕێبه‌ری حيزبی دێمۆکرات، ...) ناو به‌رين. هه‌ڵه‌ی ديکه‌ی ئه‌م حيزبانه هه‌ڵسوکه‌وتی نادێمۆکراتیکی ناو تهشکيلات و له گه‌ڵ نه‌يارانی ناو خۆيان بووه. به باوه‌ڕی من له ئاست سياسييه‌وه حيزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران ـ جگه له هه‌ڵه‌ی وتووێژ کردن له گه‌ڵ نوێنه‌رانی "کۆماری" ئيسلامی ئێران ـ که‌مترين هه‌ڵه‌ی سياسی و ئيستراتيژيکی کردووه. به‌شێکی زۆر له ئۆپۆزيسيۆنی حکومه‌تی ئيسلامی، به کۆمه‌ڵه‌ی شۆرشگێڕی زهحمهتکێشانيشهوه، ئه‌ورۆ هه‌ر ئه‌و شته‌ی ده‌ڵێن که حيزبی دێمۆکرات لانی که‌م له مه‌ڕ خودموختاری، فێدڕاليسم، سۆسياليسمی دێمۆکراتيک، نيزيکهی سێ ده‌يه‌يه که ده‌يڵێ. سه‌يری هێزه سياسييه گه‌وره‌کانی ئێران بکه‌ين. له حيزبی توده‌ی ئێرانه‌وه بگره تا جيبههی ميللی، نيهزهتی ئازادی، فيدائيانی خه‌ڵکی ئێران (ئهکسهرييهت)، ڕێکخراوی موجاهيدينی خه‌ڵقی ئێران، حيزبی کومونيستی ئێران، ... کاميان هه‌ن که ده‌توانن ئيدديعا بکه‌ن که له زۆر باره‌وه له هه‌ڵه دانه‌بوون.
به‌ڕێز کاک سه‌يده، تکايه ئيزنی قياسێکم پێ بده‌ن: حيزبی دێمۆکرات و کۆمه‌ڵه ده‌يان و سه‌دان شه‌ڕکه‌ری حکومه‌تی داگيرکهری ئێرانيان له شه‌ڕ داده‌گرت، به‌ڵام پاشان به قه‌در و ڕێزه‌وه ئازاد و ڕه‌وانه‌ی ماڵێيان ده‌کردن. حکومه‌تی ئيسلام له ئێران، به‌ڵام، خه‌ڵکيان له ماڵان ده‌كێشا ده‌رێ و ده‌يان گرتن و ئهشکهنجهيان ده‌دان، پاشان ده‌يان هێناننه سه‌ر تهلهويزيۆنی و ئيقراريان به تاوانی نه‌کرده پێ ده‌کردن، بۆ وه‌ی که پاشان گيانيان بستێنن. هه‌ر ئه‌و حکومه‌ته ده‌يان هه‌زار سه‌رباز و داگيرکهری عێراقی، هه‌ر ئه‌وانه‌ی که خوێنی پتر له يه‌ک مليۆن ئێرانيان ڕشت، چه‌ند ساڵان به‌خێوکرد و پاشان ڕه‌وانه‌ی وڵاته‌که‌ی خۆیان کردنه‌وه. جياوازی ماهييه‌ت و سروشتی کرده‌وه‌ی حکومه‌تی ئيسلامی ئێران و حيزبه‌کانی تێکۆشه‌ری کوردی ئه لێره‌دا ڕوون ده‌بێته‌وه.
3. ئه‌م ڕۆژانه‌ی که باستان کردوون، هه‌ر کاميان ڕۆژانێکی گرينگ و مێژوويی ئه‌م نه‌ته‌وه‌ن و ده‌بێ به شانازييه‌وه ڕێزيان لێبگيردرێ، به‌تايبه‌تی له دووی ڕێبه‌ندان. به‌ڕاستی پێتان وايه که ئه‌و نه‌ته‌وه ـ هه‌ر چه‌ند پتر له هه‌شتا ساڵه حکومه‌تی شايی و شێخی له هيچ جينايهتێکی سياسی، تيزامی و فه‌رهه‌نگی بۆ لهبينبردنی وی دهريغيان نه‌کردووه ـ ئه‌ڕۆ به‌ده‌نگ و سهداتر له جارانيشه، جێی ته‌عريف و تهمجيد و پێهه‌ڵکوتن نييه؟ ڕژيمی کودهتايی رزاشا سمايل ئاغای سمکۆی بانگێشتن کرد بۆ وتووێژ، به‌ڵام ده‌وری دا و گرتی و کوشتی، چونکه پێ وابوو که ئه‌گه‌ر سه‌رکرده‌يه‌کی سه‌رکێشی کورد بکوژی، کێشه‌ی کورد کۆتايی پێدێ، که چی پاشان کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک. و حيزبی دێمۆکراتی کوردستان و کۆماری کوردستان سه‌ری هه‌ڵدا! کوڕه‌که‌ی رزاخانی ميرپێنج قازی موحه‌ممه‌د و به‌شێک له ڕێبه‌رانی کۆمار و حيزبی دێمۆکراتی کوردستانی کوشت و به‌شێکی ساڵانێکی دوورودرێژ زيندانی کرد، به‌و هيوايه‌ی که ئاسه‌وارێک له هيوا و خۆزگه‌کانی کوردی ئازاديخواز نه‌مێنێ، که چی به شۆڕشی 57 کۆمه‌ڵه‌ش به‌و کاروانه ئيزافه بوو و له گه‌ڵ حيزبی دێـمۆكراتی کوردستان ئێران هاته مه‌يدانی خه‌بات. خومه‌ينی فيتوای جيهادی دژی ڕۆڵه‌کانی کوردی دا، شه‌ڕێکی گه‌وره‌ی به کورد و حيزبه‌کانی داسه‌پاند. ته‌نانه‌ت قه‌وڵ وابوو که که‌س له له‌شکری حکومه‌تی ناوه‌ندی نه‌گه‌ڕێته‌وه، تا هێزی کورديان تارومار نه‌کردبێ. هه‌روه‌تر کورديان پێ "عاميلی عێراق" بوو و پێيان وابوو به لهبهين چوونی رژيمی سه‌ددام، هيچ شوێنه‌وارێک له کوردی خه‌باتگێڕی ڕۆژهه‌ڵات نامێنێ. ته‌نانه‌ت نهخشهيان ڕشت بوو که له ژێر سێبه‌ری هێرش به عێراق حيزبه کوردييه‌کان ڕاپێچ بکه‌ن و له قهفهسيان که‌ن و به ئهتکهوه بيانبهنهوه ئێرانی ئيسلامی. که چی ئه‌ورۆ ـ چه‌ند ساڵ پاش نه‌مانی ڕژيمی سه‌ددام ـ له جيات يه‌ک حيزبی دێمۆکرات دوو حيزبی دێمۆکراتمان هه‌يه، له جيات کۆمهڵهيهک سێ کۆمه‌ڵه‌مان هه‌يه. تازه باسی پێژاک و پارتی ئازادی کوردستان و خه‌بات و چوار حيزبی سهربهخۆيیخوازم هه‌ر نه‌کردووه. "کۆماری" ئيسلامی ئێران پێی وابوو که به کوشتنی د. قاسملو و د. شه‌ره‌فکه‌ندی ده‌توانێ به نفوز و تهئسيری ئه‌م دوو سهرکردهيه کۆتايی بێنێ که چی ئه‌ورۆ که‌سی وا هه‌ن که ڕه‌خنه ده‌گرن که: "بۆ ئه‌وه‌نده باسی ئه‌و دوو ڕێبه‌ره کورده‌ی ده‌که‌ن؟" پرسياری ئه‌سڵی وان ئه‌وه‌يه که: بۆ ئه‌م دوو شهخسييهته ئه‌وه‌نده خۆشه‌ويستن، مه‌گه‌ر قه‌رار وانه‌بوو که به کوشتنيان کورد ناهوميد بێ و ئيتر باسی ئازادی و ڕزگاری نه‌کا؟ گه‌لۆ کورد نابێ شانازی به خۆی بکا که سه‌ره‌ڕای ئه‌و ههومووه هه‌وڵه‌ی دوژمن، قائيمبهزاتتر له جاران ڕاوه‌ستاوه و چ له ئێران و چ له جيهاندا به نيسبه‌ت دوو ده‌يه له مه‌وبه‌ر زۆرتر ناسراوه؟ دڵنيا بن که ئه‌گه‌ر هونه‌رمه‌ندانی گه‌وره‌ی کورد وه‌ک نازری و کامکاره‌کان بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بانگ ده‌کرێن و ئه‌وانيش به جل و به‌رگی کوردی هونه‌ره جوانه‌که‌ی خۆيان نيشان ده‌ده‌ن، لانی که‌م به‌شێک ئاکامی ئه‌و خه‌باته‌ی کۆڵنهدهرانی کورده. ئه‌گه‌ر ئه‌ورۆ کورد له ئێران ئاوا خۆشنێوه، به‌شێکی به‌رچاوی ده‌گه‌ڕێته‌وه هه‌ر ئه‌و تێکۆشانه. جا بۆيه، بێ وه‌ی که له خۆبايی بين، بێ وه‌ی که بير و گوتاری ڕه‌خنه‌گرانه‌ی خۆمان به تايبه‌تی له ئاست ڕێبه‌ڕان و ڕێکخراوه سياسييهکانی کوردی له‌ده‌ست بده‌ين، ده‌بێ قه‌دری تێکۆشانيشيان بزانين.
من و تێکۆشانی سياسی و چالاکی حيزبی
شه‌مال که‌ريمی
سلاوێکی گه‌رم کاک ناسر!
وێرای سپاس له جه‌نابت و سایتی بۆرۆژهه‌لات، چه‌ند پرسیارم هه‌بوون:
1. بۆ تا ئیستا نهچوویهته ناو ته‌شکیلاتێکی سیاسی کورديیهوه؟
2. ئایا هیچتان له‌و هه‌مووه حیزب و ڕێکخراوه‌ی رۆژهه‌لاتی کوردستان قه‌بووڵ نیه؟
3. پێت وانیه له وه‌ڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ته‌نیا رێگایه‌ک بۆ ئالوگۆر حیزبه‌کانن؟ دوریکردن له حیزبه‌کان رێگا بۆ که‌سانی هه‌لپه‌ره‌ست و دواکه‌وتوو خۆش ناکات؟
4. پێت وایه کام حیزب به‌رنامه‌ی گۆنجاوتر و باشتری پێیه بۆ کوردستان؟
5. ئاخرین پرسیار ئایا لاوانی کورد له ده‌ره‌وه‌ی وه‌لات چ بکه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن سهرمایهيهک بن بۆ دوارۆژی کوردستان؟
دووباره زۆر سپاس سه‌رکه‌وتنت بۆ به ئاوات ده‌خوازم.
کاک شه‌ماڵ گيان،
سڵاوتان لێ بێ و زۆر سپاس بۆ ئێوه‌ش.
ڕاسته، منيش پێم وايه که ره‌مزی سه‌رکه‌وتن ـ نه‌ک ته‌نيا له ڕۆژهه‌ڵات، به‌ڵکوو به گشتی ـ ڕێکخستنه. بوونی ڕێکخراوه‌ی سياسی و مه‌ده‌نی و سنفی جۆراجۆر پێوه‌رێکی زۆر گرينگ بۆ پێناسه‌کردنی هه‌ر کۆمه‌ڵگايه‌کی پێشکهوتوويه و ئێمه‌ش به بێ رێکخستن به دێمۆکراسی و فێدڕاليسم و ئامانجه‌کانی ترمان ناگه‌ين. سه‌ره‌ڕای وه‌ی، ڕه‌نگه بتوانم ئه‌رکی خۆم تا ڕاده‌يه‌ک له ڕێگای وه‌رگێڕانی بابه‌تی زانستی پهيوهندیدار به دۆسی نه‌ته‌وايه‌تی و هه‌روه‌تر به ده‌ربڕينی هه‌ڵوێستی سه‌ربه‌ستانه‌ش به‌جێ بێنم.
له مه‌ڕ ئه‌م پرسياره‌ش که کام حيزب به‌رنامه‌ی گونجاوتريان پێيه، به ڕوونی و ڕاشکاوی بڵێم که من له باری فه‌لسه‌فی و مێتافيزيکیيهوه هومانيستم، له باری سياسیيهوه سۆسيال دێمۆکراتم و سيسته‌می فێدڕاليسمم بۆ سڕينه‌وه‌ی شووينيسم و مسۆگه‌رکردنی مافه‌کانی دێمۆکراتيک و نه‌ته‌وه‌يی گه‌لانی ئێران پێ باشترينه که ئامانجی چه‌ندين حيزبی سياسی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان بۆ وێنه هه‌ر دووک حيزبی دێمۆکرات و هه‌ر دوو باڵی کۆمه‌ڵه‌و هه‌روه‌تر به‌شێک له ڕێکخراوه سياسييهکانی ئێرانيشه. جياوازێکی ئه‌وتۆيان له بهينياندا نابينم. دانی دروشمی سهربهخۆيیم پێ هه‌ڵه‌يه که چه‌ند ڕێکخراوه‌ی بچووکی تازه پێکهاتوو داوای ده‌که‌ن. "مافی شارومه‌ندی"يش که کۆمه‌ڵه‌ی حيزبی کومونيستی ئێران گه‌ڵاڵه‌ی کردووه، وڵامده‌ره‌وه‌ی پرسی نه‌ته‌وايه‌تی کورد نازانم. هه‌ڵبه‌ت هيندێک گرفت که ئه‌م ڕێکخراوه‌يه له مه‌ڕ فێدڕاليسمی نه‌ته‌وه‌يی باسی ده‌کا، ڕاستن و نابێ و ناکرێ نکۆڵيان لێبکردرێ (که له سه‌ره‌وه باسی کرا). "کۆنفێدڕاليسم'يش که پێژاک باسی ده‌کا، پێم زۆر نارێئاليستیيه، بۆ وه‌ی که له مێژوودا چه‌ندجاران تاقی کراوه و سه‌رنه‌که‌وتووه، وه بۆ وه‌ی که ئه‌م سيسته‌مه به پێچه‌وانه‌ی "فێدڕاليسم" بۆ يه‌کگرتنی دوو يا چه‌ند وڵاتی سه‌ربه‌خۆ داندراوه.
به هه‌ر حاڵ، گشت ئه‌م حيزبانه به‌رهه‌می خه‌باتی چه‌ندين ساڵه‌ی گه‌لی کوردن و هه‌ر کام به‌شێک له کۆمه‌ڵگا نوێنه‌رايه‌تی ده‌که‌ن. هيچ کاميان زيادی نين و بوونيان به‌که‌ڵکه؛ چ ئه‌وانه‌ی که ئاسۆيه‌کی زۆرتر نهتهوهيیيان هه‌يه و چ ئه‌وانه‌ی که بۆچوون و هه‌ڵسوکه‌وتی کۆمه‌ڵايه‌تی و سهرانسهريان به‌هێزتره. له سه‌ر ئه‌م بڕوايهم که نه‌بوون، حه‌زف و ته‌نانه‌ت لاواز بوونی هه‌ر يه‌ک له‌م لايه‌نانه به زه‌ره‌ری گه‌لی کورد ته‌واو ده‌بێ. هه‌موو لايه‌نه‌کان ڕۆڵ و نه‌خشی تايبه‌تی خۆيان هه‌يه: لايه‌نێک ئيهتيمام ده‌داته سه‌ر به‌هێزکردنی بير و بۆچوونی مافخوازی نه‌ته‌وايه‌تی له کوردستان و لايه‌نه‌که‌ی تر ئيهتيمام ده‌داته لابردنی بێعهداڵهتييهکانی تری ناو کۆمه‌ڵگا و به‌هێزکردنی په‌يوه‌ندی جووڵانه‌وه‌ی کورد له گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی سه‌رانسه‌ری ئێران. زۆر باشه که حيزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ئۆپۆزيسيۆنی خۆيان هه‌يه و خه‌ڵک چه‌ندين ئالتێرناتيويان بۆ هه‌ڵبژاردن هه‌يه.
ئه‌وه‌ی که چ په‌يام و پێشنيارێکم بۆ لاوانی کوردستان (له ده‌ره‌وه) هه‌يه، خۆم بچووکتر له‌مه ده‌زانم که ڕێ و شوێن بۆ که‌سێک دياری بکه‌م. ئه‌من ته‌نيا هيوا و خۆزگه‌کانی خۆم باس ده‌که‌م که گرينگترنيان ئه‌وه‌يه که لاوه‌کانمان به نيسبه‌ت کۆمهڵگاکهيان، به نيسبه‌ت ئه‌م که‌سانه‌ی که قوربانی سه‌رکووتی حکومه‌تی ده‌بن، به نيسبه‌ت زوڵم و زۆری بێده‌نگ و "بێتهفاوهت" نه‌بن و به ڕێز و پێزانينه‌وه بڕواننه تێکۆشان و زه‌حمه‌تی ڕێکخراوه سياسیيهکانی کوردستان. ئه‌گه‌ر که‌سێکيش بيهه‌وێ ببێته سهرمايهيهک بۆ دوارۆژی کوردستان، ڕێگايه‌کی ديکه‌ی غه‌يری ئه‌وه نييه که تێ‌بکۆشێ خۆی له‌باری زانسته‌وه، به تايبه‌تی زانستی سياسی و کۆمه‌ڵناسی، به هێز و ده‌وڵه‌مه‌ند بکا و هه‌ر هه‌نگاوێک که دهيهاوێ له بيرنهکا که چ ڕێگايه‌ک بدۆزێته‌وه که گه‌له‌که‌مان به ره‌نج و زه‌حمه‌ت و قوربانێکی که‌متر له کۆمه‌ڵگايه‌کی پێشکه‌وتوو، ئازاد و دێمۆکراتيک نيزيکتر بێته‌وه.
حيزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران و "چه‌کی شانازی"
سه‌ميره
سڵاو بۆ به‌ڕێزتان.
پرسیاری من ئه‌ویه: هه‌ڵویستی حدکا به‌رانبه‌ر به مه‌سه‌له‌ی کورد له به‌شی رۆزههڵات چۆن ده‌بینن؟ گه‌لۆ هه‌ر وه‌کوو ڕابردوو خه‌باتی سیاسیيه یا دێته‌وه بو وڵات و چه‌کی شانازی دگرێته‌وه دست؟
سپاس
خوێنه‌ره‌ی به‌ڕێز،
راستييهکهتان ده‌وێ، زۆر له مه‌به‌ستی پرسيارهکهتان تێنه‌گه‌يشتم، چونکه پێم وايه ئێوه‌ی به‌ڕێز بزانن که هه‌ڵوێستی حدکا به‌رامبه‌ر به پرسی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان چ بێ. ئه‌م حيزبه فێدڕاليسمی بۆ ئێران ده‌وێ و لهويدا دابين‌کردنی مافی نه‌ته‌وايه‌تی کورد. پرسيارهکهتان به نيسبه‌ت ڕێباز و شێوه‌ی خهباتيش ڕوون نه‌بوو و ته‌نانه‌ت پاڕادۆکيش بوو، چونکه له لايه‌که‌وه باسی "خه‌باتی سياسی" ده‌که‌ن و له لايه‌کی تره باسی "چه‌کی شانازی"، واتا خه‌باتی چه‌کداری و ئه‌م دوانه‌ش له به‌رامبه‌ر يه‌ک داده‌نێن، له کاتێک دا که هه‌موومان ده‌زانين که "شه‌ڕی چه‌کداری"ش بۆ خۆی شێوه‌يه‌کی خه‌باتی سياسييه و له لايه‌کی تره خه‌باتی سياسی تهنيآ شه‌ڕی چه‌کداری نييه.
ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی جه‌نابتان بردنه ژێر پرسياری خه‌باتی سياسييه و چاوه‌ڕوانی شه‌ڕی چه‌کداری له حدکا ده‌که‌ن، وێڕای ڕێزم بۆ ئێوه، له‌گه‌ڵتان نيم. شه‌ڕی چه‌کداری ـ لانی که‌م يا به‌تايبه‌تی له هه‌لومه‌رجی ئه‌وڕۆی کوردستانی باشوور و ڕۆژهه‌ڵات ـ له به‌رژه‌وه‌ندی کورد نابينم.
(بۆ دووپات نه‌کردنه‌وه‌ی باسه‌کانم له‌م پهيوهندييهدا سرنجتان بۆ وتاری "پژاک، مبارزه‌ی مسلحانه و چند پرسش از احزاب کردی" و هه‌روه‌ها بۆ "اين تابو را بايد شکست" له ماڵپه‌ڕی iran-federal.com ڕاده‌کێشم.)
جياوازی مێديای ئێران و ئاڵمان
شاداب
سڵاو به‌ڕێز
1. جیاوازی کاری ڕۆژنامه‌گه‌ری له ئێران، کوردستان، و ئه‌ورووپا له‌چیدا ده‌بینن؟
2. جیاوازی ڕۆژنامه‌گه‌ری له نێوان سوئێد و ئاڵمان له‌چیدا ده‌بینن؟
3. ئایا بۆ که‌سێک که له ئێران دیپلۆمی وه‌رگرتووه، واته به‌گشتی 12 ساڵی خوێندووه، له وڵاتی سوئێد یان ئاڵمان پاش فێربوونی زمان پێویست به کۆنکۆر واته ئیمتحانی دانیشگا هه‌یه یان نا؟ ئه‌گه‌ر به‌ڵێ، ئه‌م ئیمتحانه له‌گه‌ڵ هی ئێران چه‌نده جیاوازه؟
4. ڕۆژنامه‌وانێک چۆن سه‌رکه‌وتوو ده‌بێت له کاره‌کانیدا؟ یان پێویستی به چییه بۆ ئه‌م سه‌رکه‌وتنه؟
5. پاش ئه‌و ماوه‌یه که له ئه‌ورووپا ژیاوی ، ئێستا چه‌نده باوه‌ڕت به خودا هه‌یه؟
سه‌رکه‌وتووبیت و خودات له‌گه‌ڵ
کاک شاداب،
وێرای سڵاو و ڕێز بۆ ئێوه‌ش، ئه‌و پرسيارانهی که کردووتانه ههويرێکن که زۆر ئاو ده‌با و هه‌رکاميان ڕه‌نگه کتێبێکيان بوێ. سه‌ره‌ڕای وه‌ی هه‌وڵ ده‌ده‌م به کورتی وڵاميان بده‌مه‌وه:
1. ئه‌من پێم وايه که ئێوه ناتانهه‌وێ که من ڕهستهکانی کتێبه تايبهتييهکانتان بۆ ڕێژ بکه‌م، به‌ڵکوو گه‌ره‌کتانه که به زمانێکی پاراو و خۆمانه بيروبۆچوونی خۆمتان له سه‌ر ئه‌م بابه‌ته بۆ باس بکه‌م. ڕۆژنامه‌گه‌ری و ياخود به گشتی مێدياکانی چاپی و ئهلێکترونيکی له ئێران و کوردستان و ئه‌وروپا (بۆ وێنه ئاڵمان) له زۆر بواردا جياوازيان پێکه‌وه هه‌يه. له به‌شی ڕۆژنامه‌وانی و هه‌واڵنێریش وه‌ک به‌شه‌کانی تری کۆمه‌ڵ مکاتيب و بيروبۆچوون و پێناسه‌ی جياواز هه‌ن. بۆچوونی دێمۆکراتيکی زاڵ، مێدياکان ـ وێرای حکومه‌ت، پاڕڵمان و دادوه‌ری ـ به هێزی چواره‌م داده‌نێ و گرينگرتين ئه‌رکه‌کانی، ئه‌وانه‌ی خواره‌وه دياری ده‌کا:
يه‌ک: ئاگادارکردنه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ر له ڕووداوه‌کان،
دوو: ته‌حليل و شرۆڤه‌ی گرينگترين ڕووداوه‌کان (وه‌ک هه‌ڵوێستی ده‌وڵه‌ت، ياساکانی ده‌رچوو له پارڵمان، ...)،
سێ: کۆنترۆڵ و له‌قاودانی هه‌ڵه‌کانی ده‌وڵه‌ت و نوێنه‌رانی خه‌ڵک و
چوار: دانی هيندێک سێرويس و خزمه‌ت وه‌ک بڵاوکردنه‌وه‌ی فيلمی جۆراجۆر بۆ مه‌به‌ستی جۆراجۆر.
مێدياکان ده‌بێ به پێی فه‌لسه‌فه‌ی وجودی خۆيان سه‌ربه‌ست و سه‌ربخۆ بن. ڕۆژنامه‌وان و هه‌واڵنێر ده‌بێ وه‌ک نوێنه‌ری پارڵمان مهسونييهتی شوغڵی و ئهمنييهتی و سياسی هه‌بێ.
نيزامی مێديای هه‌ر وڵاتێک ئاوێنه‌ی نيزامی سياسی ئه‌و وڵاته‌يه: هه‌ر چه‌ند نيزامی سياسييهکه دێمۆکراتيک بێ، به هه‌مان ڕاده سيسته‌می حاکم به سه‌ر مێدياکاندا دێمۆکراتيکه. پێچه‌وانه‌که‌شی ڕاسته. ئێران وڵاتێکی نادێمۆکراتيکه، هه‌ر بۆيه‌ش مێدياکانی نه ته‌نيا ئازاد نين، نه ته‌نيا بيروباوهڕێ دێمۆکراتيک و پێشکه‌وتووانه بڵاو ناکه‌نه‌وه، به‌ڵکوو ئامرازی فريو و سه‌رکووت و وه‌دواخستنی خهڵکيشن. مێدياکانی ئه‌وروپا شتێکی نه‌رێنی زۆر بچووک گه‌وره ده‌که‌نه‌وه و حکومه‌ت ناوێرێ ده‌نگێ ده‌ربێ له ترس زمانی مێدياکان. زۆر جاران هه‌ڵه‌يه‌کی بچووکی حکومه‌ت ئه‌وه‌نده گه‌وره ده‌که‌نه‌وه، ئه‌وه‌نده‌ی باس ده‌که‌ن، تا ئه‌و که‌سه‌ی هه‌ڵه‌ی کردووه له‌سه‌ر کار لاده‌چێ يا لای ده‌به‌ن. به‌ڵام له ئێران به پێچه‌وانه‌که‌ی ده‌بينين: ڕاديۆ و تهلهويزيۆنی حکومه‌تی که به پێی ياسا له ژێر چاوه‌دێری "ڕێبه‌ر" دايه و ناوبراو سه‌رۆکه‌که‌ی دياری ده‌کا، ئاگای له ڕێپێوان و ميتينگ و کوشت و کوشتاری خه‌ڵک (بۆ وێنه ئه‌وه‌ی که له ساڵی 60ی کۆچی هه‌تاوی له لايه‌نگرانی موجاهيدينی خه‌ڵقی ئێران له شه‌قامی جامیجهمی تاران که ڕاديۆ و تهلهويزيۆنهکهش هه‌ر له‌وێيه، کرا، نييه، به‌ڵام ئاگای له فڵان چاپه‌مه‌نی فيسار وڵاتی ئافريقايی هه‌يه که به "شۆڕشی ئيسلامی ئێران وه‌ک هيوای مهستهزعهفانی جيهان" هه‌ڵکوتووه!
ڕۆژێکی که‌سێک له ئێران لێی پرسيم: "ئه‌رێ جياوازی بهينی تهلهويزيۆنی ئێران له گه‌ڵ ئاڵمان چييه؟" وڵامم داوه: "جياوازييهکهيان به قه‌رای زه‌وی و ئاسمانه. خوڵاشان يه‌ک نييه. شه‌وێ که تهلهويزيۆنی ئاڵمان سه‌ير ده‌که‌ی، ئه‌و تهسهوورهت دێته مێشکێوه که تهوهڕڕووم و گرانی دار و به‌ردی داگرتووه، بێ‌کاری زۆری په‌ره هه‌ستاندووه، له به‌ر جينايت له سه‌ر شه‌قامه‌کان منداڵه‌کانت نابێ بنێرێ ده‌رێ، ... به‌ڵام به‌يانی که دێيه ده‌رێ و ده‌چێ سه‌ر کار يا بازاڕی هه‌ست به هيچ جياوازييه‌ک لانی که‌م به نيسبه‌ت مانگێک له‌مه‌و پێش ناکه‌ی. که چی تهلهويزيۆنی حکومه‌تی ئيسلامی ئێران سه‌داسه‌د به پێچهوانهکهيهتی: شه‌وێ به ديتنی به‌رنامه‌کان هه‌ست ده‌که‌ی که ئه‌وه ئه‌تۆی له هه‌ڵه دای. ده‌نا له‌م وڵاته دار و دنيا لايه‌نگر و کوشته و مردووی ئه‌م حکومه‌ته‌ن، خه‌ڵک بۆ به‌رنامه‌کانی ره‌سمی حکومه‌ت سه‌ر و ده‌ست ده‌شکێنن و ئێران به گشتی "مهدينهی فازيڵهيه". به‌ڵام به‌يانی که دێيه ده‌رێ هه‌وه‌ڵين که‌سانێک که دهيانبينی، توک و دوعای نابهخێر بۆ حکومه‌ت ده‌نێرن، به زه‌وی و زه‌مان جنێو ده‌ده‌ن و نارهزايهتی ده‌رده‌بڕن. ئه‌وه‌يه جياوازی تهلهويزيۆنی ئاڵمانی فێدڕاڵ و ئێرانی ئيسلامی." ده‌يان جار له خه‌ڵکی ئێرانم بيستووه که "ڕۆژنامه و ڕاديۆ ـ تهلهويزيۆنی ئێران له سه‌ر درۆ ساخ بۆته‌وه". نيشانهکهشی ئه‌وه‌يه که به ميليۆن که‌س له ئێران ماهوارهيان هه‌يه و خۆيان له مێديای ئێران بێنياز کردووه. سه‌يری ئاماری خوێندنه‌وه‌ی ڕۆژنامه حکومه‌تی و سوپسيدکراوهکانی ئێرانی هه‌فتا ميليۆنی بکه‌ن، ده‌رده‌که‌وێ که خه‌ڵک چهندهيان به‌قا به ڕژيم و ڕۆژنامهکانێتی. تازه ده‌يان هه‌زار ئۆرگان و ئيداره و مه‌دره‌سه و زانکۆ و ئينستيتۆ و ... هه‌ن که ئه‌م ڕۆژنامانه ئابونهن و يان ده‌بێ ئابوونه بن. ئه‌گه‌ر سوپسيدی حکومه‌تی له کاغه‌ز و به گشتی يارمه‌تی ماڵی ده‌وڵه‌ت له‌و جهريدانه ببڕدرێ، پێم وانييه که ڕۆژێک بتوانن ده‌وام بێنن. مێدياکانی حکومه‌تی له ئێران له ڕاستیدا ئۆرگانی تهبليغی و ئايدۆلۆژيکی ده‌وڵه‌تن و کاريان تهوجيهی سياسه‌ته‌کانی ڕژيمه بۆ خه‌ڵک. مێديای سه‌ربه‌خۆ و ئهوڕۆيی ناتوانێ له وڵاتێکی وه‌ک ئێران ده‌وام بێنێ.
مێدياکانی ئێران ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ڕاسته‌قينه‌ی فه‌رهه‌نگی خه‌ڵکانی ئێرانی ئيسلامی، ته‌نانه‌ت له باری ئايينیشهوه نين. نموونهيهک: هه‌روه‌ک ده‌زانين به‌شێکی به‌رچاو له خه‌ڵکی ئێران نه شيعه‌ن و نه فارس. که چی مێدياکانی ئێران که به پووڵ و پاره‌ی خه‌ڵکی ئێران، له کورده‌وه بگره تا فارس و تورک و به‌لوچ و تورکه‌مه‌ن و عه‌ره‌ب، له سوننييهوه بگره تا شيعه و غه‌يری موسڵمان، دامه‌زراون و ئيداره ده‌کرێن، ته‌نيا له‌سه‌ر بنه‌مای شيعه و بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م ئائينه و به نيسبه‌ت چاپهمهنييهکان ته‌نيا له‌سه‌ر زمانی فارسی داندراوه. ئه‌وه غه‌درێکی گه‌وره‌يه که له خه‌ڵکی غه‌يری شيعه و غه‌يری فارسی ئێران ده‌کردرێ. ئه‌نجامی ئه‌م سياسه‌ته‌ی حکومه‌ت ئه‌وه‌يه که له شاری سووننینشين، له راديۆ ـ تهلهويزيۆن بانگی شيعه بڵاو ده‌بێته‌وه، نه ئی سووننی، به‌رنامه‌کان به‌ر پايه‌ی تهعتيلاتی ئائينی شيعهيه نه سووننی و له‌مه قه‌باعه‌تتر: هه‌ر چی چاپه‌مه‌نی ره‌سمی هه‌يه به زمانی فارسیيه. چ مه‌نتقێک له ژێر ئه‌م سياسه‌ته‌ی نووستووه: شووينيسمی قه‌ومی و ئائنبی قه‌ومی و مه‌زهه‌بی. ئه‌م بڵاوکراوانه‌ی که به‌تايبه‌تی غه‌يری حکومه‌تین و به زمانی فارسی نين، ده‌بێ هه‌ميشه له مه‌ترسی داخران به هۆی سه‌ربه‌ست بوونيان و ڕاوه‌ستان به هۆی نه‌بوونی سه‌رچاوه‌ی ماڵی دابن. تازه له شاری مێژوويی کورد وه‌ک کرماشان ئيجازه‌ی چاپ و بڵاوبوونه‌وه‌ی بڵاوکراوه‌ی کوردی هه‌ر ناده‌ن!! گه‌لۆ سته‌م له‌وه زۆرتر هه‌يه؟
(بڕوانه سه‌روتاری گۆڤاری "اورامان"، ژماره 1.)
زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ڕۆژنامه‌کانی که به خه‌رجی خه‌ڵکی ته‌واوی ئێران له ئێران ده‌رده‌چن، له شاره‌کانی ناوه‌ندی، به‌تايبه‌تی له تارانێن. ئه‌وه خۆی له خۆیدا حيکايهت له غه‌درێکی بنه‌ڕه‌تی ديکه ده‌کا: کۆبوونه‌وه‌ی هێزی بڕيارده‌ری ڕامياری له ناوه‌ند و تاران. چونکه مێدياکان هه‌ميشه له ناوه‌ندی گرينگی سياسین. که وايه هيچ حيسابێک بۆ به‌شه‌کانی تری ئێران ناکردرێ. بۆ ناکردرێ؟ چونکه له وان خه‌ڵکی غه‌يری فارس ده‌ژين و ئه‌و خه‌ڵکانه‌ش به پێی بۆچوونی شووينيسم بۆيان نييه خاوه‌نی مێديا و ڕۆژنامه‌وان و ڕووناکبيری سه‌ربه‌خۆ و بيرۆکه‌ی سياسی خۆيان بن. حکومهتگهران ده‌زانن که له نه‌بوونی ئازادی ئه‌حزاب ڕۆژنامه‌کان نه‌خشی کۆکه‌ره‌وه و ئاگاکه‌ره‌وه‌ی ڕێکخراوه‌ی سياسی ده‌گێڕن. هه‌ربۆيه هه‌ر بڵاوکراوهيهک که گه‌ره‌کی بێ له‌م نه‌خشه نيزيک بێته‌وه، پێش چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی ده‌گرن.
له کۆتايی ئه‌م به‌شه‌دا سپاس و پێزانينی خۆم ئاراسته‌ی ئه‌و ڕۆژنامه‌وانانه‌ی کوردستان ده‌که‌م که له ئاسته‌م و دژوارترين هه‌لومه‌رجی سياسی و ئابوری‌دا تێده‌کۆشن بڵاوکراوه‌ی به هێز و به‌که‌ڵک ده‌رکه‌ن. هه‌موو ئه‌م ڕۆژنامانه نه‌خشی فه‌رهه‌نگی و زانستی و ڕووناکبيرانهی گرينگيان هه‌بووه. که‌س نييه جێگه و ڕۆڵی ئه‌رێنی "سروه"، "مه‌هاباد"، "ڕۆژهه‌ڵات"، ئاسۆ" "په‌يامی کوردستان" (تا ژماره 34)، ... و ده‌يان بڵاوکراوه‌ی دانيشجوويی به‌رز نهنرخێنێ و به ڕێز و حورمه‌ته‌وه باسی چالاکانی ئه‌م بڵاوکراوانه نه‌کا. به‌راورد و قياسی ئه‌م بڵاوکراوانه له گه‌ڵ بڵاوکراوه‌کانی ئه‌وروپا و ته‌نانه‌ت ئێرانيش نه مووکينه و نه مونسيفانهيه. دۆخێک که ڕۆژنامه‌وانانی کوردستانی ئێران تێيدان زۆر تايبه‌تييه. بڵاوکراوهيهک ده‌بێ ئه‌و تايبه‌تمه‌ندييانه‌ی هه‌بێ که بکرێ له گه‌ڵ بڵاوکراوه‌ی کوردی قياسی بکه‌ين. به‌ڵام هه‌رچی هه‌يه ته‌نيا به هيممه‌تی به‌رپرسیارانی تێکۆشه‌ری ئه‌و بڵاوکراوانه‌وه هاتۆته‌دی و به‌شێکی زۆريان له کات و سه‌رمايه و نانی بنه‌ماڵه‌ی خۆيان بۆ ئه‌م کاره ته‌رخان کردووه و بێ وه‌ی که لايه‌نێکی ره‌سمی پشتيان بگرێ. له کۆتايیدا جگه له ماندوو بوون و هه‌ڵبه‌ت شانازی خزمه‌ت کردن به گه‌ل و نيشتمان و ره‌هه‌ندی ڕووناکبيری کورد چ بۆ ئه‌م به‌ڕێزانه نه‌ماوه‌ته‌وه و نامێنێته‌وه.
2. به نيسبه‌ت جياوازی نێوان ڕۆژنامه‌گه‌ری ئاڵمان و سۆئێد هيچ شتێک ناتوانم بڵێم، چونکه هيچ شارهزاييهکم له سه‌ر مێدياکانی سۆئێد نييه. به‌ڵام کورتهيهکتان سه‌باره‌ت به سيسته‌می مێديای ئاڵمان بۆ باس ده‌که‌م: مێدياکان له ئاڵمان به مانای ڕاسته‌قينه‌ی خۆيان سه‌ربه‌خۆن. ده‌وڵه‌تی فێدڕاڵ و شانزده ده‌وڵه‌تی ئه‌ياله‌تی نه ڕاديۆيان هه‌يه، نه ڕۆژنامه و نه تهلهويزيۆن. ته‌نيا مێدياکانێک که هه‌ر چه‌ند له باری سياسیيهوه سه‌ربه‌خۆن، به‌ڵام به خه‌رجی حکومه‌تی فێدڕاڵ هه‌ڵده‌سووڕێن، ڕاديۆ "دۆيچلاند فونک" و ڕاديۆ و تهلهويزيۆنی "دوێچێ وێلێ" و هه‌فته‌نامه‌ی "داس پارلامێنت"ه. "دۆيچلاند فونک" پێش گۆڕانکانێکانی ده‌يه‌ی نه‌وه‌دی زائينی بۆ ئاڵمانييهکانی نيشته‌جێی ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا، به تايبه‌تی "ئاڵمانی ڕۆژهه‌ڵات"، داندرا بوو. پاشان که "ئاڵمانی ڕۆژهه‌ڵات" نه‌ما، کرا به ڕاديۆيهکی ته‌نيا هه‌واڵده‌ری بيست و چوار سه‌عاته بۆ گشت ئاڵمان. "دۆيچێ وێلێ" زمانحاڵی ئاڵمان به گشتی له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵات بوو و هه‌يه. نه پێشتر و نه ئێستا به "کابڵ کاناڵی" ئاسايی له ژوره‌وه‌ی ئاڵمان وه‌رناگيرێ. هه‌فته‌نامه‌ی "داس پارلامێنت"يش بڵاوکراوهيهکی زانستیيه و زۆرتر بۆ زانياری به‌خشين به نوێنه‌رانی پارڵمانی فێدڕاڵ و شانزده پارڵمانی ئه‌ياله‌تی ئه‌م وڵاته له مه‌ڕ پرسه گرينگهکانی ڕۆژ بڵاوده‌بێته‌وه. که‌سانێک که بابه‌ت له‌م بڵاوکراوه‌دا ده‌نووسن، زۆرتر پسپۆران و زانايان و مامۆستايانی زانکۆکانن له بواره‌کانی جۆراجۆردا. ته‌واوی چه‌ند هه‌زار بڵاوکراوه‌ی ڕۆژانه و هه‌فتانه و مانگانه‌ی ئه‌م وڵاته، سه‌دان ئيستگای ڕاديۆ و زۆرتر له سی کاناڵی تهلهويزيۆنی سه‌رانسه‌ری ئه‌م وڵاته پهيوهندێکيان به ده‌وڵه‌ته‌وه به باش و خراپه‌وه نييه و له هه‌موو بارێک‌دا سه‌ربه‌خۆن.
پر خوێنهرترين ڕۆژنامه‌کانی ئه‌م وڵاته ئی لايه‌نه جۆراجۆره‌کانی سياسیين و به پێی سووننهت و سيسته‌می فێدڕاڵی ئه‌م وڵاته له ئهيالهتهکانی جۆراجۆر ده‌رده‌چن و به‌ڵام له گشت ئاڵمان بڵاوده‌بنه‌وه. بۆ وێنه موعتهبهرترين گۆڤار "دێر شپيگێل"ه که ناوه‌نده‌که‌ی له هامبورگه (باکووری ئاڵمان)، پرخوێنهرترين ڕۆژنامه‌ی سياسی "فرانکفۆرتێر ئالگێماينێ تسايتونگه" که له فرانکفۆرت (ناوه‌ندی ڕۆژئاوای ئاڵمان) ده‌رده‌چێ؛ له مونيخ وه‌ک ناوه‌ندێکی باشووری ئه‌م وڵاته ڕۆژنامه‌ی پڕخوێنه‌ری "زۆددۆيچێتسايتونگ" ده‌رده‌چێ و له گشت ئاڵمان خوێنه‌ری هه‌يه. ڕۆژنامه ده‌سته چه‌پی و به‌نێوبانگی "دی تاگێستسايتونگ" له بێرڵين ده‌رده‌چی. که وايه نه ته‌نيا بڵاوکراوه ههرهگرينگهکانی ئاڵمان ته‌نيا له شار و ئهيالهتێک کۆنه‌بوونه‌ته‌وه، به‌ڵکوو هه‌ر ناوچه و ئهيالهتێک بڵاوکراوهيهکی هه‌يه که گرينگی فێدڕاڵی هه‌يه و له گشت ئاڵمان‌دا خوێنه‌ری هه‌ميشه‌يی خۆی دۆزيوه‌ته‌وه.
تا ئێره باس ته‌نيا له چه‌ند بڵاوکراوه بوون که حه‌وزه‌ی په‌خش و بڵاوبوونه‌وه‌يان گشت ئاڵمانه. به‌ڵام به‌هێزترين و پرخوێنهرترين بڵاوکراوه‌کان ئه‌وانه‌ن که له شاره‌کان و ناوچه‌کان بڵاو ده‌بنه‌وه و پێيان ده‌ڵێن "ڕۆژنامه‌ی ناوچهيی". بۆ وێنه ئه‌م شاره‌ی که من لێی ده‌ژيم ناوه‌ندی سێ ڕۆژنامه‌ی به‌هێزه که دوويان هه‌ر له‌م شاره چاپ ده‌بن و ئه‌وی سێههمينيان له پايته‌ختی ئه‌م ئهيالهته و لێره ته‌نيا به‌شی ئه‌م شاره‌ی پێ زياد ده‌کردرێ. گشت ئه‌م بڵاوکراوانه ئی به‌شی تايبهتين و هيچ سوپسيد و يارمهتێک له حکومه‌ت وه‌رناگرن.
سيسته‌می راديۆ و تهلهويزۆنی ئاڵمان به کورتی به‌م چهشنهيه:
يه‌ک: به‌شێک له وانه "گشتين" که له ڕێگای 1. ڕێکلام و 2. "عهواريزی راديۆ ـ تهلهويزۆنی" ته‌ئمين ده‌کرێن که مانگانهيه، به‌ڵام هه‌ر سێ مانگ جارێک وه‌رده‌گيرێ، به‌م مه‌رجه‌ی که راديۆ و تهلهويزيۆنت هه‌بێ و خاوه‌ن داهات بی.
دوو: به‌شێکيان تايبهتين که ته‌نيا له ڕێگای ڕێکلام و تهبليغهوه تهئمينی ماڵی ده‌کردرێن.
سێ: ده‌سته‌يه‌ک تهلهويزۆن هه‌ن که "پێی تی‌وی"يان پێده‌ڵێن و ده‌بێ خۆت ئابونه بکه‌ی و مانگانه پاره‌يه‌ک بده‌ی که دهزگايهکت بده‌نێ و کۆدێک که ئه‌م به‌رنامانه و کاناڵانه‌ی ئه‌م شيرکهتهی بتوانی پێ بگری.
به پێی سيسته‌می سياسی فێدڕاڵی ئاڵمان سيسته‌می ڕاديۆ ـ تهلهويزۆنی "گشتی" ئه‌م وڵاته‌ش فێدڕاڵه. ئه‌م ڕاديۆ تهلهويزۆنه بريتييه له پێنج به‌ش:
يه‌ک: يازده ناوه‌ندی راديۆ ـ تهلهويزۆنی شازده ئه‌ياله‌تی ئاڵمان (راديۆ ـ تهلهويزۆنی چه‌ند ئهيالهت پێکه‌وه تێکه‌ڵ بوون و ناوه‌ندی ناوچهيی راديۆ ـ تهلهويزۆنی هاوبهشيان پێک هێناوه) که بۆ ئه‌و ناوچه و ئهيالهتانه به‌رنامه‌ی راديۆيی و تهلهويزيۆنی بڵاو ده‌که‌نه‌وه (و به ناوی "پرۆگرامی سێهه‌م" واتا "Dritte Programme" ناويان ده‌رکردووه)؛
دوو: شهبهکهيهکی فێدڕاڵ (به ناوی "شه‌به‌که‌ی يه‌ک" واتا "ARD") که ئه‌و يازده ناوه‌نده پێکيان هێناوه و به‌رنامه‌ی ده‌ده‌نێ؛
سێ: چه‌ند کاناڵی خه‌به‌ری (وه‌ک "Phoenix")، فه‌رهه‌نگی (وه‌ک "Arte") و مناڵان (وه‌ک "Kinderkanal") که له سه‌رانسه‌ری ئاڵمان دهبيندرێن و ئه‌م يازده کاناڵه‌ی ئه‌ياله‌ته‌کان و "شه‌به‌که‌ی دوو" تهئمينی ماڵی ده‌که‌ن؛
چوار: "شه‌به‌که‌ی دوو" (واتا "ZDF") کاناڵێکی سهرانسهرييه و په‌يوه‌ندێکی زۆری به شه‌به‌که‌ی يه‌ک و يازده ناوه‌ندی ڕاديۆ ـ تهلهويزيۆنی ئه‌م وڵاته‌ی نييه و مێژوويه‌کی ديکه‌ی هه‌يه.
پێنج: هه‌روه‌تر چه‌ند کاناڵی هاوبه‌شی چهندوڵاتی هه‌ن، بۆ وێنه "3 Sat" که ئی ئاڵمان و سويس و ئۆتريشه و له هه‌ر سێ وڵاتان به زمانی ئاڵمانی بڵاوده‌بێته‌وه.
ئه‌م "عهواريزهی ڕاديۆ ـ تهلهويزۆن"هی که له سه‌ره‌وه باسم کرد، به پێی جه‌دوه‌لێک و بڕياری کۆميسۆنێک که نوێنه‌ر و سه‌رۆک وه‌زيری ئهيالهتێک به‌ڕێوه‌ی ده‌با، مابهينی شه‌به‌که‌ی يه‌ک (وه‌ک کاناڵی هاوبه‌شی ئه‌ياله‌ته‌کان) و شه‌به‌که‌ی دوو و پاشان مابهينی يازده کاناڵ و ناوه‌ندی ڕاديۆ ـ تهلهوزيۆنی دابه‌ش ده‌کرێ.
هه‌ر يه‌ک له‌م يازده کاناڵ و ناوه‌ندی ڕاديۆ ـ تهلهويزۆنه ئهيالهتيانه له لايه‌ن کۆميسۆنێکهوه به‌ڕێوه‌ده‌چێ که نوێنه‌رانی هێزه گرينگ و سه‌ره‌کييه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگای ئه‌و ئهيالهتانه (وه‌ک حيزبه‌کان (چ ئه‌وانه‌ی له حکومه‌ت دان و چ ئه‌وانه‌ی له ئۆپۆزيسيۆن دان)، ئيتيحاديهکان، هه‌ر دووک کليسای پرۆتستان و کاتۆليک، ...) تێيدا به‌شدارن.
که وايه حکومه‌ت نه راديۆی هه‌يه، نه تهلهويزيۆنی هه‌يه، نه ڕۆژنامه‌ی هه‌يه و نه گۆڤاری هه‌يه.
شتێکی زۆر گرينگی ئه‌م سيسته‌مه "گشتیيه" ("شه‌به‌که‌ی هه‌وه‌ڵ") ئه‌وه‌يه که ئه‌وه ناوچه‌کان و ئهيالهتهکانن که تهلهويزيۆنی سه‌رانسه‌ری ساز ده‌که‌ن و برنامه‌ی ده‌ده‌نێ و نه به پێچه‌وانه‌که‌ی. که وايه ناوه‌ندی راديۆ ـ تهلهويزيۆنی ئه‌ياله‌ته‌کان لق و شۆعبه‌ی راديۆ ـ تهلهويزۆنی ناوه‌ندی نين، به‌ڵکوو به پێچه‌وانه‌که‌ی. دوو ناوه‌ندی خه‌به‌ر هه‌ن که يه‌کيان له هامبورگه و ئه‌وی ديکه‌يان له بێرڵين. ته‌فسيری خه‌به‌ره‌کان که زۆر گرينگه و ڕای گشتی ئه‌م وڵاته فۆرم ده‌دا، هه‌ر جارێ ئهيالهتێک دێیدا (ئه‌م تهفسيره جارێک له مونيخهوه دێ، جارێک که ويسبادنهوه، جارێک له بێرڵينهوه، جارێک له کۆڵنه‌وه، ...). ته‌نانه‌ت ناوه‌ندی تهلهويزيۆنی سه‌رانسه‌ری ("شه‌به‌که‌ی دوو") له ماينسه ونه‌ک له بێرڵين، پايته‌ختی ئه‌و وڵاته.
3. پرسياری سێهه‌مت ئه‌وه‌يه که گه‌لۆ له سۆئێد و ئاڵمان کۆنکۆر هه‌يه. هه‌روه‌ک که وتم زانياريم له سه‌ر سۆئێد نييه، به‌ڵام له ئاڵمان حه‌وت خانی رۆسته‌م به ناوی "کۆنکۆر" نييه. ته‌نيا ڕشته‌ی پزيشکی تێستێکی هه‌يه. به‌ڵام به‌هه‌ر حاڵ له‌م وڵاته شتێکمان به ناوی ئه‌زمون و تاقيکردنه‌وه‌ی سه‌رانسه‌ری "کۆنکۆر" نييه، به پێچه‌وانه: ده‌وڵه‌تی ئاڵمان هه‌وڵێکی زۆر ده‌دا که ديپڵۆمهکان بچن بۆ زانکۆ، چۆنکه لێره وه‌ک ئێران خه‌ڵک گه‌ره‌کيان نييه به هه‌ر قيمهتێک بچن بۆ زانکۆ. ته‌نيا بيست و پێنج له سه‌دی گروپی ته‌مه‌نی ديپڵۆمه ده‌چنه زانکۆ.
ده‌رس خوێندن له زانکۆ تا ماوه‌يه‌ک له مه‌و به‌ر به گشتی به‌خۆڕايی بوو، به‌ڵام ماوه‌ی چه‌ند ساڵێکه که له هيندێک له ئه‌ياله‌ته‌کان (هه‌ڵبه‌ت نه‌ک له هه‌موويان) "شههرييه"يه‌کی که‌م وه‌رده‌گرن. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و دانيشجويانهی که داهاتيان نييه، ده‌وڵه‌ت بورسيان ده‌داتێ که چوار ساڵ دوای ته‌واو بوونی دهرسهکهيان په‌نجا له سه‌دی ئه‌م پاره‌ی وه‌ريان گرتووه (هه‌ڵبه‌ت ته‌نيا ئه‌گه‌ر کار و داهاتيان هه‌بێ) ده‌ی ده‌نه‌وه به ده‌وڵه‌تێ و نيوهکهی ديکه‌يان پێ ده‌به‌خشن. ئه‌وه‌ش لێره‌دا ئاماژه پێبکه‌م که ئێره وه‌ک ئێران نييه که تا گشت پووڵی دانيشگات نه‌دابێته‌وه، مهدرهکهکهت نه‌ده‌نه‌وه، به‌ڵکوو پووڵت وه‌رگرتبێ يا وه‌رنه‌گرتبێ، خاريجی بی يا ئاڵمانی، هه‌وه‌ڵين ڕۆژه‌کانی ته‌واو بوونی ده‌رسه‌که‌ت مهدڕهکهکهت ده‌ده‌نێ.
به گشتی له‌م وڵاته به مه‌رجێک که نيشته‌جێی ئێره بی، له ڕۆژی ئه‌وه‌ڵی چوون بۆ باخچه‌ی مناڵان (مه‌هدی کوده‌ک، کودکستان) تا ده‌بی به پڕۆفێسۆر ئه‌وه‌نده‌ت ده‌ده‌نێ که پێی بژيت. ئه‌وه‌ش له کاتێکدا که ئه‌و وڵاته قهترهيهکی نه‌وت و گاز نييه و ته‌نيا به ماڵيات و عاره‌قه‌ی کاری خه‌ڵکه‌که‌ی به‌ڕێوه ده‌چێ.
ئه‌گه‌ر که‌سێک له ئێران ديپڵۆمی وه‌رگرت بێ، پێش ئه‌وه‌ی که لێره بچێته دانيشگايه، ده‌بێ ده‌وره‌ی يه‌ک ساڵه‌ی کالێج ببينێ که هه‌ڵبه‌ت تێیدا زمانی ئه‌و ڕشته‌ی فێرده‌بێ که قه‌راره له دانيشگايه بيخوێنێ و زۆرتر ده‌رسه‌کانی ده‌بيرستان به زمانی ئاڵمانی دووپات ده‌بنه‌وه.
4. ده‌پرسن که ڕۆژنامه‌وانێک ده‌بێ چ بکا که سه‌رکه‌وێت. وڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسياره‌م پێ زه‌حمه‌ته. بۆ وه‌ی که ده‌بێ ڕوون بێته‌وه که يه‌ک) مه‌به‌ست له "سه‌رکه‌وتن" چييه، دوو مه‌به‌ست له ڕۆژنامه‌وانی کام وڵاته. به هه‌ر حاڵ، مه‌به‌ست هه‌رچی بێ، ئه‌م کاره له ئێرانی ئه‌وڕۆ ئه‌گه‌ر ناموومکين نه‌بێ، زۆر زۆر چه‌تونه. ڕۆژنامه‌وانی ئێران له‌م شوغڵه شه‌ريف و گرينگه، خۆی و بنه‌ماڵه‌که‌ی پێ به‌ڕێ ناچێ، ناتوانێ به ئازادی بيروڕای خۆی ده‌رببڕێ، هيچ چه‌شنه ئهمنييهتێکی شوغڵی و گيانی نييه، ده‌بێ خۆسانسۆری بکا، به حکومه‌ته‌وه هه‌ڵبڵێ، له ئه‌ده‌بياتی وان که‌ڵک وه‌رگرێ، ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌ست و سه‌ربه‌خۆ بێ، ده‌بێ لاقێکی له مه‌حکه‌مه و زيندان و لاقێکی له ده‌فته‌ری ڕۆژنامه‌که‌ی بێ. له حاڵێکدا ڕۆژنامه‌وانانی وڵاتانی دێمۆکراتيک له ڕاده‌ی سياسه‌تمه‌دارانی پايهبهرزی وڵات دان، ئه‌وه سياسهتمهدارهکانن که چاويان له زاری ڕۆژنامه‌وانانه و نه به پێچه‌وانه‌که‌ی. ڕۆژنامه‌وانان له پرداهاتترين توێژه‌کانی ئه‌م وڵاتانه‌ن.
5. له وڵامی پرسياری ئاخيريشتدا بڵێم، من هومانيستم؛ باوه‌ڕم به يه‌کسانی مرۆڤ هه‌يه؛ نرخ و بايه‌خ و ئهرزيشی هيچ که‌س له لای من به پێی باوه‌ڕی فه‌لسه‌فی و ئايينی وی به‌رزتر يا نه‌زمتر له که‌سێکی تر نييه؛ باوه‌ڕم به به‌رابه‌ری ژن و پياو هه‌يه له ته‌ڵاق، ميرات، مافی ڕاگرتن و گه‌وره‌کردنی مناڵ، له قه‌زاوه‌ت، له سزادان، له سياسه‌ت و کۆمه‌ڵگا و فه‌رهه‌نگدا؛ باوه‌ڕم به وه‌ی هه‌يه که هه‌ر که‌س سه‌ربه‌سته ئايين و مه‌زهه‌ب و مه‌کته‌بی سياسی هه‌بێ يا نه‌بێ، باوه‌ڕم به وه‌يه که که‌س نابێ به حوکمی گۆڕينی باوه‌ڕی دينی خۆی لێپرسينه‌وه‌ی لێبکردرێ، چ بگا به‌وه‌ی که محاکمه بکردرێ و سزا بدرێ؛ باوه‌ڕم به يه‌کسانی و دادپه‌روه‌ری کۆمه‌ڵايه‌تی هه‌يه؛ باوه‌ڕم به جيايی دين له ده‌وڵه‌ت، نيزامی قهزايی، پره‌وه‌رده و ... هه‌يه، باوه‌ڕم به وه هه‌يه که هيچ ئايين و مه‌کته‌ب و نه‌ته‌وه و فه‌رهه‌نگ و زمانێک نابێ خۆی به زۆر به سه‌ر ئايينه‌کان و مهکاتيب و نه‌ته‌وه‌کان و فه‌رهه‌نگه‌کان و زمانه‌کانی تر داسه‌پێنێ و هه‌موو دين و مه‌زهه‌ب و ته‌نانه‌ت باوه‌ڕێکی غه‌يری دينی ده‌بێ بتوانن له هه‌ر شوێنێک که پێيان خۆش بێ، تهبليغی بيروبۆچوونی خۆيان بکه‌ن. به کورتی باوه‌ڕم به دێمۆکراسی ڕاسته‌قينه هه‌يه، ئه‌شکه‌نجه (تهعزير)، به‌رده‌بارانکردن (سه‌نگسار)، قهمچیلێدان (شهللاقکاری) و له‌سێداره‌دانی ئينسانه‌کان به جينايهت دژی به‌شه‌رييه‌ت ده‌زانم.
ڕاگه‌ياندنی کوردی
خوێنه‌رێك
سلاو كاك ناسر
1. تو چۆن ده‌روانیته راگه‌یاندنی كوردی له ئێران؟
2. ده‌وری رۆژنامه‌نووسان چون ده‌بینی له كوردستانی ئێران؟
3. رای تو له سه‌ر سایتی دیمانه‌و بۆرۆژهه‌لات چییه؟
خوێنه‌ری هێژا،
له شوێنێکی تری ئه‌م نووسراوهيه ڕای خۆم له سه‌ر ڕاگه‌ياندن و بڵاوکراوه‌کانی کوردی ناو ئێران ده‌ربڕی. ئه‌گه‌ر نه‌توانم بڵێم هه‌مووان، لانی که‌م به‌شێکی هه‌ره هه‌ره زۆری تێکۆشه‌رانی ئه‌م بڵاوکراوانه مه‌به‌ستێکی تريان جگه له خزمه‌تکردن به فه‌رهه‌نگ و زمان و ڕووناکبيری و ڕۆژنامه‌وانی نه‌ته‌وه‌ی کورد نه‌بووه و نييه. هونه‌ری ئه‌سڵی ئه‌وان هه‌يانه که له چکۆڵهترين ده‌رفه‌ت که‌ڵک وه‌رده‌گرن بۆ وه‌ی که کورد له‌م بوارانه‌ی که باسی کرا وه‌پێش که‌وێ. سرووشتييه که له‌وانه‌يه زۆر بابهتيش بڵاو بکه‌نه‌وه که له بواری ناوه‌رۆکه‌وه به دڵی من و ئێوه نه‌بێ. به‌ڵام نه‌فسی بوونيان ئه‌رێنييه و خزمه‌تێکه به ئه‌م کۆمه‌ڵگايه.
ده‌وری ڕۆژنامه‌نووسانی کورد زۆر زۆر گرينگ ده‌بينم و به‌رز ده‌نرخێنم. ئێمه پێويستێکی زۆرمان به ڕۆژنامه‌نووسی سه‌ربه‌خۆ هه‌يه. ڕۆژنامه‌نووس وه‌ک ڕووناکبير هێزی ئه‌سڵی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نين که هابرماس، فيلسوفی مارکسيستی ئاڵمان، وه‌ک "حه‌وزه‌ی گشتی" ناوی لێده‌با.
ماڵپه‌ڕی ديمانه و بۆڕۆژههڵاتم پێ سهرکهوتوويه و به‌دڵه. له دووره‌وه ده‌ستی کاک خاليدی موحه‌ممه‌دزاده ده‌گوشم که داهێنه‌ری ئه‌م شێوازه بووه.
30 مارسی 2008