مێديای ئازاد، مێديای هه‌موو که‌س؟!
تێبينیيه‌کی کورت له‌سه‌ر وتاری کاک خاليدی محه‌مه‌دزاده له ژێر سه‌ردێڕی
"میدیای ئازاد‌و چاوه‌روانیه ئایدئۆلۆژییه‌كان (2)"
ناسر ئێرانپوور
پێم وانيه که له جيهان‌دا مێديايه‌ک هه‌بێ که هه‌موو بير و بۆچوونیک بڵاو بکاته‌وه. هه‌ر مێديايه‌ک چوارچێوه‌يه‌کی هه‌يه. ته‌نيا له‌م چوارچێوه‌ی‌دا بيروڕای جياواز بڵاو ده‌کاته‌وه. ئه‌م چوارچێوه‌يه له هه‌موو وڵاتانی دنيا هه‌يه، به‌ڵام به‌رينايی له وڵاتانی دێمۆکراتيک و نادێمۆکراتيک‌دا جياوازه. که‌وايه له وڵاتانی پێشکه‌وتووش سنورێک بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی بۆچوونه‌کان هه‌يه. بۆ وێنه ئه‌من ناتوانم وتارێک بنووسم و ته‌يدا زۆر به‌ڕێز و حورمه‌ته‌وه بڵێم که به بڕوای من فڵان نه‌ته‌وه نابێ له‌سه‌ر عه‌رز بمێنێ، مرۆڤی بيانی ده‌بێ له‌م وڵاته برۆن، ژن نيوه‌ی پياون، هه‌رکه‌س وه‌ک حکومه‌ت بيرنه‌کاته‌وه ده‌بێ له‌به‌ين بردرێ و هه‌ر که‌س دينی خۆی گۆڕی ده‌بێ وه‌ک "موڕته‌د" حوکمی قه‌تڵی بدرێ، دين له ده‌وڵه‌ت جيا نيه و دێمۆکراسی و فێدڕاليسم ئه‌شێ لابچێ و ...
ئه‌م شتانه نه‌ته‌نيا بڵاو نابنه‌وه، به‌ڵکوو له‌وانه‌يه له گه‌ڵ پاڕێزه‌ری گشتی و مه‌حکه‌مه‌ش گرفتم بۆ ساز بکه‌ن. به کورتی: هيچ بيروباوه‌ڕێکی نادێمۆکراتيک له مێديايه‌کی دێمۆکراتيک بڵاو نابێته‌وه. له‌م وڵاته‌ی که من له‌ی ده‌ژيم (ئاڵمان) چه‌ند حيزبی فاشيستيشی تێدايه که له چه‌ند هه‌زار مێديا و ڕۆژنامه و گۆڤاری چاپی و ئێلێکترونيکی ئازاد و دێمۆکراتيکه‌وه به زه‌ڕڕه‌بينيش نايان بينێوه. له‌م وڵاته‌دا هه‌رکه‌س بڵێ که جينايه‌تی هۆلۆکاوست نه‌کراوه و ئه‌وه سازکراوی يه‌هودييه‌کانه سزای هه‌يه، چ بگا به‌وه‌ی که تريبوونيشی له ئيختيار بنێن. له‌م په‌يوه‌ندييه‌دا ره‌سته‌يه‌ک زۆر به‌کار دێنن: Nulltoleranz gegen Nulltoleranz.
ئه‌م سێ وشه‌يه به‌م واتايه که تۆلێرانست ته‌نيا ده‌بێ له به‌رامبه‌ر که‌سێک و لايه‌نێک هه‌بێ که بۆ خۆی تۆلێرانسی له به‌رامبه‌ر جيابيران هه‌يه. که وايه ناکرێ مێديای خۆت بکه‌يه بڵيندگۆ‌ی که‌سێک که باوه‌ڕی به بوونی ئێوه نييه و ته‌نيا له ئامراز و که‌ره‌سه‌ی ئێوه که‌ڵک وه‌رده‌گرێ بۆ له‌بين بردن و سووک‌کردنی لايه‌نی به‌رامبه‌ری.
ئه‌گه‌ر قه‌رار بێ هه‌ر مێديايه‌ک به بێ جياوازی هه‌موو بيروڕايه‌ک بڵاو بکاته‌وه، ئيتر مێدياکان چ جياوازييه‌کيان له بواری سياسیيه‌وه له‌گه‌ڵ يه‌کتر ده‌بێ؟ ئيتر بۆ قسه له سه‌ر مێديای چه‌پ و ڕاست و ليبراڵ و کۆنزێرواتيڤ ده‌کردرێ؟
کورت و کرمانجی بڵێم که پێم باش نييه مێديايه‌کی ئازاد ببێته به‌ستێن و گۆڕه‌پانێک بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی بيری نائازادی که‌سانێک که له حکومه‌تی ئازادی‌کوژی ئيسلامی ئێران لايه‌نگری ده‌که‌ن. هۆيه‌که‌شی جگه له‌م شته‌ی له‌سه‌ره‌وه باسم کرد، ئه‌وه‌يه که لايه‌نی حکومه‌تی ئيسلامی بۆ خۆی له مێدياکانی‌دا که به پوڵ و پاره‌ی خه‌ڵکی ئێران ده‌رده‌چێ، نه‌ته‌نيا ئيزن به که‌س نادا که بۆچوونه‌کانی خۆی ده‌رببڕێ، به‌ڵکوو هه‌ر مێديايه‌ک که بیهه‌وێ ئازاد بێ، دره‌نگ يا زوو خڕی ده‌کاته‌وه و پێش چالاکی ده‌گرێ. که‌وايه ته‌نيا که‌سانێک و ئه‌م لايه‌نانه‌ی ده‌بێ مافی وه‌يان پێ بدرێتێ که له تريبونی ئێوه‌دا قسه بکه‌ن که پێش قسه‌کردنی ئێوه‌ش له مێديای خۆيان نا‌گرن. به کورتی له دنيای مێديای ڕاسته‌قينه‌ی ئازاد‌دا که‌سێک مافی ده‌ربڕينی بيروڕای سياسی پێده‌درێ که مافی ده‌ربڕينی بيروباوه‌ڕی سياسی له که‌س زه‌وت ناکا. که وايه مێديای ئازاد مێديای هه‌موو که‌س و لايه‌نێک نييه.
17 مای 2008